کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێوه‌ خۆتان ته‌شویشن .. پێویست به‌ ته‌شویشی زیاتر ناکات

Sunday, 24/04/2011, 12:00






که‌ناڵی ئاسمانی (KNN) که‌ ده‌زگای وشه‌ له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌و ساده‌ و ساکارییه‌یه‌وه‌‌، به‌و ئیمکاناته‌ که‌مه‌یه‌وه‌، یه‌کێکه‌ له‌ باشترین که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌‌ کوردییه‌کان.
که‌ناڵی (KNN) له‌ (2008/12/31) وه‌ ده‌ستی به‌ په‌خش کردووه‌ و له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا چ له‌ناوخۆی کوردستان و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به‌خێرایی بینه‌رێکی یه‌کجار زۆری بۆخۆی په‌یدا کردووه‌، به‌ جۆرێک که‌ هیچ که‌ناڵێکی ئاسمانیی کوردی ئه‌وه‌نده‌‌ بینه‌ری نه‌بووه‌ و ئاوا به‌و خێراییه‌ لای خه‌ڵک خۆشه‌ویست نه‌بووه‌.
ئێستا که‌ناڵی (KNN) له‌گه‌لێک ڕووه‌وه‌ گۆڕان و پێشکه‌وتنی پێوه‌ دیاره‌. له‌و که‌ناڵه‌وه‌‌ ڕۆژانه هه‌واڵه‌کانی کوردستان به‌گشتی و باشوری کوردستان به‌تایبه‌تی و هه‌واڵه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌ و جیهان وه‌ک خۆیان بڵاوده‌کرێنه‌وه‌. هاوکات ده‌یان به‌رنامه‌ی ڕۆشنبیری و سیاسی و ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ ماوه‌ی په‌خشی که‌ناڵه‌که‌دا پێشکه‌ش ده‌کرێن.
سیمای هه‌ره‌ سه‌ره‌کیی ناوه‌ڕۆکی وتار و باس و بابه‌ته‌کانی ئه‌و که‌ناڵه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی بابه‌تییانه‌ (ئۆبجه‌کتیڤانه‌) و ڕاستگۆیانه‌، هه‌روه‌ها به‌ زمانێکی ساده‌ و ڕوون و به‌ کوردییه‌کی پوخت و سه‌رده‌مانه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێن.
که‌ناڵی (KNN) هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنییه‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ بووه‌ته‌ چقڵی چاوی ده‌سه‌ڵاتی دز و گه‌نده‌ڵی کوردی و هه‌موویانی خستووه‌ته‌ دڵه‌ڕاوکێیه‌کی به‌رده‌وامه‌وه‌ و تووشی هیستیریای کردوون. چونکه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ ڕۆشنی ئاگاداره‌ که‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ بووه‌ته‌ مینبه‌ری خه‌ڵکی کوردستان و جێیه‌کی بۆ که‌ناڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌.
ماوه‌یه‌که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ته‌شویش ده‌خاته‌ سه‌ر که‌ناڵی (KNN) و ده‌یه‌وێت به‌و ڕێگایه‌ له‌ بینه‌رانی داببڕێت. ئه‌م ڕه‌فتاره‌ هه‌مان ڕه‌فتاری ڕژێمی به‌عسی فاشی و ڕژێمه‌ دیکتاتۆر و فاشییه‌کانی دیکه‌یه‌ که‌ بۆ کوشتن و کپکردنی ده‌نگی ڕاستی په‌نای بۆ ده‌به‌ن.

ڕژێمی به‌عس ساڵانێکی دوورودرێژ، پاره‌ و ئیمکاناتێکی زۆری بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخان کرد، که‌ پێشکه‌تووترین و کاریگه‌رترین جۆری ته‌شویش بخاته‌ سه‌ر ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان و ئیزگه‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن. ڕژێمی به‌عس ڕژێمێکی فاشی و دیکتاتۆر بوو .. باوه‌ڕی به‌ سه‌ره‌تاییترین پریسنسیپه‌کانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ نه‌بوو، بۆیه‌ ئاماده‌بوو هه‌موو ڕێگایه‌ک و هه‌موو شێوازێک بۆ سه‌رکوتکردن و کوشتنی ده‌نگی ئازادیخوازانه‌ و پێشکه‌وتنخوزانه‌ به‌کار بهێنێت.

ده‌سه‌ڵاتی کوردییش‌ که‌ ماوه‌ی بیست ساڵه‌ خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا سه‌پاندووه‌ و به‌رده‌وام داهاتی کوردستان ده‌دزێت و لووش ده‌دات، سه‌رباری ئه‌مانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی کوردستان هه‌رده‌م خه‌ریکی‌ تیرۆر و ترس و تۆقاندنه‌ و له‌وانه‌ زیاتر هیچی دیکه‌ی له‌باردا نییه‌‌.
پدک و ینک، جیا له‌و هه‌موو سانسۆره‌ی که‌ له‌ هه‌موو بوارێکی ڕاگه‌یاندندا سه‌پاندوویانه‌ و جیا له‌وه‌ی که‌ به‌ سه‌دان ڕێگا ڕاستییه‌کان ده‌شێوێنن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ ڕووی قێزه‌ونی خۆیان بشارنه‌وه‌ و دزی و گه‌نده‌ڵییه‌کانیان په‌رده‌پۆش بکه‌ن، دێن ته‌شویش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر که‌ناڵی (KNN).

منیش کورت و پوخت ده‌مه‌وێت پێیان بڵێم ئێوه‌ هه‌رچی ڕاستی هه‌یه‌ ده‌یکوژن و کپی ده‌که‌ن ..هه‌رچی درۆش هه‌یه‌ له‌ جێی ڕاستییه‌کان قوتیان ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌رچی جوان و باشه‌ نایخوازن .. هه‌رچی دز و پیسه‌ له‌سه‌رسه‌ر ڕایده‌گرن. ئێوه‌ به‌م حاڵه‌تانه‌وه‌ خۆتان ته‌شویشن .. پێویست به‌ ته‌شویشی زیاتر ناکات و له‌وه‌ش زیاتر خۆتان ڕسوا مه‌که‌ن.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە