کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌رله‌مانێک بۆ سوکایه‌تی کردن به‌ گه‌ل و وڵات و ته‌نانه‌ت به‌ خودی خۆشیان

Saturday, 12/03/2011, 12:00


ئاکۆ مه‌حموود

مێژووی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی هه‌رێمی کوردستان نیشانیداوه‌ که‌ چ ئه‌وده‌می که‌ له‌ شاخ بوون و چ ئه‌م ساڵانه‌ش که‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست، هه‌رگیز په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کتر قبوڵکردن و ڕێزگرتن له‌ بوون و ئیراده‌ی یه‌کتر نه‌بووه‌. به‌ڵکو له‌گه‌رمه‌ی ئاشتی و په‌یمان به‌ستندا، به‌ نهێنی و نیمچه‌ نهێنی خه‌ریکی پیلانگێڕان له‌ یه‌کتری و سوککردن و ناوزڕاندنی یه‌کتری بوون.

ڕابووردووی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌ ڕۆشنی ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ که‌ دوو لایه‌نی سیاسیی دژ به‌ گه‌ل و نیشتمانن. دوو لایه‌نن به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بیریان لای خۆیان و ده‌سه‌ڵات و داهاته‌، چاره‌کێکی ئه‌وه‌ بیریان لای نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان نییه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حیزب و لایه‌نێکی دیکه‌ش بیری لای نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان بووبێت، ئه‌وان به‌ کاڵفام و بێ ئه‌زموون و ناکامڵیان زانیون.

بێگومان له‌ نێو ڕیزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامی دڵسۆز و پاک و نیشتمان په‌روه‌ر هه‌بوون و هه‌ن. من ڕووی قسه‌م له‌وانه‌ نییه‌ و باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌گه‌ر ترووسکاییه‌ک له‌و دوو لایه‌نه‌دا هه‌بووبێت و مابێت، هه‌ر ئه‌وانه‌ن. ئه‌گینا ئه‌و دوو لایه‌نه‌ به‌گشتیی، له‌ سه‌نگه‌ری دژی گه‌ل و وڵاتدان و جێی ئومێدی هیچ لایه‌ک نین.

عه‌قڵی سه‌رکرده‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان هه‌مان عه‌قڵی ساڵانی 1964 ــ 1970یه‌. نه‌ گۆڕرواوه‌ و نه‌ ده‌شگۆڕرێت. چه‌قی به‌ستووه‌ و ده‌قی گرتووه‌.

ئه‌و عه‌قڵه‌ هێنده‌ ته‌سک و کورتبین و دواکه‌وتووه‌، که‌ نه‌ک هه‌ر له‌ نێو کوردستاندا، بگره‌ لای بێگانه‌کانیش بووه‌ته‌ مایه‌ی گاڵته‌جاری و گه‌لێک نووکته‌ و به‌سه‌رهاتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یان لێ درووست کردووه.

ئه‌و عه‌قڵه‌، هێنده‌ دواکه‌وتووه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ژماره‌ش بۆ سوکایه‌تی کردن به‌ یه‌کتر به‌کار ده‌هێنێت. کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ حاڵه‌تی هیستیرییدا بیه‌وێت ناوی‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌کار ببات، ده‌ڵێت: 66. مه‌به‌سته‌که‌شیان ڕۆشنه‌ و پێویست به‌ لێکدانه‌وه‌ ناکات. کاتێکیش یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ حاڵه‌تێکی وادا ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان ببات، ده‌ڵێت: 31ی ئاب. جارانیش ده‌یان گوت: 74.

ساڵه‌کانی 1981 ــ 1984 ڕێکخستنه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ شاره‌کانی کوردستان، له‌سه‌ر هه‌زاران دیواری ماڵان و قوتابخانه‌ و فه‌رمانگه‌کان، جنێوی زۆر ناشیرین و دواکه‌وتووانه‌یان له‌ دژی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌نووسی و زۆربه‌ی جار ژماره‌ی 66یشیان له‌ پاڵدا ده‌نووسی. ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌، ده‌یاننووسی 74. چاکم له‌ بیره‌، له‌سه‌ر دیواری قوتابخانه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی که‌ نزیک ماڵه‌که‌مان بوو، جنێوێک له‌دژی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نووسرابوو. ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش چووبوون، ژماره‌ 66ه‌که‌یان کوژاندبووه‌وه‌ و له‌ جێی نووسیبوویان 74. به‌کورتییه‌که‌ی ماوه‌ی چه‌ند ساڵ کار و تێکۆشانی ڕێکخستنه‌کانیان هه‌ر کوژاندنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ژمارانه‌ بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌و ساڵانه‌ گوێمان له‌ ڕادیۆکانیان‌ نه‌گرتایه‌ و نووسراوه‌کانیانمان ده‌ست نه‌که‌وتایه‌، که‌ سه‌راپا جنێو و سوکایه‌تی کردن بوو به‌یه‌کتر و سه‌دان جار ئه‌و ژمارانه‌ له‌ جێی ناوه‌کانیان به‌کار ده‌هێنرا، ڕه‌نگه‌ بمان گوتایه‌ نووسینی سه‌ر دیواره‌کان کاری هه‌رزه‌ی نێو ڕێکخستنه‌کانیان بووه‌، نه‌ک سه‌رکرده‌کانیان!

ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان پاش بیست ساڵ ئه‌زموونی حوکمڕانی .. پاش تێپه‌ڕاندنی ده‌یان قۆناغی شه‌ڕ و ئاشتی .. له‌ کاتێکدا که‌ ڕێکه‌وتنی ستراتیژیی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، هێشتا وازیان له‌و عه‌قڵیه‌ته‌ نه‌هێناوه‌ و هه‌ر کاری پێده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر له‌ میدیاکانی خۆیاندا تاڕاده‌یه‌ک زمانه‌که‌یان گۆڕیوه‌، ئه‌وا له‌و میدیایانه‌دا که‌ بێچووی خۆیانن و له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تییه‌کانیانه‌وه‌ کۆمه‌ک و پشتیوانی ده‌کرێن، هه‌مان ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ له‌بره‌ودایه‌ و و نایانه‌وێت له‌کار بکه‌وێت!

که‌مال که‌رکوکی که‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستانه‌، له‌گه‌رمه‌ی ئاشتیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا، له‌ ساتێکدا که خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان له‌ ئه‌وپه‌ڕی قه‌یران و ته‌نگژه‌دایه‌، ئا له‌و کاته‌دا، له‌ هۆڵی په‌رله‌ماندا و به‌ ئاماده‌یی هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و به‌ به‌ر چاوی چه‌ندین کامێراوه، له‌ کاتێکدا که‌ ده‌یانه‌وێت بزانن چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، به‌ عه‌قڵییه‌ته‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی خۆی قسه‌ ده‌کات و به‌ ئه‌وپه‌ڕی سوکایه‌تییه‌وه‌ ده‌ڵێت: خه‌ریک بوو ببێت به‌ شه‌ست و شه‌ش.
به‌ڵێ، که‌مال که‌رکوکی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌ هۆڵی په‌رله‌ماندا به‌ ئاشکرا و به‌ مه‌به‌ست سوکایه‌تی به‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌کات، ئه‌ی ئاخۆ به‌رامبه‌ر ئۆپۆزیسیۆن و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ چی بکات و چی بڵێت؟! ئه‌ی ئاخۆ به‌رامبه‌ر به‌و جه‌ماوه‌ره‌ که‌ له‌ دژی پارته‌که‌ی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ڕژاوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، چی ده‌ڵێت؟!

له‌ ساتێکی وه‌ک ئێستا هه‌ستیار و له‌ کاتێکدا جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌نگی ناڕه‌زاییان به‌رمبه‌ر ئه‌و هه‌موو دزی و گه‌نده‌ڵی و نا عه‌داله‌تییه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا ڕووده‌دات .. له‌ کاتێکدا که‌ خودی ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت که‌ کێشه‌کان له‌ په‌رله‌ماندا چاره‌سه‌ر ده‌کرێن و داوا له‌ خه‌ڵک ده‌کرێت، چاوڕوان بن له‌ نزیکترین کاتدا، په‌رله‌مان ڕێگاچاره‌ بۆ کێشه‌کان ده‌دۆزێته‌وه‌ و هه‌نگاوی عه‌مه‌لییان بۆ ده‌نرێت، ئا له‌و ساته‌دا په‌له‌مان بووه‌ته‌ جێی سوکایه‌تی و ده‌ربڕینی کۆنه‌قین.

جا ئیدی جه‌ماوه‌ری کوردستان .. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که‌ به‌شی له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر نه‌بوونی و ده‌ربه‌ده‌ری و چاره‌ڕه‌شی بووه‌، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که‌ ساڵه‌هایه‌ دان به‌خۆدا ده‌گرێت و ده‌ڵێت با ئه‌م ئه‌زمونی حوکمڕانییه‌ نه‌ڕووخێت و گه‌شه‌ بکات و پێشبکه‌وێت، ئیدی چاوه‌ڕوانی چی ئومێدێک له‌و په‌رله‌مانه‌ بکات؟!









نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە