کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆیه‌ پێت ده‌ڵێم مامه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چۆله‌که‌م بۆ بگریت

Sunday, 13/12/2009, 12:00


نازانم گه‌ر هه‌موتان ئه‌م په‌نده‌ کوردیه‌تان بیستوه‌ یان نا؟ به‌ڵام به‌راستی ئه‌م په‌نده‌ پڕ به‌ پێستی ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌ڵێت: پشتگیری کردنی ئه‌مریکا بۆ کورد زۆر گرنگتره‌ له‌ دوسێ کورسی په‌رله‌مان!
ئه‌م قسه‌یه‌ خۆی له‌ خۆیدا مانای خۆ به‌‌که‌م زانین‌ و پشت نه‌به‌ستن به‌ خۆمان و بچوککردنه‌وه‌ی ڕۆڵی په‌رله‌مانتاری کورده‌! له‌کاتێکدا هه‌موو پارتێك له‌دنیادا هه‌وڵی کورسیه‌کی زیاد ده‌دات له‌ په‌رله‌ماندا سه‌رۆکی کورد ڕۆڵی په‌رله‌مانتار بچوکده‌کاته‌وه‌و بایه‌خی پێنادات! ئایا پشت به‌ستن به‌ هێزی جه‌ماوه‌ر سه‌رمان ده‌خات یان پشتگیری بێگانه‌؟ ئایا کورد که‌ مێژوه‌که‌ی پڕه‌ له‌ دڵپاکی و ساویلکه‌یی هیچ سودێکی لێ وه‌رگرتوه‌؟ بڕوا نه‌بون به‌خۆ له‌ هه‌موو بڕیارێکی سه‌رکرده‌کانماندا دیاره‌! هه‌ر ئه‌م بڕوا نه‌بون به‌خۆیه‌ بوو وایلێکردن که‌ پاش ڕوخانی سه‌دام زات‌نه‌که‌ن سود له‌و هه‌له‌ زێڕینه‌ وه‌ربگرن و ده‌وڵه‌تی کوردی اعلان که‌ن!
ئایا ئه‌مریکاو هه‌موو زلهێزاکانی دنیا له‌به‌ر چاوی ڕه‌شی خۆمان پشتگیریمان ده‌که‌ن یان ده‌یانه‌وێت چۆله‌که‌یان بۆ بگرین؟ کورد ده‌ڵێ خۆت سه‌ریخۆت نه‌خورێنی که‌س بۆتناخورێنێت! ئایا سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌و هه‌موو نوشوستیه‌ی که‌ له‌ مێژوی کوردا ڕویداوه‌و به‌ بۆنه‌ی پشت به‌ستن به‌ بێگانه‌وه‌ بیر چۆته‌وه‌؟ هه‌ر له‌ ڕوخانی کۆماری مهاباده‌وه‌ تا ئاشبه‌تاڵ و سه‌رنه‌گرتنی یانزه‌ی ئازار و هه‌موو مفاوه‌زاته‌کانی کورد له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌کانی عێراقدا و ده‌یان نوشوستی تر هۆیه‌کانی پشت به‌ستن نه‌بوو به‌ بێگانه‌! ئایا ئه‌و پشتگیریه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم باسی ده‌کات جێی متمانه‌یه‌؟ ئایا وه‌عدو په‌یمانه‌کان ئیمزاکراون یان هه‌ر قسه‌ی سه‌رزاره‌؟ جا با ئیمزاش کرابێت، سه‌رۆکی هه‌رێم بیری چۆته‌وه‌ که‌ هه‌موو زلهێزه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان چۆن له‌ په‌یمانی سیڤه‌ر په‌شیمان بونه‌وه‌.
له‌ کۆته‌ییدا ده‌ڵێم من به‌زه‌ییم به‌ خۆماندا دێته‌وه‌ که‌ له‌جیاتی سه‌رۆکێك دوانمان هه‌یه‌! به‌ڵام یه‌کێکیان هه‌ر خه‌ریکی خزمه‌تکردنی دوژمنه‌و هه‌رچی قسه‌یه‌کیش ده‌کات به‌ زیانی ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وی تریشیان به‌م شێوه‌یه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە