کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌عس زینده‌ به‌چاڵی کردن، ئێوه‌ش ئه‌ی که‌س‌وکاری ئه‌نفال چاڵێك هه‌ڵکه‌نن و خۆتان زینده‌ به‌چاڵ بکه‌ن

Wednesday, 28/04/2010, 12:00


نازانین بۆچی که‌س‌وکاری ئه‌نفاله‌کان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ به‌رامبه‌ر درامای گه‌رمیان و کوێستان؟ یان بۆچی ده‌بێت ئه‌و درامایه‌ سوکایه‌تی کردن بێت به‌ پاشماوه‌کانی ئه‌نفال؟ ڕاسته‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌ندێ که‌م‌وکوڕی تێدایه‌ به‌ڵام له‌ماوه‌ی سیانزه‌ زنجیره‌دا سوکایه‌تیمان نه‌بینی بکرێت به‌ پاشماوه‌کانی ئه‌نفال! یان ئێمه‌ فێر بووین هه‌موو شتێك ناو بنێین سوکایه‌تی!
به‌ڕای من سوکایه‌تی کردن ئه‌وه‌ ده‌بوو که‌ که‌س‌وکارێکی ئه‌نفال کراوه‌کان ببوایه‌ به‌ تیرۆرستێك یان دزوچه‌ته‌ یان هه‌ر کارێکی ناشرینی بکردایه‌ که‌ خه‌ڵك لێی ناڕازی ببوایه‌! به‌ڵام نازانم خۆشه‌ویستی یان شوکردنه‌وه‌ی ژنێك بۆ ده‌بێت سوکایه‌تی بێت؟ ئایا هیچ ژنێك یان کچێکی ده‌زگیرانداری ئه‌نفاله‌کان شوی نه‌کردۆته‌وه‌؟ ئایا پاشماوه‌کانی ئه‌نفال وه‌کو که‌س‌وکاریان ئه‌نفال کران ئه‌وانیش ئه‌نفالی خۆیان بکه‌ن و خۆیان زینده‌ به‌چاڵبکه‌ن چاکه‌؟ یان ژیانی ئاسایی خۆیان ببه‌نه‌سه‌ر و ئه‌و کاره‌ساته‌ چۆکیان پێدانه‌دات؟
من ئه‌م هێرشه‌و ڕاگرتنی پێنیشاندانی ئه‌و زنجیره‌ درامایه‌ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ که‌لتوری سه‌قه‌تی کورده‌واری، که‌ هه‌ر له‌ کۆنیشه‌و ده‌بوو ئه‌و ژنه‌ی مێرده‌که‌ی بمرێت ئیتر ته‌رکی دنیا بکات و به‌دیار مناڵه‌کانیه‌وه‌ سه‌ر سپی بکات، خۆ ئه‌گه‌ر ژنێکیش شوی بکردایه‌وه‌ ده‌که‌وته‌ به‌ر تانه‌و توانجی خه‌ڵك! به‌ڵام بۆ پیاو شه‌رم نیه‌، گه‌ر هێشتا کفنی ژنه‌که‌شی نه‌ڕزیبێت، ژن بهێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌و ژن هێنانه‌وه‌یه‌ش ده‌یان پاساوی بۆ ده‌هێنرایه‌وه‌، وه‌کو، مناڵه‌کانی کێ سه‌ریان بشوا! کێ که‌وچکێ شۆربایان بۆ لێنێ! ماڵ بێ ژن ماڵ نیه‌ و له‌م بابه‌ته‌ پاساوانه! ‌
پاش ئه‌وه‌، ڕاگرتنی زنجیره‌ دراماکه‌ له‌لایه‌ن که‌ناڵی کوردساته‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ڵه‌کانی ئه‌و که‌ناڵه،‌ که‌ به‌بێ ڕوون کردنه‌وه‌ و بێ گوێدانه‌ هه‌ستی بینه‌ر، دراماکه‌ ڕاگرێ و بیده‌نگیشی لێبکات و له‌لایه‌ن که‌ناڵ و ڕۆژنامه‌کانه‌وه‌ هۆی ڕاگرتنی ببیستین! ده‌بوو کوردسات یان ئازایانه‌ به‌رده‌وام بوایه‌ له‌سه‌ر پیشاندان، یان که‌ ڕایگرت، هۆکه‌ی ڕونبکردایه‌وه‌و نوسه‌ر و ده‌رهینه‌ری زنجیره‌که‌ی بهێنایه‌ته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن تا به‌رگری له‌ خۆیان بکه‌ن و ڕاو بۆچونی خۆیان به‌ بینه‌ران بگه‌یاندایه‌! یان کوردسات هێنده‌ تۆقیوه‌ له‌ ڕای جه‌ماوه‌ر، که‌ خێرا دراماکه‌یان ڕاگرت و ووتیان خۆمان گرفتمان که‌م نیه‌ تا ئه‌مه‌شی بچێته‌ بان!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە