کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی شارۆچکه‌ی پیره‌مه‌گروون بۆ ده‌بێ خه‌ڵکی خۆڕاگری پیره‌مه‌گرون له‌جیاتی پاداشت سزابد�

Friday, 25/12/2009, 12:00


ساڵ ساڵی 1988 بوو، تازه‌ سه‌رگه‌ڵوو له‌لایه‌ن به‌عسیه‌کانه‌وه‌ له‌ ئه‌نفالی یه‌ك گیرابوو، دڵمان خوێنی لێده‌تکا، من و دوسێ ئه‌ندازیاری تر له‌ ئیداره‌ محه‌لیه‌وه‌ به‌ڕێکه‌وتین بۆ شارۆچکه‌ی پیره‌مه‌گرون که‌ ئه‌وسا هێشتا ده‌شتێك بوو به‌ نیازی دروست کردنی شارۆچکه‌که ته‌رخانکرابوو‌. که‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ سه‌رمان سوڕما! چونکه‌ بڕوامان نه‌کرد که‌ خه‌ڵکی تێدا بێت به‌ڵام حکومه‌تی زاڵم که‌ خه‌ڵکی دێیه‌کانی دابه‌زاندبوو بێ ئه‌وه‌ی جێیان بۆ دروست بکات فڕێی دابوونه‌ ئه‌و ده‌شته‌وه‌. ئێمه‌ که‌ ئیشه‌که‌مان ئه‌وه‌بوو جێێ قوتابخانه‌و مه‌خفه‌ری شورته‌و خه‌سته‌خانه‌ ده‌ست نیشان که‌ین. له‌ ناکاو ووتیان وه‌رن شێخ جه‌عفه‌ری پارێزگای سلێمانی بانگتان ده‌کات. ئه‌و نامه‌رده‌ کۆی کردینه‌وه‌و ده‌ستی کرد به‌ جنێودان به‌ پێشمه‌رگه،‌ ووتی: سه‌یری ئه‌و خه‌ڵکه‌ داماوه‌ بکه‌ن چۆن له‌ناو ئه‌م ته‌پ‌وتۆزه‌دا گه‌وزاون، ده‌ستی بۆ شاخه‌که‌ درێژ کرد و ووتی: ئه‌مه‌ هه‌مووی کرداری ئه‌و بێشه‌ره‌فانه‌یه‌ که‌ ئه‌و شاخانه‌یان گرتووه‌ و ناوی خۆیان ناوه‌ پێشمه‌رگه، به‌ڵام شوکر بۆ خوا کۆتاییمان پێهێنان و ئیتر خه‌ڵك ئاسوده‌ ده‌بێت، کۆمه‌ڵێك شه‌کری له‌م بابه‌ته‌ی شکاند و ملی شکاند و ڕۆی. منیش که‌ ده‌گه‌ڕام به‌ناو خه‌ڵکه‌که‌دا ته‌ماشام کرد ژنێك له‌ناو ته‌شتێکدا به‌ سه‌تڵێك ئاو مناڵه‌که‌ی ده‌شوات، لێی نزیك بوومه‌وه‌و قسه‌م له‌گه‌ڵ کرد، ووتی: ئێمه‌ له‌و دێیانه‌ بوین که‌ کیمیاییان پێداکرد، له‌ژێر تۆپبارانه‌وه‌ هێناویانینه‌ته‌ ئێره‌، ئه‌م مناڵه‌م به‌م تۆزه‌ ئاوه‌ ده‌شۆم و سه‌عاتێك نابات پیس ده‌بێته‌وه‌.‌ ئیتر منیش تێم گه‌یاند که‌ ئێمه‌ش فه‌رمانبه‌ری حکومین و ئیشه‌که‌مان ئه‌وه‌یه‌ خانوو مه‌کته‌بیان بۆ دروست بکه‌ین و دڵمان له‌گه‌ڵ زامه‌کانیاندایه‌و ده‌سه‌ڵاتمان نیه‌ له‌گه‌ڵ کاری به‌عس!
نزیکه‌ی دوو ساڵ من هات‌وچۆی ئه‌م شارۆچکه‌یه‌م کرد و بیره‌وه‌ری زۆرم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان و له‌ نزیکه‌وه‌ زۆریانم ناسی و زۆربه‌یان له ‌ناو پڕۆژه‌کانماندا کرێکاریان ده‌کرد، هه‌میشه‌ من ده‌مدواندن و قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌کردن، بۆم ده‌رکه‌وت که‌ زۆربه‌یان خه‌ڵکی گۆپته‌په‌و عه‌سکه‌ر و ئه‌و دێیانه‌ی که‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ژێر تۆپ و ته‌یاره‌ی حکومه‌تی به‌عسدا بوون پشت‌وپه‌ناش بوون بۆ پێشمه‌رگه‌و خێزانی پێشمه‌رگه‌.
ده‌بوو خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ له ‌هیچیان که‌م نه‌بوایه‌و پاداشت بدرانایه‌ته‌وه!‌ نه‌ك پاش هه‌ژده‌ساڵ له‌ حوکمی خۆمان که‌موکوڕی و پێداویستی ژیان وایان لێبکات ڕاپه‌ڕن! ئه‌وان که‌ پشت‌وپه‌نا بوون بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌بوو مه‌سئوله‌کان ده‌ست ڕاگرن و ئه‌وان به‌سه‌رده‌ستیاندا بڕۆن! نه‌ك ته‌قه‌یان لێبکرێت و ڕاپێچی سجنه‌کان بکرێن! من تێناگه‌م ئه‌م حکومه‌ت و دام و ده‌زگایانه‌ بۆ چی دانراون؟ ئایا له‌ خزمه‌تی خه‌ڵکیدان یان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ئاگایان له‌که‌س نه‌ماوه‌؟ بۆچی ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له‌زه‌مانی به‌عسدا زوڵمیان لێکرا ئێسته‌ش ئاوا پاداشت بدرێنه‌وه‌؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە