کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌نگ ناده‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراقیم، ده‌نگده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم نا!

Friday, 05/02/2010, 12:00


چونکه‌ له‌ مناڵیه‌وه‌ به‌ بۆنه‌ی بارودۆخی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌وڵدراوه‌ ده‌نگمان کپ بکرێت، بۆیه‌ هه‌ر ڕاپرسیه‌ك به‌رچاوم ده‌که‌وێت له‌ سایته‌کاندا یه‌کسه‌ر به‌شداری ده‌که‌م و پێخۆشحاڵیش ده‌بم که‌ ئه‌نجامی ده‌نگه‌که‌م له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌دایه.
به‌ڵام ئێسته‌ کوردستانپۆست‌ ڕاپرسیه‌کی له‌لای چه‌پی سایته‌که‌یدا داناوه‌ که‌ نه‌ك من ڕه‌نگه‌ زۆر که‌سیش نه‌توانێت ڕای خۆی تێدا ده‌رببڕێت! به‌ پێی ئه‌م ڕاپرسیه‌ بێت هه‌رکه‌سێك بڕوات بۆ ده‌نگدان عێراقچیه‌ و ئه‌وه‌ی نه‌شڕوات کوردستانیه‌! به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ ئه‌م بۆچونه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌، چونکه‌ ئێمه‌ خۆشمان بێت و ترشمان بێت به‌ عێراقی ناسراوین و له‌ هه‌ر وڵاتێکی ئه‌وروپی بین ده‌بێت وشه‌ی عیراقیه‌که‌ بلکێنین به‌ کوردستانه‌که‌وه‌، به‌فه‌رمیش ناتوانین سه‌فه‌ر و هیچ کارێك ئه‌نجام بده‌ین بێ ئه‌وه‌ی وشه‌ی عێراقیه‌که‌ نه‌لکێنین به‌ خۆمانه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ خواستی خۆمان بێت هه‌مومان خه‌و ده‌بینین به‌ کوردستانی گه‌وره‌وه‌، به‌ڵام که‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی زه‌مین وڵاته‌که‌مان سنورێکی بۆ دانه‌نرابێت ده‌بێت ئێمه‌ چی بکه‌ین؟ له‌سه‌ر زه‌مین میلله‌تێك نیه‌ له‌ چل ملیۆن زیاتر بێت و وڵاتی نه‌بێت! ته‌نها کورد نه‌بێت! که‌واته‌ ده‌بێت که‌ ڕیش بوو به‌ڕیشه‌وه‌ شانه‌ی بۆ هه‌ڵگرین! ده‌بێت بزانین له‌گه‌ڵ ئه‌م واقعه‌ تاڵه‌ ماماڵه‌ بکه‌ین تاکو ڕۆژی سه‌رفرازیمان دێت! ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ دانیشین و ده‌ست بنێینه‌ ژێر چه‌ناگه‌مانه‌وه‌ هیچ ناگۆڕین!
بۆیه‌ من ئه‌م جاره‌ش ده‌چم بۆ ده‌نگدان له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ شانازی بکه‌م به‌ عێراقیه‌تمه‌وه‌ به‌ڵکو عێراقی بونم که‌ده‌رێکه‌ له‌دڵماو پێ ده‌نێم پێیدا و ده‌چم بۆ ده‌نگدان تاکو بڵێم نا!! نا بۆ گه‌نده‌ڵی، نا بۆ پاشاگه‌ردانی، نا بۆ ناعه‌داله‌تی، نا بۆ چاوچنۆکی، نا بۆ ده‌ستدرێژی بۆ مافی ئافره‌ت، نا بۆ گیرفان‌پڕکردن، نا بۆ برسیکردن و نانبڕین، نا بۆ هه‌موو دیارده‌یه‌کی دزێو که‌ مه‌سئوله‌ کورده‌کان پێڕه‌وی ده‌که‌ن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە