کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵگرتنی به‌ردی زل نیشانه‌ی نه‌هاویشتنێتی

Thursday, 17/12/2009, 12:00


کار به‌ده‌سته‌کانی کوردستان عه‌یبیان زۆره‌، یه‌کێك له‌ عه‌یبه‌کانیان ئه‌وه‌یه‌،‌ وه‌عدی وا ده‌ده‌ن به‌ جه‌ماوه‌ر که‌ له‌ ئاستی توانایاندا نیه‌! من چه‌ن نمونه‌یه‌کتان بۆ ده‌هێنمه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی که‌س بهێنم و خۆتان به‌ مه‌زه‌نه‌ی عه‌قڵی خۆتان بزانن ئه‌م زاتانه‌ کێن.
یه‌کێك هه‌ر زوو وه‌عدی دا که‌ کوردستان بکاته‌ دوبه‌ی!! ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵ به‌سه‌ر وه‌عده‌که‌یدا تێپه‌ڕی و کوردستان نه‌بوو‌ به‌ سوریاش! به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌و زاته‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوبێت که‌ خۆیان ده‌بنه‌ شێخه‌کانی دوبه‌ی، ته‌نها له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیدا!!
یه‌کێکی تر‌ جارێك کردی به‌ هاش‌وهوش و گوایه‌ پڕۆژه‌یه‌کی گرنگی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی حزب له‌ ده‌وڵه‌ت پێشکه‌ش کردوه‌و میدیاکان یه‌ك دوو مانگ مێشکی سه‌ریان بردین! ئه‌رێ خه‌ڵکینه‌ پێم ناڵێن ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ کوا و چی لێبه‌سه‌ر هات و بۆچی که‌س باسی ناکات!!
خانمێکی به‌مه‌کرو حیله‌ هه‌یه‌، هه‌ر پاش ڕاپه‌ڕین وه‌عدی دا که‌ پشت‌وپه‌نای مناڵی کورد بێت! که‌چی پاش هه‌ژده‌ ساڵ ده‌بینین یه‌شتا له‌سه‌ر جاده‌کان مناڵ هه‌یه‌ زه‌رفی عه‌لاگه‌ ده‌فرۆشێت!
پیاوێکی تر هه‌رچه‌ند بیه‌وێت مه‌رامه‌کانی ده‌ستگیر بێت ده‌که‌وێته‌ هه‌ڵگرتنی به‌ردی زل و گوایه‌ ده‌یه‌وێت استقاله‌ بکات! له‌و ماوه‌یه‌دا به‌زمێکی نایه‌وه‌و پاش دوو ڕۆژ په‌شیمان بوه‌وه‌! بابه‌ ئێمه‌ ئه‌زانین تۆ پیاوی ئه‌وه‌ نیت ده‌ست له‌و کورسی و خێر‌وبێره‌ هه‌ڵگریت! ئیتر ئه‌م کابرایه‌ بۆته‌ ڕه‌مزی په‌شیمان بونه‌وه‌و خه‌ڵك نوکته‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن!
یه‌کێکی تر به‌م زوانه‌ بوه‌ سه‌رۆکی هه‌موو شتێك و هاته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و کۆمه‌ڵێك مسالیاتی باسکرد، که‌ گوێمان له‌قسه‌کانی بوو ووتمان کوردستان له‌سایه‌ی ئه‌م له‌بله‌بانه‌وه‌ ده‌بێت به‌به‌هه‌شت!! که‌چی دوو مانگی نه‌برد کوردستان بوو‌ به‌ تاریکستان و کاره‌باشی نه‌ما!!
له‌م ڕۆژانه‌دا یه‌کێك به‌ردێکی هه‌ڵگرتوه‌ که‌ نه‌ك هه‌ر زله‌، به‌ڵکو تاشه‌ به‌ردیشه‌! ده‌ڵێت به‌ بۆری غاز ده‌گه‌یه‌نین به‌ ماڵان!! باشه‌ ئێوه‌ تائێسته‌ توانیوتانه‌ به‌باشی ئاویش به‌بۆری بگه‌یه‌ننه‌ ماڵان!! ئه‌ترسم ئه‌مه‌ش ببێته‌ مه‌سه‌له‌ی قیتاره‌که‌ی که‌ دێته‌ سلێمانی! که‌ ئێمه‌ مناڵ بو‌ین ده‌یان ووت قیتار دێته‌ سلێمانی، ئه‌وه‌ ده‌یان جیل پێگه‌یی و قیتار نه‌گه‌یشت!
به‌خوا له‌م نمونانه‌ هێنده‌ زۆرن که‌ باسه‌که‌م دورو درێژ ده‌کات، منیش حه‌زم له‌ درێژدادڕی نیه‌ بۆیه‌ به‌ خواتان ده‌سپێرم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە