کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لێکدانه‌وه‌مان بۆ په‌نده‌ کوردیه‌کانمان

Thursday, 24/12/2009, 12:00


زمانی کوردیش وه‌کو هه‌موو زمانه‌ زیندوه‌کانی سه‌ر زه‌مین پڕه‌ له‌ په‌ندی پێشینان که‌ باووباپیرانمان بۆیان به‌جێ هێشتوین، ئه‌و په‌ندانه‌ش له‌ ئه‌نجامی ئه‌زمونی ژیان و تاقی کردنه‌وه‌کانیان پێشینان وتویانه‌ته‌وه‌و بۆ ئێمه‌شیان به‌جێ هێشتوه‌. به‌ڵام ئایا ئێمه‌ی کورد هه‌مومان ده‌توانین سود له‌و په‌ندانه‌ وه‌ربگرین و به‌کاریان بهێنین؟ ئایا ئه‌گه‌ر له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ماندا ڕوبه‌ڕوی یه‌کێك له‌و په‌ندانه‌ بوینه‌وه‌ ده‌توانین لێکدانه‌وه‌یه‌کی ڕاست و دروستیان بۆ بکه‌ین که‌ پڕ به‌ پێستی واتاکه‌ی خۆیان بن؟ بێجگه‌ له‌ په‌نده‌کان له‌ کوردیدا ئیدیه‌میش هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش جیاوازیه‌کی که‌می هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ په‌نده‌کان به‌ڵام چه‌ند وشه‌یه‌کن که‌ هه‌ریه‌که‌و مانای خۆی هه‌یه‌ پێکه‌وه‌ش‌ مانایه‌کی تر ده‌به‌خشن که‌ پێویسته‌ له‌لێکدانه‌وه‌یدا زیره‌ک بین و بزانین مه‌به‌ست چیه‌ له‌و ئیدیه‌مه‌، بۆ نمونه‌ له‌گوێی گادا نوستویت، ماستاوکه‌ریت، زۆری تریش له‌م بابه‌تانه‌ په‌ند نین و ئیدیه‌من.
من هه‌رچه‌نده‌ نوسه‌ر نیم به‌ڵام بارو دۆخی کوردستان هیناومیه‌ته‌ قسه‌و بۆ ئه‌و قسانه‌شم حه‌زم له‌به‌کارهێنانی په‌نده‌ کوردیه‌کانه‌و سه‌ریلێده‌ر ده‌که‌م، چونکه‌ دایکم به‌ڕه‌حمه‌تبێت مه‌وسوعه‌یه‌ک بوو بۆ په‌ند‌ی پێشینان و خۆشم خولیای خوێندنه‌وه‌و به‌کار هێنانیانم، به‌ڵام له‌م دواییه‌دا بۆم ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ هه‌موو که‌سێك چاک ناتوانێت له‌و په‌ندانه‌ تێبگات و له‌جیاتی مانای ناوه‌وه‌ی لێکبداته‌وه‌ ده‌چێت وشه‌کانی لێکده‌داته‌وه‌ ئه‌مه‌ش وه‌کو هه‌ندێ ده‌سته‌واژه‌ی کوردی ده‌یبینم که‌ له‌ که‌ناڵه‌ کوردیه‌کاندا ڕێك له‌ عه‌رده‌بیه‌وه‌ وه‌رگێرڕاوه‌ بۆ کوردی و بۆیه‌ که‌ گوێمان لێی ده‌بێت زۆر نه‌شازه‌ له‌سه‌ر گوێمان چونکه‌ ته‌رجه‌مه‌ی حه‌رفی کراوه.
ئێمه‌ی کورد زۆر گرنگه‌ که‌ ئه‌و په‌ندانه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ماندا به‌کار بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیر نه‌چێته‌وه‌و بکه‌وێته‌ سه‌ر زاری نه‌وه‌ی تازه‌شمان، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتریش ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزانین چۆن لێکیانبده‌ینه‌وه، لێکدانه‌وه‌ی سه‌قه‌ت مانای په‌نده‌که‌ ده‌شێوێنێت. بۆ نمونه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا به‌یه‌کێكم ووت تۆ له‌گوێی گادا نوستویت که‌چی ئه‌و ووتی تۆ جنێوم پێ ده‌ده‌یت و پێم ده‌ڵێیت تۆ گایت! ئنجا من محتار ماوم که‌ چۆن ئه‌و که‌سه‌ تێبگه‌یه‌نم که‌ من جنێو فرۆش نیم و به‌ویشم نه‌وتوه‌ گا، به‌ڵام ئه‌ڵێی چی هه‌ندێ که‌س چه‌ند بڵێیت نێره‌ ئه‌و هه‌ر ده‌ڵێت بیدۆشه‌!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە