پێویستە بیرو لۆژیكی کۆنگرەی نەتەوەی جیاواز بێت لە هزرو لۆژیکی حیزبی..!!
Tuesday, 20/08/2013, 12:00
بەرێزان .. برواناکەم لیرەو لەوێ کوردێکی دڵسۆز هەبێ حەز بەیەکگرتوی و یەك گوتاری و یەك هێزی ماڵی کورد نەکات ..بەڵام پێویستە هەر یەکێکمان بۆچونی خۆی واڵا بکات ..بۆ شێوازی باشترین و سەرکەوتووترین کۆنگرە .
خاڵە لاوازەکانی کورد لە مێژوودا ...
لەسەرەتاوە .. پێویستە دەستەی ئامادەکار لیژنەیەکی مێژووناسی سیاسی ئامادەبکات ولە هۆکارە دۆراوەکانی رابردوو بکۆلێتەوە وپۆلێنیان بکات .
بە بروای من هەتا سەرنجێکی رەخنەیی لە مێژوە دۆراوەکان نەدەین و خاڵە لاوازەکانی رابردوو دەستنیشان نەکەین ..ناتوانین هەنگاوی داهاتوو بەسەر کەوتوی ئەنجام بدەین .. بەلام کاتێك دەستنیشانی ئەو بۆشاییانەمان کرد کە لە گوتارو رەفتاری رابردوماندا هەبون ، بەئاسانی دەتوانین ئەو بۆشاییە نادروستانەی رابردوو بەشێوەیەکی گونجاوی هەنوکەی پر بکەینەوە ،خاڵێکی تر سرینەوەوی مێژووی خەباتی رابردوی نەوەی پێش خۆمان ،کەئەوەش بۆتە میراتی حێزبایەتی و تەنانەت شۆڕبۆتەوە بۆ ناو تاکەکانی کۆمەڵ و دروستکردنی کینە و رق ، بەو رێژەیەی لە رابردوو بینمان هەردوو حیزبی دەسەڵات پەنایان بۆ دوژمنان وداگیرکەران برد ، یەکێك لەخاڵە هەرە لاوازەکانی رابردوو خۆمان داوەتە دەست کەسایەتیەك و پەنامان بۆ سیستەمی تاکە کەسی بردوە هەموو مقەدەسایەتی نەتەوەو نیشتیمانیمان لە بۆچونێکی تاك ورەفتاری تاك و ژیانی تاکێکدا کۆکردۆتەوە ، کە ئەمەش وایکردوە بەرژەوەندی تاك زاڵببێ بەسەر بەرژەوەندی باڵاو گشتیدا ،زاڵبونی بیرورای ئایدیۆلۆژی بەسەر خواستە نەتەوەیی ونیشتمانیەکاندا ،هەروەك ئیستا هەندێ لە حیزبەکان بە بەژن وباڵای رۆژئاوادا هەڵدەڵێن و هەندێک بەژن و باڵای رۆژهەڵاتیەکان ، کەهەردووکیان لە دابەشبوون و لەتکردنی ئەم نەتەوەو نیشتمانە هاوکارو جێبەبەجێ کاربوون ، بڕوا بەخۆنەبون و قبوڵنەکردنی یەکتری بە پاساوی گەورەو بچوك و قەبارە..بۆ مانەوەو زیادەرۆیی لە کایەکانی دەسەڵاتی شەرمەزاریدا ..!
پێویستە ئێستا چی بکەین .ئەوی ئیستا من دەیبیستم لەو لیژنانەی کە دروستکراون ..کورد ووتەنی (نەڕێسراوەو نە تەندراوە ...شەقەی دێ) جارێ ئێمە بە شێوازێکی فەرمی نێودەوڵەتی لە هیچ شوێنێك خاوەنی کیان و دەوڵەت و سنورێکی دیاری کراو نین ،شەڕ لەسەر ئیدیای عیلمانی و ئیسلامی دەکەن ، بیریان چۆتەوە کە ئەمە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و نیشتمانیە نەك بەستنی کۆنگرە بۆ دروستکردنی حیزبێك .. یان ئاڵۆزی نێوان لیژنەی زمانەوانی لەسەر ئەوەی چ زاراوەو چ رێنوسێك بەکار بهێنن ،
من سەرکەوتنی کۆنگرە لەم خاڵە گرنگانەدا دەبینم .
1/ رێکەوتنێکی ستراتیجی لە نێوان هەر چوار پارچەکەی کوردستان .. بە سیستەمێکی کۆنفیدراڵی ..وەك ئەوەی لە جەنگی جیهانی لە نێوان دەوڵەتانی ئەسکەندەناڤیا بریاری لەسەر درا .. تا نەبن بەژێر پێی دەوڵەتە زلهێزەکانی ناوچەکەوە ..واتە یەکگرتنی سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی و ئیداری و لۆجستی هاوبەش، چونکە ئیستا حاڵەتی ناوچەکە لە حاڵەتی شەرو ئاژاوەدایە و ئەگەرەکانی ئاڵۆزبون لە زیادبوندایە . خۆ ئەگەرخوێندنەوەیەکمان هەبێ لە روی جوگرافیاو زمان وکلتورەوە بۆ هەرسێ دەوڵەتی سوید و نەرویج و دانیمارك برواناکەم هێندەی ئێمە جیاواز بن .
2/ دروستکردنی لیژنەی دیبلۆماسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە کەسایەتی پسپۆرو خاوەن ئەزمونی نێودەوڵەتی کە توانای ئاڵوگۆرێ بەرژەوەندیە نیودەوڵەتیەکانی هەبێ ... نەك بە تەسکییەی حیزبی دابنرێن ، پێویستە لە زۆرترین کەسایەتی بێلایەن پێکبهێنرین .
3/ وەلانانی هەموو دەسەلاتە حیزبیەکان لە کۆنگرەدا ، ئەوانەی دەسەلاتی لیژنەو سەرۆکایەتی سیاسی کۆنگرەیان پێدەبخشرێ دەبێ لە بەرگی حیزبی و ئایدیلۆژی دابماڵدرێن ، تەنها کار بە بەرنامەی کۆنگرە بکەن ، تا بتوانرێ دەسەڵات وبریارەکانی کۆنگرە لەسەروی برێاری حیزبیەکان هەژمار بکرێ و پەیوەستبن بە بریاری کۆنگرەوە و سەرپێچی کار سزای نەتەوەیی و نیشتمانی بەسەردا بسەپێ ،
4/ لە هەموو لیژنەکان بەشداری کەمە نەتەوەیی و ئاینزاکانی تێدا بکرێ ، واتە نابێ هیچ هاونیشتمانیەك پەراوێز بخرێ .
5/ پێکهێنانی لۆبێکی کوردستانی دارای بانکی نیودەوڵەتی بۆ ئامادەبکرێ .. تا هەموو کوردستانیەك بتوانێ هاوکاری دارای بکات ، تا هیچ لایەنێك لایەنی دارای پاوەن (استغلال)نەکات بۆ دەسەڵاتەکانی خۆی و ببێتە چەکی خۆسەپاندن .
6/ پێکهێنانی بەرێوەبەرایەتیەکی دارای بۆ داهات و خەرجی . نەك لیژنەی دارای.
بەهیوای سەرکەوتن بۆ گەل و خاکی کوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست