کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


8ی مارس چی دەگەیەنی بۆ ژنان .؟!

Tuesday, 03/03/2015, 12:00


بێگومان دەبێ کارە پیرۆزەکەی ژنە تێکۆشەری کۆمەنستی ئەلمانی کلارا زیتکن (clara Zetkin.)لە یاد نەکەین وهەمیشە لەگەڵ یادی 8 ئاداردا چەپکێ گوڵ بۆ رۆحی پاکی ئەو دابنێین ، جونکە ئەو ژنە قارەمانە بوو کە لەساڵی 1910 بە دنگی بەرز داوای یەکسانی مرۆڤەکانی کرد بە تایبەتی یەکسانی ژن و پیاو لە ئەرك مافەکاندا ، بێگومان کلارا یەکیک بوو لە کادیرە پێشکەوتوەکانی جیهانی کۆمەنستی و سۆسیالیزم..بەردەوام بوونی خەباتی ژنان لە پێناوی یەکسانیدا درێژەی کیشا تا ساڵی 1975 یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵەی نیو نەتەوەی لە مەکسیك لەسەر مافەکانی ژن بەستراو لە ساڵەکانی 1977 بریاری لەسەر دراو لە ساڵی 1978 ئەم یاسایە جێبەجێ کراو8 مارس بوو بەرۆژی یەکگرتنی ژنان بۆ ئازادی و مافەکانیان .لەو میژووە هەموو ساڵێ ژنانی جیهان لەو رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بە گوێرەی خواستەکانیان .

ژنی کوردو 8 ئادار (مارس)
بێگومان هەموومان ئەو راستیە باش دەزانین ئەگەر ژنانی جیهان جاریک چەوساوە بن کە ناوی بنێین چەوسانەوەی رەگەزی ، ئەوا ژنی کورد سێ جار چەوساوەیە.
1/ چەسانەوەی نەتەی و نیشتمانی
2/ چەسانەوەی رەگەزی
3/ چەوسانەوەی کلتوری و ئاینی
بە درێژای مێژوو گەلی کورد لە خەبات وتێکۆساندا بوە لە پێناوی مافە سەرەتاییەکانی ژیان ومانەوەی لە خاك وزیدی خۆی وبەرگری لە زمان ونەرێت ونیشتمانی خۆی کردوە ، لە هەموو تەمەنی خەباتەکاندا ژنی کورد بوە بە خۆراکی ئاشی شۆڕشەکان ،هەموو ئەرك وماندوبونەکان لە ئەستۆی ژناندا بوە ئەمە لە دەستدانی رۆڵەکانی جەرگ سوتانی بە کورو کچومێردوبراو باوکی .هەمیشە بەشی زیندانی کۆمەڵایەتی وبەندیخانەی داگیرکەران و کۆیلە کردنیان وسوکایەتی پیکردنیان لە لایەن دوژمنانی ئەم گەلەوە پێکراوە ئەمە جگە لە ئەرکی پەروەردەکردن و کارکردن ورووبەروی رۆژگارە سەختەکانی ژیان بۆتەوە .خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دویدا ژنی کورد شان بەشانی براکانیان چەکی شۆڕش و بەرگریان کردەشان و چیتر دانانیشن تا فرمێسکی بێدەسەڵاتی بۆ خەباتگێران برێژن ..ئیستا پیاوان فرمێسك بۆ ژنانی کورد دەڕێژن . نمونەی بەرچاوی ژنی کورد شەرڤانانی کۆبانێ بوو کە بوو بە سمبولی ژنانی جیهان . بەلام لە سیستەمی سیاسی ئەمرۆی کوردستان مەخابن تەنها ئەوەندە دەڵێم جگە لە موتربە کردنیان بە سیاسەتی حیزبی و پاڵپشتیان بۆ دەنگ ورەنگی پیاوان هیج مۆرکێکی ژنایەتی وخەباتی ژنایەتی مافی ژنانیان لێنابینرێ.. جگە لەمەش هۆکارێکن بۆ خەفەکردنی مافی ژنان .

چەوسانەوەی رەگەزی !
ژنی کورد لە زۆر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی پیاو بێبەش کراوە تەنها لەبەر ئەوەی رەگەزی مێینەیە ، تەنانەت نەیتوانیوە ئاوات وخواستەکانی خۆی بەدەستبهێنێ لە فاکتەرو بوارەکانی ژیاندا ، ئەگەر چی لێهاتوو زیرەك بووبێ لە بوارێك لە بوارەکانی ژیان و ڕێگەی پێنەدراوە وەکو کورێك بچێتە دەرەوەی ووڵات وپسپۆری لە کارەکەی بەدەست بهێنێ ، یاخود ئەگەر زۆر ئارەزووی لە وەرزش و جۆرەکانی وەرزش بوبێ ، بابەتی رەگەزیەکەی ڕێگەی پێنەداوە لە بوارەکانی وەرزش پەرە بە ئارەزوەکانی خۆی بدات و تەنها لە چوارچێوەی چەند پیشەیەك خەفە کراوە ئەمە جگە لە بواری هونەری و پیشەییەکان .. واتە ئەگەر عەقڵێکی بازگانی باشیشی هەبوبی نەیتوانیوە کاری بازرگانی و پیشەیی بکات .لە هەموو کارە پیشەییەکانی ناو شارو بازارەکان بێبەشکراوەو رەگەزی مێینە لێی بۆتە ڕێگر ... ئەمانە گەلێ شتی تر کە ئێوە باش دەزانن کە رەگەزی مێینە چۆن خەفەکراوە لەسەر رەگەزەکەی لە بوارەپیشییەکانی ژیاندا کە چەندەها پیشە هەیە پیاوان دەیکەن وبۆ ژنان بەهۆی رەگەزییەوە نەگونجاوە بیکەن .

چەوسانەوەی کلتوری و ئاینی !
ئەم فاکتەرەیان کە دەڵین کلتوری و ئاینی پەیوەست نیە تەنها بەئیسلامەوە ، چونکە ئەم ناوچەیەی ئیمە دەتوانین بڵێن جگە لەوەی خودی ناوچەکە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە داهێنانی ئاینیەکان هەروەها پردی (جسر) پەرینەوەی ئاین وکلتورەکانیش بوە ، ئیسلامیش کەڵکی لە دابونەرێتی ئاینەکانی پێش خۆی وەرگرتوە لە بارەی مافی ژنانەوە و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ژنان .. هەموو ئاینێکیش داب ونەرێت وکلتوری خۆی تێکەڵ بە ئاینەکەی کردوە زۆر جار بە عەقڵی کۆمەڵگەکە گونجاندویەتی ،وە لە هەموو ئاینەکانیشدا زیاتر پشتی بەهێزو بازوو بەستراوە ، و بەشان وباڵای لایەنی بەهێزدا شکاندویەتیەوە ،و لە بەرژەوەندی خۆی کاری کردوە کە هێز بۆ خۆی زیاد بکات ،واتە هێزە بەهێزەکان کە دەکاتە رەگەزی نێرینە بکاتە پاڵپشت ، ئەگەر تەماشای مێژوو بکەین هەموو ئاینەکان لەسەر دەستی پیاوان تیۆریەکەی بۆ دارێژراوە و پیاوانیش پراکتیزەیان کردوە ، لە هەموو ئاینەکاندا بەرژەوەندی هیز رەچاوکراوە ،ئەگەر تێروانینمان هەبی بۆ گشت ئاینەکان دەبینین گرێبەستی هاوسەرگیری (عقد الزواج) ئەگەر لە 10 دە خاڵ وابەستەبێ لە پرۆگرامی ئاینەکاندا ئەوا بەلای کەمەوە 7 حەوت خاڵی لەبەرژەوەندی رەگەزی نێردایە ، تەنانەت لە بواری زمانەوانیشدا لە زمانە سەرکیەکانی جیهانیشدا دەوترێ (پیاو قسە دەکات ، یان پیاو بریار دەدات) نەك هەر پیاوان ئەم رستەیە بەکار دەهێنن بەڵکو ژنانیش بەکاری دەهێنن ، بێگومان ئەمەش لە سەرچاوەی هێزو دەسەڵاتەوە ئەم رستە فەرهەنگیە دروست بوە .بەهەرحاڵ ژنی کورد لە داب ونەرێت وکلتورە هەمەرەنگەی بەسەریدا سەپاوە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە زیاتر زەرەرمەند بوە بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتانی ناوچەکەکەدا، دەتوانین بڵێین زۆر جار وەكو کاڵا بەکار هێنراوە .. تەنانەت پیاوەتی و بەخشین و کرین وفرۆشتنی پێوەکراوە ،کە تەنها لەدێر زەماندا بە کۆیلەکان کراوە ، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستاش کچ دەکرێتە گرێدانەوەی خزمایەتی و کەسایەتی ، دەوترێ (پاروو لە دەم بۆ کۆش بێ باشترە وەی لەوەی بکەوێتە زەوی) واتە دەبێ کچەکە بدەن بە ئامۆزاو پورزاو خاڵۆزا ، ئەمەش جگە لەوەی تاوانە وزوڵمە لە مافی ژن هەروەها دەبێتە هۆکاری گەلێ نەخۆشی ماوە بۆو بەرکەوتەی خراپ ..بۆ ئەو خێزانەی دروستی دەکەن . هەرچەندە لە داب ونەرێتی ئەوروپا بەیەك ناشێن ئەو کەسایەتیانە واتە پورزاوئامۆزاو خاڵۆزا وەك خوشکو برا دەخوێنرێتەوە بۆ هاوسەرگیری ، بەڵام لای ئێمە بە چاکەو بەرژەوەندی هەژمار دەکرێ . بەلام لە راستیدا ئەوەش دەکرێ بە بازرگانی بەرژەوەندی سەیر بکرێ نەك شوو کردن و هاوسەرگیری .. ئەگەر بگەڕینەوە بۆ بوارە کلتوری و ئایینیەکەوە ، تەماشا دەکەیت ژنان تەنانەت لە بواری دەرونیەوە زۆر مافیان پێشێل دەکرێ لە گۆرین وشێوازی جۆری رەنگ و بەکارهینانی جل وبەرگدا ، لەوێشدا دەبێ جل وپۆشاکیان لەگەڵ کلتورو نەرێت و ئایندا یەکبخەن ، دەنا ڕیزو کەرامەت لەدەست دەدەن ، کە ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر دەرونی ژنان دروست دەکات و هەمیشە خۆی بەکەم دەزانێ لە مرۆڤی ئاسایی .
هەرجەندە 8 ئادار رۆژی ئازادی و هاوسەنگی و یەکسانیە بۆ ژنانی جیهان .. بەلام دەتوانم بڵێم سەرەتای نوسینی ئارتیکڵی رۆژنامەکانە بۆ مافەکانی ژنی کورد .
پیرۆز وگەشاوە بێت خەباتی 8 ئادار لە ژنانی گەلەکەم وجیهان ، نەمری و سەربەرزی بۆ ژنە قارەمانەکانی کۆبانێ و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و (کلارا)خاتوون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە