ئۆجەلان: شەش مانگی داهاتوو لە هەموو كاتێك گرنگترە مێژوو ئەركێكی بە من سپاردووە، بەهۆی گرانی ئەو ئەركە، نەدەتوانم بخەوم، نەدەتوانم بژیم
Sunday, 19/12/2010, 12:00
ئۆجەلان لە دیدارەی هەفتانەی ئەم هەفتەیەدا، شەش مانگی داهاتووی وەك دواین دەرفەت بۆ چارەسەری سیاسیانەی پرسی كورد دەستنیشان كرد و وتی؛ بەپێی پێشكەوتنەكان، مانگی مارس بۆی هەیە دیاریكەر بێت. و هەروەها ووتی، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو لە ژوورێكی بچووكدایەو بە زەحمەتی هەناسە دەكێشێت، بەڵام دیسان هەوڵ بۆ چارەسەری دەدات. و وتی؛ ئەو هەلومەرجەی كە منی تێدام، زۆر گرنگە. بەڵام مێژوو ئەركێكی بە من سپاردووە. بەهۆی گرانی ئەو ئەركە، نەدەتوانم بخەوم، نەدەتوانم بژیم. لە هەناسە وەرگرتندا زەحمەتی دەبینم. لە ژوورێكی ئاوها بچووكدا، مرۆڤ چۆن دەتوانێ بژی و هەناسە بكێشێت؟
ئێمە بە قۆناغێكی مێژووییدا تێدەپەڕین. تائێستا هەموو قۆناغێك گرنگ بوون، بەڵام ئەم شەش مانگەی داهاتوو زۆر گرنگە، لەهەموو قۆناغەكانیتر گرنگترن. من بەرپرسیارییەتییەكی گەورەم لە ئەستۆدایە. چارەسەركردنی پرسی كورد بە ڕێگای ئاشتیانە زۆر زەحمەتە. وەك ئەوە وایە كە مرۆڤ بەرخێك لە دەمی شێرێك دەربێنێتەوە و ڕزگاری بكات. پێویستە هەموو كەسێك بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكات و گرنگی بە ئەركەكانیان بدەن. شەش مانگی داهاتوو بۆ چارەسەری پرسی كورد بەشێوازی دێموكراتیك، دەرفەتی هەرە دواییە. ئەگەر وانەبێت، شەڕ دەستپێدەكاتەوە. شەڕێكی ماڵوێرانكەر دەست پێدەكات. مێژووناسێكی ناودار، بۆ ئەم سەردەمە بەو شێوەیە، دەڵێت: یا ئەوەتا تۆ دەكوژی، یان دەكوژرێی. لەوە زیاتر ڕێگایەكیتر نییە. ئەگەر چارەسەری پێشنەكەوێت، سەردەمێكی بەو شێوەیە چاوەڕێمان دەكات. كێ دەكوژرێت دیار نییە. ئەو كات هەموو لایەك دەكەونە مەترسییەوە.
هەروەها رێبەری گەلی كورد، دەستنیشانی دەكات كە ئەگەر ئەم قۆناغە بە باشی لێكبدرێتەوە، دەتواندرێ ببێتە بناغەی چارەسەری و وتی، كە بڕیاری كۆتایی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا دەدرێت، بەڵام بەگوێرەی پێشكەوتنەكان، مانگی مارسیش بۆی هەیە دیاریكەر بێت. ئەگەر تا ئەو كات قۆناغەكە هەندێ پێشكەوتن بەخۆیەوە نەبینێت، بۆی هەیە كە ئەو چاوەڕوانی هاتنی مانگی حوزەیران نەكات، خۆی لە پێواژۆكە بكشێنێتەوە. بەڕاستی مەترسییەكان گەورەن. ناتوانم بڵێم لە ئاشتی نزیكبووینەتەوە. ناتوانین بڵێین بارودۆخەكەش زۆر خراپە. هەردوو ئەگەری شەڕ و ئاشتی لەئارادان، واتا نیوە بەنیوەیە. هەروەها لە پێناو چارەسەری دیموكراتیانەی پرسی كورددا ئاماژەی بە شەشی مانگی داهاتوو كردووەو وتی:" درێژكردنەوەی قۆناغی چارەسەرنەكردنی پرسی كورد، رێگا لە بەردەم مەترسی زیاتر دەكاتەوە. بۆی هەیە لەم قۆناغەدا هەندێ هەوڵدانی گێرەشێوێنی دەستپێ بكەن. هەروەها، ئۆجەلان، داوای كرد كە قۆناغی بێچالاكی وەكو شانسێكی سەرەكی، بۆ گەیشتن بە چارەسەری ببینرێت و وتی:" ئەگەر لەو قۆناغەدا چارەسەری بەدی نەیەت، بۆی هەیە رووداوی مەترسیدار بكەونەوە. ئەگەر قۆناغی چارەسەركردنی پرسی كورد زیاتر دوابخرێت، مەترسی گەورە رووبەرووی توركیا دەبنەوە. قۆناغی ناڕوون و تەمومژاوی، مەترسی دارن. ئەگەر ئەو قۆناغانە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەرەوام بن. بۆی هەیە هەموو شتێك روو بدات. هاوكات وتی:" كوژرانی سەرۆككۆمار، تورگوت ئۆزال كە لە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا بوو نموونەی هەری بەچاو بوو. ئۆزاڵ سەرۆككۆمار بوو، بەڵام هیج كەسی لەلا نەبوو، نەپارێزرا. ئۆزاڵ بەو هۆیەوە مرد. بە هەمان رێباز ئەشرەف بیدلیسیش لەناو برا. لە راستیدا بیدلیسی هیچی وەها گرنگیشی نەكردبوو. لەو باوەڕەدام كە ئەو كات تەنها نامەیەكی بۆ ئۆزاڵ ناردبوو و لە پێناو چارەسەركردنێكی ئاشتیانە داوای وەرگرتنی ئەركی كردبوو و گووتبووی ئێمە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین. پێش لەوەی سووتانی گووندەكان و كووشتنەكانی بكەری نادیار لەلایەن ژیتەمەوە سەرهەڵبدەن، ئەو نامەیەی بەڕێ كردبوو. ئەویش یەكێك بوو لە لایەنگرانی ئۆزاڵ؛ بەڵام بوو بە قوربانی رووداوی كوشتنەكانی بكەری نادیار. دواتر هاوڕێكانیشیان لەناوبران. هەروەها رێبەری گەلی كورد وتی:"هەڵوێستی چەتەگەریانە هێشتا بەردەوامە و ئەو چەتانە خاوەن هێزیكی گەورەن. ئەگەری هەوڵی گێرەشێوینانە لە ئارادایە. با هیچ كەسێك فریوی گرتنی ئەندامانی ئەرگەنەكۆن نەخوات. ئەو رۆژنامەوانانەی كە لە كونجی زیندانەكاندان، هاوار دەكەن و دەڵێن، ئەوەتا ئێمە زیندانی كراوین، باشە بەرپرسیارە سەرەكیەكان لە كوێن؟ ئاكەپە بۆ ئەوەی لە سەر دەسەڵات بمێنێتەوە، لەگەڵ بەرپرسیارانی ئەرگەنەكۆن رێككەت و بۆیەش، نایهەوێ پرسەكە چارەسەر بكات. بێگومان لە قۆناغیكی وەهادا بۆی هەیە رووداوی گێرەشێوێنی روو بدەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە پیلانێكی بەرفراوانی فێڵبازانە لە ئارادایەو بەبیریهێنایەوە كە ئاكەپە ماوەی (9) ساڵە پرسی كوردی چارەسەر نەكردووە و دەیهەوێ (9) ساڵی تریش برەو بە دەسەڵاتداری خۆی بدات. بەهۆی ئەوەی حكومەت هەنگاوی پێویستی نەناوە، قۆناغەكە قەتیس ماوە و ئەگەر ڕەوشەكە بەو شێوەیە بێت، قۆناغەكە پێشكەوتن بەخۆیەوە نابینێت. لەو قۆناغەدا، هەڵوێستی ئاكەپە دیاریكەر دەبێت. ئێستاشی لەگەڵدابێت، بە باشی لە ئاكەپە تێنەگەیشتوون. پێویستە هەموو كەسێك ئەوە باش بزانێت كە لە نێو دەسەڵاتدارانی كە تائێستا هەبوون، ڕووبەڕووی فێڵبازترین دەسەڵاتداری بووینەتەوە كە لە پێناو دەسەڵاتی خۆیدا، پەنا بۆ هەموو شتێك دەبات. هاوكات ئۆجەلان وتی:"ئێمە ڕووبەڕووی پیلانگێڕییەكی گەورەین كە بەرفراوان و فێڵاوییە. كارەكانی ئاكەپە لەبەرچاون و لەلایەن لەندەنەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە". "لەندەن بە ئاكەپەی گوتووە، تۆ پرسی كورد چارەسەر مەكە، ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەموو دەرفەتێكت بۆ دەخوڵقێنین. هەموو ڕووداوەكان ئاماژە بەو پیلانە دەكەن. وتیان پرسی كورد بە هەڵپەسێردراوی بهێڵەوە و برەو بە دەسەڵاتت بدە. بناغەی دەسەڵاتدارییەتی ئاكەپە، لەسەر چارەسەرنەكردنی پرسی كورد دامەزراوە. لەو خاڵەدا لەگەڵ ئینگلیسەكان ڕێككەوتوون. ماوەی (9) ساڵە جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، نەیانتوانی پرسەكە چارەسەر بكەن و دەشیانهەوێ (9) ساڵی تریش دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت". ئۆجەلان دەستنیشان دەكات كە پیلانەكانی ساڵی (1925) سەرلەنوێ خراونەتەوە ڕۆژەڤەوە و گوتی:" ئینگلیستان كە ئەو كات پەیڕەوی لە سیاسەتی چارەسەرنەكردنی پرسی كورد دەكرد، ئەمڕۆش هەمان سیاسەت پەیڕە دەكات. ئینگلیستان دەستی هەیە لە چارەسەرنەكردنی پرسی كوردا".
لەبەرئەوەی حكومەت هیچ هەنگاوێك نانێت، پێواژۆكە چەق بەستویەتی و داوای كرد كە پیلانەكانی ئاكەپە كە بۆ پارچەكردنی كوردان بەڕێوەیان دەبات باش ببنە مایەی تێگەیشتن. هەرەوەها سەبارەت بە رۆڵی سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی:"(2010)ش كۆتایی پێهات. پێویستە كە شایی نەگێڕێ، پێویستە هەموو كەسێك لە ئاستی گرنگی بەرپرسیارییەتەییەكەیدا بجووڵێتەوە. ساڵی (2010)كۆتایی پێدێت، بەڵام زۆر شتی شاراوە ماون كە نازاندرێن. ئەردۆغان مرۆڤێكی سەرنجڕاكێشە، جاروبار فكر دەكەمەوە؛ ئایا كاسایەتییەكەی لە تانسۆ چیلەر دەچێت؟ بەڵام جاروباریش دەشووبهێتە كەسایەتی ئۆزال. ناتوانم لەو ڕووەوە بڕیارێك بدەم. پەرە بە گفتوگۆكقان دەدات، بەڵام لەلایەكی تریش بەو كارانەی كە دەیكات، دەریدەخات كە دەستبەرداری سیاسەتی لەناوبردن نەبووە؛ بەڵام ئێستا دۆخەكە بەرەو ڕوونبوونەوە دەچێت. ناتوانێ بەردەوامی بەو شێوازە بدات، ئێمە ئێدی هەڵناخەڵەتێین. ئەگەر دۆخەكە هەروا بەردەوام بێت، ناتوانم بۆ ماوەیەكی درێژ، گەریلاكان ڕاگرم، تەنانەت ناتوانم پێش لە ئامەدیش بگرم.
هەروەها هەڵسەنگاندنی ئاكەپەی شیرۆڤە كرد كە ڕایگەیاندبوو؛ ئامەدیان بێكاریگەر كردووە و گوتی:" من لەو باوەڕەدام كە بێكاریگەركردنی ئامەد ڕاست نییە. ئامەد بێكاریگەر نابێت. من ئامەد دەناسم، (30ـ40) ساڵ لەمەوبەر، ئەم تێكۆشانەمان لە "كایا پنار"ی ئامەد دەستپێكرد. ناتوانن ئامەد بێكاریگەر بكەن. پێویستە كۆنسەی شارەكان گوڕ بە خەباتیان بدەن. نامهەوێ ژمارەیەك دەستنیشان بكەم، بەڵام كۆنسەی شارە گەورەكان دەكرێ (500 تا 600) كەس و كۆنسەی شارە بچوكەكان، (200 تا 300) كەس لەخۆ بگرن. بەگوێرەی پێداویستییەكان دەكرێ دیاری بكرێن. پێویستە لە ناوچەكان، گوندەكان و گەڕەكەكانی شارەكان خەبات بكرێت. دەبێ كۆنسەی شارەكان ڕێگا لەبەردەم ئاشتیدا خۆش بكەن. تێكۆشان لەپیناو ئاشتیدا، وەك نان و ئاو گرنگە. هەر دەنگێك كە بە ئاكەپە دەدرێت، بەواتای دەنگدان دێت بە شەڕو چارەسەرنەكردنی پرسی كورد. ئۆجەلان سەبارەت بە فەتحوڵڵاگولەنیەكانیش ووتی:" كە هەڵسەنگاندنەكانی ئەو سەبارەت بە جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن بە هەڵە بوونەتە مایەی تیگەیشتن و دەستنیشانی كرد كە ئامانجیان هاوپەیمانییەتی نییە و گوتی، ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، ڕێكەوتنە. لەناو دینی ئیسلامیشدا، رێكەوتن هەیە.
و وتی:"ئێمە بانگمان بۆ چارەسەری پرسی كورد بە ڕێگای ئاشتی و دیموكراتی كرد، ئێمە ئامانجمان هاوپەیمانی نییە. ئەوەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، ڕێككەوتنە، لە دینی ئیسلامیشدا ڕێككەوتن هەیە. ئۆجەلان ژیان و كردەوەكانی حەزرەتی موحەمەدی بەبیردێنێتەوە و دەڵێت:" پێویستە كەس لە ڕێككەوتن نەترسێت، توركیا پێویستی بە ڕێككەوتن هەیە. ئەگەر ئەوان بۆ خۆیان ئاشتی و چاكەیان دەوێت و دەڵێن، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە كاردەكەین، ئەوكات لەو باوەڕەدام وەڵامێكی ئەرێنی بە بانگەكەی ئێمە دەدەنەوە. من داوای هاوكاریم لەوان كرد. من داوام كرد ئەوان پشتیوانی لە ئاشتیـی كۆمەڵایەتی، بكەن. كاریگەریان لەسەر بەشێكی زۆر هەیە. ئەو هەوڵانە بۆ ئاشتی لە جێگای خۆیاندان، ئاشتی كارێكی پیرۆزە و خزمەتی هەرە باشە كە بە مرۆڤایەتی دەكرێت.جەوهەری ئیسلامیش ئەوەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست