موراد قەرەیلان: ناردنی گروپی ئاشتی لەبەر گۆنجاوی هەڵومەرجی باشی توركیادا نییە
Sunday, 18/10/2009, 12:00
سەرۆكی كۆنسەی بەرێوەبەری كۆماجڤاكن كوردستان بەرێز موراد قەرەیلان لەبەرنامەیەكی تایبەتی tv.roj دا سەبارەت بە چووندنی گروپی ئاشتی بۆ توركیاو ئەو هەنگاوانەی كە لەلایەن بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردەوە بەرێوەدەچێت، ووتی: ناردنی گروپی ئاشتی بۆ توركیا لەسەر ئەساسی پێشنیاری رێبەرئاپۆ بووەو ئێمەش وەكو بزووتنەوە ئەو پێشنیارەمان بە باش دەیتیەو وەكو بەرپرسیاریەتێكی ئەخلاقی، پێویستیەكانی بەجێ دەهێنین و هەر وا كە ماوەیەكی درێژە قۆناخێكی بێ چالاكیمان هەڵبژاردووەو یەك لایەنەش ئاگربەستمان راگەیاندووە، ئەوە لەحاڵێكدا كە دەوڵەت و ئەرتەشی توركیا بۆ ساتێكیش ئۆپەراسیۆنەكانیان لەبەرامبەر بەگەل وگەریلا رانەگرتووەو لە هەوڵی پاكتاوكاری و لەناوبردن دان. پێویستە هەر كەسیش و بە تایبەت گەلەكەمان ئەو راستیە باش بزانێت چووندنی گروپی ئاشتی لەبەر ئەوە نییە، كە رەوشی توركیا گۆڕاوەو هەڵومەرج لەبارە، بەڵكۆ بۆ كردنەوەی دەرگای دیالۆگ و ئاوا كردنی كەش وهەوایەكی نەرمە بۆ چارەسەریكی ئاشتیانە، هیوادارین كە دەوڵەتیش بە ئەرێنی هەڵسوكەوت بكات. ئەگەر دەوڵەت، جارێكی تر وەكو ساڵی 1999 نزیك ببێتەوە، ئەوا قۆناخەكە جارێكی تر بەرو ئاڵۆزی و بن بەست دەگەڕێتەوە و هەوڵەكانی ئاشتی و دیموكراسیش بێ ئاكام دەمێنێت. ئەوەی راستی بێت، شەرت ومەرجی ئاشتی لەم قۆناخەدا لەهەر قۆناخێك زیاتر لەبارو گۆنجاوترە، بە مەرجێك كە هەوڵدانەكان بۆ ئاشتی و دیموكراسی زۆرتر بكرێنەوە.
بەرێز موراد قەرەیلان لەهەمان كاتدا سەرنجی راكێشا سەر كردەوەكانی ئەم دواییەی دەوڵەتی توركیا لەبەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ و گەل و گەریلا و ووتی: رێبەرمان هەنگاوەكانی بۆ ئاشتی بەهێزتر و خێراتر دەكات، بەڵام بەداخەوە دەوڵەت رۆژانە سزای گۆشەگیری سەریان توندتر و چڕتر دەكاتەوە. پەرە بە ئۆپەراسیۆنەكانی سەر گەریلا دەدەن و منداڵان و ئەندامانی دەزگاو رێكخراوەكانی گەل لە كۆڵانەكان و شەقامەكان قەتل دەكەن، بەم شێوە نەك چارەسەری، بەڵكۆ بێ چارەیی دەسەپێندرێت، پێویستە دەوڵەت و حكومەتی توركیا بە بەرپرسیاریەتییەوە هەڵس و كەوت بكات، و ئەو هەنگاوەیی كە لەلایەن بزووتنەوەكەمان و رێبەر ئاپۆوەوە بۆ ئاشتی دەنێردرێت، بێ وڵام نەهێڵێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست