پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان مەرجەكانی بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا دیاری دەكات
Saturday, 23/01/2010, 12:00
لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری (pcdk.org) دیار غەریب سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەڵوێستیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراقدا ووتی، ئێمە دەمانخواست لایەنە كوردستانی ودیموكراتخوازەكانی بەلیستێكی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردن بكەن، هەتا قورسایی زیاتر دروست بكەین بۆ چارەسەركردنی دیموكراتیانەی پرسە هەڵواسراوەكان، بەڵام بەداخەوە بەمشێوەیە نەبوو، ئەمەش دەبێتە هەڵەیەكی مێژوویی ومێژوو تۆماری دەكات.
سەبارەت بەوەی كە ئایا پشتیوانی هیچ لیست وكاندیدێك دەكەن ووتی: زۆر لیست وكاندید داوای پشتیوانیان ڵی كردوین، ئێمە چەند پرەنسیپەكمان راگەیاندووە وەكو مەرج بۆ پشتیوانیكردن لەهەر كاندیدێك یاخود لیستێك. هەر كاندیدو لیستێك، زیاتر نزیكی مەرجەكانی ئێمە بن ئەوا ئێمە پشتیوانی ئەو لیست و كاندیدە دەكەین.
لە بارەی مەرجەكانیانەوە، دیار غەریب ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان دەخوازن كاندیدو لیستەكان كار بكەن، بۆ دروستكردنی سەكۆیەكی نەتەوەیی وخیتابێكی نەتەوەیی هەم لە سەرئاستی باشووری كوردستان هەم لەسەر ئاستی گشتی كوردستان كار بۆ ئەم سەكۆو خیتابە بكرێت. لەهەمانكاتدا هەڵوێستیان بەرامبەر جوڵانەوەی كوردی لە پارچەكانی ترو دۆزی گەلی كورد لەپارچەكانی تر هەڵوێستی ئەرێنی بێت. لە لایەكی ترەوە گووتی، ئێمە دەخوازین لەبەرنامەو پرۆژەكانیاندا بەشێوەیەكی شەفاف ودیار گرنگی بەبواری پەروەردە، تەندروستی بەخزمەتگۆزاری و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری كۆمەڵگا بدەن و جەخت لەسەر چارەسەری پرسە هەڵواسراوەكانی وەكو پرسی كەركوك وناوچەدابڕاوەكان بكەن، پرسی سیستەمی ئیداری ئێراق وجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم وناوەند لەیەكتری. پرسی پێشمەرگە وهێزی چەكداری. پرسی بودجە وسامانە سروشتیەكان، بكەن. كار بكەن بۆ داڕشتنی ستراتیژییەكی تایبەت كە ئێرادەی خۆیی بەبنەما بگرێت.
كەسێتی كاندیداكان وهەڵوێستیانی وەكو بابەتێكی تر ومەرجێك بۆ پشتیوانی كردن دیار كردو جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان دەنگ بەكاندید ولیستیك دەدەن كە سبەی ئامادە بێت خزمەت بكات.
لەكۆتاییدا ئەنجامدانی رێككەوتنی نوسراو لە لایەن هەر دوو لاوە بۆ پابەند بوون بەهەڵویستەكانەوە وەكو مەرجی كۆتایی دیاری كرد. لەكۆتاییدا دیار غەریب گووتی، ئێمە دەزانین هەموو لایەن وكەسێیەتیەكان خاوەنی كەسێتی باشن، بەڵام ئەو لایەنەی رێككەوتی لەگەڵ دەكەین دەخوازین كە وەڵامی داخوازییەكانی گەل بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست