یەكەمین حاڵەتی مردنی بەپەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە كەركوك تۆمار كرا
Saturday, 28/11/2009, 12:00
دوێنێ هەینی یەكەم توشبو بە ئەنفلۆنزای بەراز لە كەركوك گیانی لەدەستدا. سایتی ئەسوات ئەلعیراق رایگەیاند: "یەكەم حاڵەتی مردن بە ئەنفلۆنزای بەراز لە قەزای حەویجە تۆماركراوە". ئاماژەی بەوەشداوە تادوێنێ 72 كەس لە پارێزگای كەركوك توشی ئەنفلۆنزای بەراز بون . بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تائێستا زیاتر 2000 كەس توشی ئەنفلۆنزای بەرازبون كە بەڤایرۆسی (H1N1) ناسراوەو ژمارەیەكیشیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن. چەند رۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: حاڵەتە تۆماركراوەكان لەهەرێمی كوردستان گەیشتنە 28 كەس. وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: داواكارین لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان پابەندی رێنماییە خۆپارێزییەكان بن وەك: زو زو دەست شوشتن بەئاو و سابون و داپۆشینی دەم و لوت لەكاتی كۆكه و پژمین و دوركەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغ و داخراو و دوركەوتنەوە لە تەوقه و ماچ كردن، هەروەها لەكاتی هەستكردن بەنیشانەكانی پەتاكە (تاو كۆكه و ژانەسەر و ژانی ماسولكەكان و قوڕگ ئێشە و پژمین) بەزوترین كات سەردانی نزیكترین بنكەی تەندروستی بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست