کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌وڵه‌كانی رێگریكردنی‌ بێئه‌نجام بوو چالاكوانێكی‌ سیاسی‌ كورد له‌ئێران له‌سێداره‌ درا

Wednesday, 11/11/2009, 12:00


سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌منێستی ئینته‌رناشناڵ‌‌و چه‌ندین رێكخراوی داكۆكیكار دیكه‌ی مافی مرۆڤ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوكمه‌كه‌ی‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌، ئیحسان فه‌تاحیان چالاكی بواری‌ سیاسی‌و مه‌ده‌نی كورد له‌زیندانی شاری سنه‌ له‌ئێران له‌سێداره‌ درا.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتوون، به‌رپرسانی زیندانی ناوه‌ندی شاری سنه‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ئیسحان فه‌تاحیانیان له‌سێداره‌ داوه‌‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بۆ رێگرتن له‌هه‌ر جۆره‌ ئاڵۆزی‌و پشێوییه‌ك له‌ئاماده‌باشی ته‌واودان.

برایه‌كی‌ ئیحسان فه‌تاحیان، له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵنێری موكریان، سه‌ره‌ڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، رایگه‌یاندووه‌ "كاتژمێر 6ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌زیندانی ناوه‌ندی شاری سنه‌ ئیحسان له‌ سێداره‌ دراوه‌‌و دواتر ئێمه‌ ئاگادار كراوینه‌ته‌وه‌".
له‌سێداره‌دانی فه‌تاحیان دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو، چه‌ندین رێكخراوی جیهانی داكۆكیكار له‌مافی مرۆڤ له‌وانه‌ رێكخراوی لێبووردنی نێونه‌ته‌وه‌یی، كه‌مپه‌ینێكی كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزایان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و حوكمه‌ رێكخستبوو، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ زیندنیانی شاری سنه‌ له‌ رۆژانی رابردوودا بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به‌و حوكمه‌، مانیان له‌خواردن گرتبوو.

هه‌ر بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و سزایه‌، دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كورده‌كانی كوردستانی ئێران كه‌ له‌ لایه‌ن كه‌مپه‌ینی داكۆكیكردن له‌ مافی زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نیه‌وه‌ بانگهێشتكرابوون، له‌به‌رده‌م باخی گشتی له‌شاری سلێمانی‌، كۆبوونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییان رێكخست.

ئیحسان فه‌تاحیان كوڕی عێزه‌توڵا، ساڵی‌ رابردوو له‌شاری كامیاران ده‌ستگیركراو به‌تۆمه‌تی‌ "دژایه‌تیكردنی خودا" له‌رێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له‌لایه‌ن لقی یه‌كه‌می دادگای شۆڕشی شاری سنه‌، حوكمی 10 ساڵ‌ زیندان‌و درووخستنه‌وه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا‌و دوای‌ پێداچوونه‌ به‌سزاكه‌یدا له‌دادگای پێداچوونه‌وه‌، حوكمی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو.
Wednesday, November 11, 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە