رێبەر ئۆجەلان: پێویستە گەلەكەمان لەباشوری كوردستان ، بناغەی یەكیەتی نەتەوەیی دیموكراتیك دابڕێژن و كۆنفڕانسی نەتەوەیی خۆیان ببەستن
Saturday, 28/05/2011, 12:00
ئاژانسهکان
ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵائۆجەلان لەدیداری رۆژی 25/5/2011 لەگەڵ پارێزەرانی، ووتی؛ لێدوانەكانی من سەبارەت بە (15)ی حوزەیران، ڕاست نابنە مایەی تێگەیشتن و ئاكەپەش تا ئێستا پێواژۆكەی بە لاڕێدابردووە و گوتی ئیدی ئەمجارە، من ڕێگە بەو هەڵوێستەی ئاكەپە نادەم. كاتێك من دەلێم دوای (15)ی حوزەیران خۆم دەكشێنمەوە، وەك هەڕەشە بەناو دەكرێت. ئامانجی من لەو لێدوانانە، هەڕەشەكردن نییە. من بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ئەو لێدوانانە دەدەم. لەم دۆخەی ئێستادا، ناتوانم لەڕووی كردارییەوە ئەركی بەڕێوەبەری ڕاپەرێنم. هەم دەوڵەت، هەمیش قەندیل و بەدەپە بەرپرسیارییەتی دەخەنە سەر شانی منەوە. كوردانیش چاوەڕوانی ئەوەم لێدەكەن كە لەڕووی كردارییەوە بەڕێوەبەرایەتییان بكەم. لەئێستا بەدواوە، دەبێ هەر كەسێك ئەوەی دەكەوێتە سەرشانی پێكیبینێت و خۆیان بڕیار لەسەر داهاتوویان بدەن. (18)ساڵە یەكلایەنە هەوڵی دەدەم كە پرسی كورد بەرێبازی دیموكراتیك چارەسەربكەم. لەدیداری هەرە دوایدا لەگەڵ شاندەكەی دەوڵەت، لەپێناو چارەسەركردنی پرسی كورد بەڕێبازی دیموكراتیانە، من باسم لەكۆتاییهێنان بەشەڕ و وەلانانی چەكەكان كردووە. چاوەڕوانی وڵامێكی ئەرێنیم. ئەگەر ئەو چاوپێكەوتنانە، پێشكەوتنی ئەرێنی لێبكەوێتەوە، ئەوكات قۆناغی چارەسەری دیموكراتیك دەستپێدەكات. بۆی هەیە لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا، جارێكی تر چاوپێكەوتنێك ئەنجام بدرێت. لەو دیدارەدا پێشنیاری بەرچاو دەخەمە بەردەم هەیئەتەكە. ئەگەر دەوڵەت وڵامێكی ئەرێنی بداتەوە بەو پێشنیارانە، ئەوكات قۆناغی چارەسەری دیموكراتیك دەستپێدەكات و منیش ئەوەی دەكەوێتە سەر شانم، باشتر پێكی دێنم و خۆم لە پەرپرسیارییەتی دورەپەرێز ناكەم. ئەگەر ئەو پێواژۆیە دەستپێبكات، ئەوكات نەك وەك ئێستا هەفتەی جارێك دیدار پێكدێت، بەڵكوو لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی پرسەكە، لەگەڵ بەدەپە و هەموو كەسێك دیدار ئەنجام دەدەم. پێویستە ڕێبازی دیموكراتیك بدۆزرێنەوە. ئەو پێشنیارانەی دەیخەمە بەردەست هەیئەتەكە، لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵدەسەنگێندرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، نەك لەلایەنی ئاكەپەوە. هەربۆیە نابێ بگوترێ ئاكەپە یان لایەنی تر پێشگیری لەچارەسەری دەكەن، من ئەو بۆچونە پەسەند ناكەم.
ئۆجەلان باسی لەهەوڵەكانی ئاكەپەش دەكات لەپێناو ئاستەنگكردنی پێواژۆی چارەسەری و ئەو هەوڵدانەی ئاكەپەی، لەدەرەوەی هەموو پێوانەكانی ئەخلاقی ناودێر كرد. ڕێگەی ئەوەتان پێنادەم كە لەپێناوە وەدوواخستنی پێواژۆی چارەسەریدا، من بەكاربێنن. ئاكەپە (9)ساڵە لەسەر پشتی من درێژە بەدەسەڵاتداری خۆی دەدات. هەتا ئێستاش هەوڵی ئەوە دەدات. بەڵام، من ئیدی ڕێگە بە هەڵوێستێكی وەها نادەم. دوای هێژمۆنی (80) ساڵەی جەهەپە، ئێستاش هەژمۆنی ئاكەپە لەگۆڕێدایە. ئێمە خزمەت بەو هەژمۆنییە ناكەین. لە ڕاستیدا من لەساڵی (2005)دا كۆتاییم بەو پێواژۆیە دەهێنا، بەڵام بەڕێگەی هەندێ لایەن پەیامی ئەوەیاندا كە پرسەكە چارەسەر دەكات. (6)ساڵە ئازارم دەدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوەڕیم بە چارەسەرییەكی دیموكراتیك هەیە، من هەر چاوەڕوان بووم.
سەبارەت بە لێدوانەكانی پێشووی كە تیایدا ووتبووی، ئەو دوای (15)ی حوزەیران خۆی دەكێشێتەوە، سێ هۆكاری دەستنیشان كرد كە یەك لەو هۆكارانە هەژمۆنی ئاكەپە، دووەم سیاسەتی ناڕێكخراوبوون و سێهەمیشیان شێوازی گەریلایەتییە. ئەگەر دەوڵەت هەنگاو نەنێ، ئەوكات لەنێوان هێزە دیموكراتیك و خۆسەرەكان و هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئاكەپەدا، شەڕ دێتە ئاراوە. من ئیدی دوای (15) حوزەیران، خۆم دەكێشمەوە بۆ ئەوەش سێ هۆكار بۆ خۆكشاندنەوەكەم ئاشكرا دەكەم؛ ئاكەپە دەسەڵاتداریەتی هەژمۆنی خۆی لە سەر پشتی من بەڕێوە دەبات و بەوەش دەیهەوێ درێژە بە دەسەڵاتداری خۆی بدات. تێگەیشتنی سیاسەتی كوردی بەدورە لە ئایدئۆلۆژی و ڕێكخستن و شێوازی گەریلایەتی كە هیچ پەیوەندی بە ڕێبازەكانی گەریلایەتی و تاكتیكەوە نییە. بەهۆی ئەو سێ هۆكارە و هەلومەرجی هەنوكەیی، ڕۆڵ وەرگرتنی من هیچ گرنگییەكی نییە. ئیدی دەبێ گرێ كوێرەكانی دەوروبەری من بكرینەوە و بارەكانی سەرشانم هەڵگیرێن. كاتێك من دەڵێم لە (15)ی حوزەیراندا خۆم دەكێشمەوە، ئەمە دەردەبڕم. من بە كەس ناڵێم بڕۆن لێدەن، بشكێنن و بكوژن، كاتێك دەڵێم لەو هەلومەرجەردا من ناتوانم سەرۆكایەتی كرداری بكەم، سەرنج بۆسەر ئەم خاڵانە ڕادەكێشم. ڕەوشی هەنوكەیی ئێرە، تەگەرەیە لەبەردەم پێشكەوتنەكان. هەموو كەسێك دەبێ خۆی بڕیارە تاكتیكی و ستراتیژیەكانی بدات. لەئێستا بە دواوە من نابمە پاڵپشت بۆ هیچ كەسێك. نابێ كەس خۆی بە من بسپێردرێت. پەیامێكی وەهاشم بۆ گەریلاكانی كوردیش هەیە. دەڵێن لەوانەیە من لێرەوە ئاشتی و ئاگربەستم پێكهێناوە. تێگەیشتن و باوەڕێكی لەم ڕەنگە هەیە، بەڵام من لێرە ئاشتی و ئاگربەستم پێك نەهێناوە. ئەرتەشی تورك گوێ ناداتە ئاگربەست. دەبێ هێزەكانی گەریلا بەهەڵەدا نەچن. پێویستە گەریلا بە گوێرەی ئەو هەلومەرجەی تێیدایە، بەڕێوەبەرایەتی كرداریی خۆی دەستنیشان بكات، ئەگەر بێت و سێ تا پێنج كەسیش بن.
ئەگەر دەوڵەت هەنگاو هەڵنەهێنێ، پێڤاژۆی شەڕێكی دوو جەمسەری، یاخود دوو بەڕێوەبەرایەتی دێتە ئاراوە. بەڕێوەبەرایەتی یەكەم، خۆبەڕێوەبەرایەتی دیموكراتیكە. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تەنها لەچوارچێوەی كورداندا سنووردار نییە، بەڵكو لەدەریای ڕەشەوە تا ڕۆژئاوا و لەهەموو توركیا خۆی بەڕێكخستن كردووە. بەڕێوەبەرایەتی دووهەمینیش دەسەڵاتداریی هەژمۆنی ئاكەپەیە. ئەگەر شانسی چارەسەریی دیموكراتیك لەدەست بدرێت، ئەوكات لە نێوان هەردوو هێزدا شەڕ ڕوو دەدات. ئەو شەڕەش شەڕی تورك و كوردان نابێ. ئەوە شەڕی نێوان هێزەكانی دەسەڵاتداریەتی ئاكەپە و هێزەكانی خۆبەریوەبەری دیموكراتیك دەبێ.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی (12)ی حوزەیرانیش، داوای لەگەل كرد، خەباتەكانی پەرە پێ بدات و دوای هەڵبژاردنەكان پارتێكی چەتر دەتوانێ دامەزرێ. ئەو پارتییە دەتوانێ لەتوركیا ببێتە بژارێك یان ئەڵتەرناتیڤێكی جددی. من سەركەوتنی پاڵێوراوانی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دیموكراسی لەتوركیا، زۆر گرنگ دەبینیم و داوا دەكەم خەباتی هەڵبژاردن بەگوڕتر بكرێت. دوای هەڵبژاردنەكانیش دەكرێ پارتییەكی چەترئاسا دابمەزرێنرێ. ئەو پارتییە بە تەواوی نەتەوەیەك لەخۆ ناگرێت. لەسەر بنەمای چارەسەركردنی پرسی تەواوی نەتەوە و كەم نەتەوەكان دادەمەزرێ. پێویستی توركیا بە پارتییەكی چەترئاسای لەو شێوەیە هەیە. دوای هەڵبژاردن، نەتەوە و كەلتوورە جیاجیاكان، دەستبەجێ دەتوانن كۆببنەوە و دەست بە خەباتی دامەزراندنی ئەو پارتییە بكەن. ئەگەر پارتیەكی وەها دابمەزرێ، دەتوانێ گەلێك پرس چارەسەر بكات و لەتوركیا ببێتە پارتییەكی ئەڵتەرناتیڤی بەهێز. ئیدی ئەوە ڕوونبۆتەوە كە پارتییە كلاسیكەكان، ناتواننن پرسەكان چارەسەر بكەن.
ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، مستەفا ماڵچۆكی بەبیرهینایەوە كە لەئامەد ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و ئەو هەڵوێستەی ماڵچۆكی وەك نیشانەی بەجەرگبوون بەناو كرد و داوای لەلایەنەكان كرد كە ڕێزەكانی خۆیان تۆكمەتر بكەن. بانگێكی وەهاشی ئاراستەی كوردان لەڕۆژئاوا و باشوری كوردستان كرد. پێویستە گەلەكەمان لەرۆژئاوای كوردستان، پێكهاتەكانی خۆبەریوەبەری دیموكراتیك و خۆپاراستنی ڕەوا ئاوا بكات. ئەوان لەگەڵ مەترسی كۆمەڵكوژی ڕووبەڕوون. لەبەرامبەر ئەو مەترسییە، دەبێ ڕێكخراوەبوونی خۆیان بەهێزتر بكەن و هەروەها پێویستە گەلەكەمان لەباشوری كوردستان ڕێكخستنبوونی خۆی تۆكمەتربكات و لەسەر ئەو بنچینەیە، بناغەی یەكیەتی نەتەوەیی دیموكراتیك دابڕیژن و كۆنفڕانسی نەتەوەیی ببەستن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست