کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەم زێڕی كوردان بە تاڵان دەبەن و هەمیش ژینگە خراپ دەكەن

Tuesday, 22/12/2009, 12:00


  كورتە ڕاپۆڕتێكی تایبەتی كۆمەلەی مافی مرۆڤی كورد لە ئوروپا ..
یەكێك لە سەرمایەكانی نەتەوەیی كوردان، كانزای زێڕی شاری تیكابە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان. ئەو كانزایە بە ساڵانە لە لایەن ژمارەیەك لە كاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران و بە هاوكاری چەند كۆمپانیەكی بیانی، بە بێ ئەوەی كە هیچ قازانجێكی بۆ خەڵكی كوردستان و تەنانەت گوندنشینەكانی هەرێمەكە هەبێت، ڕۆژانە بە تاڵان دەچیت. كارخانەی زێڕی تیكاب كە زێری كوردان بە بێ خواست و ئیزنی ئەوان بە تاڵان دەبات، نە تەنیا لە بەر چاوی خەڵك سەرمایەی ئەوان دەدزێت، بەڵكوو هاوكات بە هۆی پاشماوەكانی ئەو كارخانەیە ژینگەی هەرێمەكەشی تێكداوە و گەلێك جاران بووەتە مایەی ناڕەزایەتی گوندنشینانی دەوروبەری ئەو كارخانەیە.
بەو پێیە پاشماوەكانی ئەو كارخانەیە و بە تایبەت سیانۆڕێكی زۆر كە لەو كارخانەیەوە دەڕژێتە ناو چۆمەكانی ناوچەكە، بووەتە هۆی مردنی سەدان گیاندار و باڵندە و تەنانەت زیانی بە مەڕ و ماڵاتی كوردان گەیاندووە. هەروەها ئەو سیانۆڕەی كە تێكەڵ بە ئاوی چۆمەكان دەبێت، بووەتە هۆی ویشك بوون و خراپ بوونی زۆر یەك لە باغەكانی ناوچەكە و تام و رادەی بەرهەمی ئەو باغانەشی زۆر دابەزاندووە، ئەوەش تووڕەییەكی زۆری لە ناو دڵی جەماوەر دا پێك هێناوە.
جێی ئاماژەیە ئەو تاڵانكاریە لە كاتێك دا ڕو دەدات كە كرێكارانی ئەو كارخانەیە بە ئەرزانترین نرخ كاریان پێ دەكرێت و بۆ ئەوەی كە بیمە نەكرێن و لە هەموو مافێك بێ بەری بن، هەر بە چەند مانگ جارێك كرێكارەكانی دەردەكرێن و كرێكارانی نوێ بە نرخی ئەرزان، لە جێگەی ئەوان بە كار دەهێندرێن. هەروەها تا ئێستا چەندین كرێكار لەو كارخانەیە دا ژیانی خۆیان لە ژێر كار لە دەست داوە كە دەكرێ ئاماژە بە ناوی " سەجاد قەنبەری " بكرێت. ناوبراو لە پاییزی ئەمساڵ ، لە كاتی كار كردن ژیانی لە دەست دا.
سەرچاوەی KMMK لە هەرێمەكەوە ڕایگەیاند كە لەو كارخانەیە دا بە تایبەت كەسێك بە ناوی " حاجی عەباس " وەك بەرپرسی حەراسەت كار دەكات و دەستێكی باڵای هەیە لە ئازار دانی كرێكارانی كورد و زۆرترین هەوڵیشی ئەوەیە كە پێرسۆنێلی كورد، بۆ كار كردن لەو كارگایە ئیستیخدام نەكات. كانزای زێری " تیكان تەپە" ی شاری تیكاب، كە لە نزیك ئاسەواری مێژوویی " ئاترۆ گۆشتاسپ " یان بە وتەی ئەمڕۆیی " تەختی سلێمان " هەڵكەوتووە، یەكێكە لە گەورەترین كانزاكانی زێڕ لە كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە