کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەوڵەت وحكومەتی توركیا دەرگای سیاسەتكردن لەكورد دادەخەن

Wednesday, 20/04/2011, 12:00


لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری پ چ د ك ، سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دیار غەریب رایگەیاند كەبڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ رێگەگرتن لەكاندیداكانی هاوبەندی ئازادی و دیموكراتی كە بەشداری پێشبڕكێی هەڵبژاردندا بكەن، بڕیارێكی یاسایی نییە، بەڵكو بڕیارێكی سیاسییەو لەناوەڕۆكی خۆیدا، هەڵگری ئەو پەیامەیە كە كوردی پێ پەسند ناكرێت و ئامادە نییە ئیرادەو ناسنامەی كورد بناسێت، بەواتایەكی تر دەخوازن دەرگای سیاسەتكردن لە گەلی كورد دابخەن. ئەمەشی پێچەوانەی ئەو بانگەشانە وەسف كرد كە دەگوترێت، حكومەتی توركیا ودەوڵەتی توركیا گۆڕانكاری باشیان سەبارەت بە كورد ودۆزی كورد ئەنجام داوە.
دیار غەریب ووتی، وەكو لەراگەیاندنەكانی توركیاشدا باس دەكرێت و هەڵوێستی لایەنە دیموكراتخوازەكانی توركیاش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ئەو كاندیدانە هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە، بەتایبەتی گوڵتان كشاناك و سەباحەت تونجەل كە ئێستا بۆ خۆیان ئەندامی پەرلەمانن، ئیدی چۆن رێگایان لێ دەگیردرێت كە جارێكی تر هەڵبژردرێنەوە، ئەگەر هەڵوێستێكی سیاسی لە پشتی ئەم بڕیارەوە نەبێت. هاوكاتیش ئاماژەی بەوە كرد، كە پارتی دادوگەشەپێدان و حكومەتەكەی، لە بەرامبەر ئەم بڕیارە بەرپرسیارن، چونكە ئەم بڕیارە رێگا لەبەردەم كاندیدەكانی ئەو پارتە خۆش دەكات بۆ ئەوەی سەربكەون. لەبەر ئەوەی لەناوچە كوردنیشینەكاندا، تەنیا هاوبەندی ئازادی و دیموكراتی كە پارتی ئاشتی ودیموكراتی پشتیوانی دەكات، كێبڕكێ لەگەڵ ئاكەپەدا دەكات.
سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دیار غەریب ئەوەشی ووت؛ ئەگەر ئاكەپە بەم بڕیارەیدا نەچێتەوە، ئەوە بەو واتایە دێت كە ئەوان لەپشتی بڕیارەكەوەن و دەخوازن هیچ كەس ولایەنێك لەكوردستاندا ململانێیان نەكات. ئەمەش ڕەوایەتی هەڵبژاردنەكان ناهێڵێتەوەو رەنگە لەم حاڵەتەدا، پارتی ئاشتی ودیموكراتی هەموو كاندیدەكانی خۆی بكشێنێتەوە. لەم حاڵەتەدا، توركیا هەنگاو بەرەو دواوە دەنێت، لە بواری چارەسەری دۆزی كورد و دیموكراتیزەبووندا. هەر بۆیە داوای لەحكومەت و دەوڵەتی توركیا كرد، كە لەبن ناوی سەربەخۆیی یاسادا، خۆیان لەبەرپرسیارێتی لانەدەن، چونكە لەئەنجامدا، ئەوان بەرپرسیارن لەئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەو بڕیارە. جا باشترە هەرچی زووە لەچوارچێوەی پێوانەی دیموكراتیدا، ئەو بڕیارە هەڵبوەشێننەوەو خزمەت بە كۆمەڵگای تورك وكوردیش دەكات.
سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، داوای لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كورستانی كرد، كە لەم بوارەدا، رۆڵی خۆیان ببینن و كار بكەن بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە. هەروەها داوای لەرۆشنبیران و لایەنە سیاسی و رێكخراوە مەدەنییەكان كرد، كە لەم بوارەدا، خاوەن هەڵوێست بن.
لەكۆتاییدا، سەرۆكی پ چ د ك ووتی؛ ئێمە لەو باوەڕەداین كە گەلەكەمان لەباكووری كوردستان بووە بەخاوەنی ئیرادەی خۆی و ئەگەر ئەو بڕیارەش هەڵنەوەشێننەوە، ئەوە بێ ئەڵتەرناتیڤ نامێنێت و دەتوانێت بە شێوەیەكی ئاكتیڤ بەشداری لە سیاسەتدا بكات و تەنیا پەرلەمان وەكو گۆڕەپانی سیاسەت كردن نابینێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە