کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامۆستا شێخ عێزه‌دین حوسه‌ینی‌، زانای‌ ئایینی‌ و كه‌سایه‌تی سیاسی كۆچی دواییكرد

Friday, 11/02/2011, 12:00


شه‌وی‌ رابوردو له‌ شاری‌ ئۆپسالای‌ وڵاتی‌ سوید، مامۆستا شێخ عێزه‌دین حوسه‌ینی‌، زاناو كه‌سایه‌تی سیاسی كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات له‌ ته‌مه‌نی 89 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
مامۆستا شێخ عێزه‌دین، له‌ ساڵی‌ (١٩٤٣) دا بوه‌ به‌ ئه‌ندامی (ژێكاف)و لە پێکهاتنی کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد به‌شداریكردوه‌و به‌رده‌وامبوه‌ لە خه‌باتی رزگایخوازی‌ له‌ پێناو داوا ره‌واكانی‌ ڕەوای گەلی کورد.
به‌ درێژایی ژیانی وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ئایینی‌، باوه‌ڕی‌ به‌ یه‌كسانی‌ ئه‌رك و مافی ژن و پیاو هه‌بوه‌ له‌ خه‌باتی‌ سیاسی شۆرشگێڕی‌ و كاری‌ مه‌ده‌نیداو له‌و ده‌رباره‌ به‌ بۆچونه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ ناسراوه‌ته‌وه‌.
ژیاننامه‌ی‌ مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی
مامۆستا بەهاری ساڵی ١٩٢١ی زایینی لە شاری بانە لە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایکبوە.
کوڕی شێخ سالحە کە لە سەیدەکانی بەرزنجەبو؛ شێخ سالح کە لە سەردەمی خۆیدا زانایەکی ئایینی ناودار بو، دژایەتی حکومەتی ڕەزاشای دەکرد، بە نهێنی لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید ڕێبەری بزوتنەوەی کورد لە سلێمانی پەیوەندی هەبو.
مامۆستا زۆری پێخۆشبو بچێتە خوێندن بەڵام لە شاری بانە هەتا ساڵی (١٩٣٦) مەدرەسە نەبو؛ سەرف ‌و نەحو، قورعان، "گولستان و بوستان" و هی ‌دیکەی لەلای بابی خوێند.
ساڵی (١٩٣٨) لە گوندی سیسێر لە لای مەلا سەیدحوسەین چوە فەقێیەتی؛ سێ ساڵ لەوێ مایەوە؛ دەچێتەوە بانە و دواتر لە نمەشیر، دیسانەوە سیسێر و ماوەیەکیش لای مامۆستا مەلا باقری بەناوبانگ لە ئاوایی بالیک لە ناوچەی مەریوان خوێندویەتی.
ساڵی (١٩٤٢) بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ناوچەی موکریان کە لەوێ هەڵسوڕانی سیاسی و هەستی نەتەوایەتی بەرزبو. ساڵی (١٩٤٣) لە ناوچەی بۆکان، بە نێوی نهێنی "هەوێن" ئەندامەتی کۆمەڵەی ژێ‌کاف ی پێبەخشرا و بوە چالاکی سیاسی.
ساڵی (١٩٤٥) چالاکانە لە ڕێوڕەسمی هێنان و هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداریکرد.
بەهاری ساڵی (١٩٤٦) دەچێتە مەهاباد کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بو و ماوەیەک لای کەسایەتی بەناوبانگ مامۆستا مەلاحوسەین مەجدی درێژە بە خوێندن دەدات.
(١٩٤٨) لە لای مامۆستا مەلاعەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیان ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێت و بە ڕەسمی دەبێتە مەلا و مودەڕیس لە گوندی کانییە ڕەش لە ناوچەی موکریان.
لە نێوان ساڵەکانی (١٩٥٨- ١٩٥١) لە گوندەکانی کانییە ڕەش، گۆلێ و قارەوای موکریان مەلا و مودەڕیس بوە.
لەم ساڵانەدا چەندین روداوی گرینگ ڕویانداوە کە کاریگەرییان هەبوە لەسەر ژیانی مامۆستا؛ لە نێوان ساڵانی ١٣٢٩ هەتا ١٣٣٢ هه‌تاوی‌ بزوتنەوەی جوتیاران لەو ناوچەیە زۆر بەهێز بوە و مامۆستا کە هەمیشە لایەنگری چینەچەوساوەکانی کۆمەڵگا بوە، کەوتوەتە بەر هێرشی ئاغا و مالیکی ناوچەکە و بەوبۆنەشەوە ناچارکراوە گوندەکەی بەجێبهێڵێت. مامۆستا بە هۆی هەڵوێستی پێشکەوتنخوازانەی کە بوێرانە دەریدەبڕین، لە بواری جۆراوجۆردا بەناوبانگ بو ؛ بۆ وێنە دژ بە خۆرافاتی ئایینی بو؛ لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی دەکرد لەگەڵ دیاردەی کچ بە پچوکی بەشودان، گەورە بە پچوک، ژن بە ژنە و سێ‌تەڵاقە.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمێک لە ئێران کە کێشەی میللی‌کردنی نەوت لەلایەن دەوڵەتی دوکتور محمد مسدق‌ەوە لەئارادابو؛ لە ئاکامدا کودیتای ساڵی (١٩٥٣) کە بە پشتیوانی بەریتانیا و ئەمریکا کرا دەوڵەتی مسدق ڕوخا و شای ئێران کە هەڵاتبو بۆ دەرەوە دیسانەوە گەڕایەوە سەر حوکم.
ساڵی (١٩٥٨) لە مەهاباد دەبێتە مودەریس لە مەدرەسەی علومی دینی؛ لەو سەردەمەدا مامۆستا لایەنگری بیروبۆچونی شێخ محمد عبدە بو؛ بۆ وێنە کتێبی "رساله‌ التوحید"ی ئەوی دەگوتەوە.
ئەو کەسانەی کە لەلای مامۆستا شێخ عێزەدین خوێندویانە، چ لە مەهاباد و چ ساڵەکانی پێشوتر، لە پەنای خوێندنی ئاسایی فەقێیەتی و ئایینی، لەگەڵ مێژوی تێکۆشان و خەباتی گەلی کورد دژ بە ستەمی میللی ئاشنا دەبون؛ تێکۆشەری بەناوبانگ مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە یەکێک بو لەو کەسانەی کە لای مامۆستا خوێندبوی.
ساڵی (١٩٦٨) بو بە ئیمام جومعە لە مەهاباد.
هەر ئەو ساڵە شەپۆلێکی بەکۆمەڵ گرتنی تێکۆشەرانی کورد کەوتەڕێ و بەتایبەت پادەگانی جەڵدیان بو بە زیندانێکی گەورە. مامۆستا بۆ ماوەیەکی کورت گیرا؛ لەو ماوە کورتەیشدا کەسایەتی ئایینی شاری مەهاباد و خەڵکی شار کەوتنە گەر و ئەگەری خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبو.
لەو ساڵانەدا کە لە مەهاباد بو بەردەوام لە پەیوەندیدا بو لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ، ئەندامان و خەباتکارانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت لە ساڵەکانی (١٩٦٨- ١٩٦٧)دا پەیوەندی گەرم و گوڕی هەبو لەگەڵ تێکۆشەرانی بزوتنەوەی کوردستان.
٧ی مانگی شەشی ١٩٧٨ لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تێکۆشەری لە مێژینە عەزیز یوسفی کە تازە بە نەخۆشی لەزیندان ئازاد کرابو وتارێکی گرینگی پێشکەش کرد. ئەم وتارە لەسەر گۆڕی ئەو تێکۆشەرە لە شاری مەهاباد کە بە بەشداری هەزاران کەس لە هەمو شارەکانی کوردستانەوە بەڕێوەچو، دەنگدانەوەیەکی ئێجگار زۆری هەبو. ئەمە بە دەستپێکی بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دژی حکومەتی شا دەژمێردرێت.
بەدرێژایی ئەو ساڵە پڕ لە ڕوداوە مامۆستا کە لە مانگی خەزەڵوەردا ببوە سەرۆکی شورای شاری مەهاباد، بەردەوام لەو شارە و لەشارەکانی دیکەی کوردستان لە بۆنەی جیاوازدا قسەی بۆ خەڵک دەکرد و هانیدەدان بۆ خەبات.
بە ڕوخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، رۆڵی مامۆستا شێخ عێزەدین زۆر بەرجەستە بوەوە. هەمو نوێنەرانی حکومەت و کاربەدەستانی ناوچەکە کاتێک دەهاتنە کوردستان دەچونە لای مامۆستا.
رۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی (١٨ی مانگی دوی ١٩٧٩) یەکەم دەستەی نوێنەرایەتی حکومەت کە داریوش فروهر یەکێک لە ئەندامانی بو، هاتە مەهاباد و یەکڕاست چونە لای مامۆستا. دواتر لە کۆبونەوەیەکی گەورەدا بڕیارنامەیەک لەلایەن نوێنەرانی شارەکانی کوردستانەوە (لەوانە رێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵە) پێشکەشی نوێنەرانی دەوڵەت کرا کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەبو کە مامۆستا شیێخ عێزەدین دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سەرۆکایەتی هەر هەیئەتێک بکات کە لەلایەن گەلی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی‌دا دەکەوێتە وتوێژ.
نەورۆزی (١٩٧٩) دوای کارەساتی خوێنین لە شاری سنە، مامۆستا لایەنێکی سەرەکی بو لە وتوێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت کە بریتی بون لە رفسنجانی، بنی‌سدر، بهشتی، گالقانی و . . . کەسانی دیکەیش. لەو کۆبونەوەدا بو کە مامۆستا لە کاتی فڕینی فرۆکە شەڕکەرەکان بەسەر شاری سنەدا و لەگەرمەی وتوێژەکاندا گوتی "فەرقی تاج و عمامە چییە؟ حکومەت نەگۆڕدراوە، تاجی پاشایەتی لاچوە و عمامە هاتوەتە جێگای."
رۆژی شەشی خاکەلێوەی (٢٦ی مانگی سێی ١٩٧٩) مامۆستا رایگەیاند لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نادیارە لە ریفراندۆمدا بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشداری ناکات.
مانگێک دواتر واتە لە مانگی گوڵاندا لەسەر بانگهێشتنی وەزیری ناوخۆ سەفەرێکی کرد بۆ تاران و قوم؛ لەم سەفەرەدا لەگەڵ خومەینی، بازرگان سەرەکوەزیر، وەزیری ناوخۆ و چەندین کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیدار و گفتوگۆی کرد.
لە دیدار لەگەڵ خومەینیدا کاتی خوداحافیزی خومەینی دەڵێت هێمنایەتی کوردستانم لە تۆ دەوێت، مامۆستایش دەڵێت منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێت.
لەو سەفەرەدا لە "زانکۆی سنعتی شریف‌"ی تاران لەناو هەستی زۆر گەرمی دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ لە وتارێکدا وتی: "ئەو ئایینەی خەڵک بەگژیەکدا دەکات، ئایینی ئیلاهی نییە. . . سانسۆر نمونەیەکە لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی. کۆنەپەرستی لە هەر جلوبەرگێکدا و بەهەر ڕەنگێک بێت مەحکومە . . . ئێمە لایەنگری هەڵسوڕانی هەمو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانین . . شۆڕش هێشتا بە ئاکام نەگەیشتوە چونکو ئامانج لە شۆڕش گۆڕانی بنەڕەتییە."
سەرەتای ساڵی‌ (١٩٧٩) مامۆستا شێخ عێزەدین لەناو بەخێرهێنانی ئاپۆرەی خەڵکدا کە بە دەیان هەزار لە سەر جادە و لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان ریزیان بەستبو گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە شاری سنەوە، بە دیواندەرە، سەقز، بانە و بۆکاندا گەڕایەوە بۆ مەهاباد.
له‌ (٦ی مانگی شەش ١٩٧٩) هۆشداریدا: "ئەگەر وریا نەبین توشی شەڕی چەکداریمان دەکەن. . . پارێزگاری لە شارەکان دەبێت لەژێر چاوەدێری شۆرای شارەکاندا بێت. . بڵاوکردنەوەی چەک لە کوردستان [لە لایەن حکومەتەوە] وایکردوە کە ئەگەر کارێکی بۆ نەکرێت، کوردستان لەسەردەری شەڕی ناوخۆدا دەبێت."
(١٩ی مانگی هەشت ١٩٧٩) فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەرچو؛ مامۆستا لە گەڵ تێکۆشەرانی گەلی کورد چوە شاخ و لە ڕێگای ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانییەوە دەنگی گەلی کوردی بە هەمو جیهان دەگەیاند.
چەند هەفتە دواتر "دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی" بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی مامۆستا پێکهات کە ئەندامەکانی ژمارەیەک لە کەسانی نزیک لە مامۆستا و تێکۆشەرانی خەڵکی چەند شارێکی کوردستان بون.
1ی‌ مانگی یازدەی ١٩٧٩) لەسەر داوای مامۆستا بەبۆنەی جێژنی قوربانەوە بە سەدان هەزار خەڵکی کوردستان لە شارو شارۆچکەو لادێکاندا خۆپیشاندانی پڕشکۆی جەماوەری و سەرتاسەرییان رێکخست بە پشتیوانی لە بزوتنەوەی کوردستان، بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدان و دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی.
لە پاییزی ئەوساڵەدا چەندین کۆبونەوە کرا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت کە لە تارانەوە هاتبون بۆ دێهاتی ناوچەی سەرسنوری سەردەشت کە مامۆستا رۆڵی سەرەکی هەبو لەو کۆبونەوانەدا.
لەم ماوەیەدا "دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد" بە سەرۆکایەتی مامۆستا بۆ وتوێژ لەگەڵ دەوڵت پێکهات کە حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و ڕێکخراوی چریک فیدایی ئەندامەکانی بون.
٢١ی سەرماوەز واتە ١٢ دیسامبر یەکەمین و تەنها کۆبونەوەی ڕەسمی نوێنەرانی حکومەت لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد پێکهات.
هەتا کۆتایی ساڵ بەردەوام کۆبونەوە دەکرا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت و نوێنەری تایبەتی خومەینی بۆ قسەوباس لەسەر چۆنییەتی درێژەدان بە وتوێژ بەڵام سەرەڕای هەوڵدان و خۆش مەبەستی مامۆستا هیچ ئاکامێکی نەبو.
(مانگی چواری ١٩٨٠) مامۆستا سەفەرێکی دەستپێکرد لە مەهابادەوە بۆ بۆکان، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان و بانە و لەهەمو لایەک لە کۆڕ و خۆپیشاندانی دەیان هەزارکەسیدا رایدەگەیاند گەلی کورد خوازیاری مافی ئاسایی خۆی و ئاشتی و پێکەوە هەڵکردنە و دژ بە دەستپێکردنەوەی شەڕە. وێنە و فیلمی ئەم سەفەرە سیمای رێبەرێکی زۆر خۆشەویست و لەناو دڵی خەڵکدا نیشاندەدات کە خەون و ئارەزوەکانی خۆیان لە هەڵوێست و دەربڕینەکانی مامۆستادا دەدیتەوە. بەداخەوە هەر لەو مانگەدا خولی دوهەمی هێرشی بەرینی کۆماری ئیسلامی بۆسەر شارەکانی کوردستان دەستی پێکردەوە.
سەرەتای ساڵی (١٩٨٢) مامۆستا نوێنەری خۆی ناردە دەرەوە بۆ ئه‌وروپا بۆ ئاگارکردنەوەی بیروڕای جیهانی لەسەر بارودۆخی گەلی کورد و بزوتنەوەکەی و تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی. مامۆستا بەو نوێنەرەیدا چەندین نامەی نارد بۆ پاپ لە ڤاتیکان، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و چەندین سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و یاسر عەرەفات. هەروەها پەیامێکی تایبەت بۆ ڕای گشتی جیهان و ئێرانییەکان و کوردەکان لەدەروەی وڵات کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فەرانسە بڵاو کرایەوە. دواتر ڕاپۆرتی ئەم سەفەرە کە فەرانسە و بەریتانیا و ئەڵمان و دەرباری ڤاتیکان و ئیتالیا، سوریا و لوبنانی گرتەوە بەوردی بۆ بیروڕای خەڵکی کوردستان و ئێران بڵاوکرایەوە.
لە پاییزی ساڵی (١٩٨٢) مامۆستا سەفەرێکی نۆ هەفتەیی کرد بۆ پاریس و دواتر بۆ عەرەبستان بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ بارودۆخی گەلی کورد. لە سەفەری پاریسدا جگە لە چاوپێکەوتن و قسەوباس لەگەڵ رادیۆ، تەلەڤیزیۆن و رۆژنامە گەورەکانی فەرانسە، لەگەڵ رادیۆ بی‌بی‌سی بەشی فارسی گفتوگۆیەکی گرینگی کرد. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و شاعیران و رۆژنامەنوسان و سیاسەتمەدارانی فەرانسە، ئینگلستان، ئیرلەند، ئاڵمان و ئیتالیا و ئێرانی و کورد دیدەنیان کرد. مامۆستا لەهەمو ئەو دیدارانەدا بە وردی لەسەر بارودۆخی کوردستان و خەباتی ڕەوای میللەتی کورد و ئاشتیخوازانەبونی بزوتنەوەی کوردستان و ڕەوابونی داواکانی دوا. هاوکات تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکرد. لە عەرەبستان مامۆستا هاوکات حەجی عەمرەی بەجێهێنا.
لە ساڵەکانی (١٩٨٨- ١٩٨٥) دا مامۆستا لە هەل‌ومەرجێکی دژواردا لە ناوچەکانی سەرسنوری کوردستان لە نێوان عێراق و ئێراندا دەژیا و بەردەوام بو لە چالاکی سیاسی و دەرکردنی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕاو بۆچونەکانی. هەر لەم ساڵانەدا بو کە مەقەڕی نیشتەجێبونی خۆی و بنەماڵەکەی لە ناوچەی سەرسنوری پارێزگای سلێمانی کەوتە بەر پەلاماری فرۆکە جەنگییەکانی حکومەتی بەعسی عێراق کە لە ئاکامدا زۆر بەداخەوە دایکێک و منداڵەکەی شەهیدبون، مامۆستا و سەیدزادە خانمی هاوسەری و نۆ پێشمەرگەیش برینداربون.
ساڵی (١٩٨٨) سەفەرێکی کرد بۆ وڵاتی تونس بۆ دیدار لەگەڵ یاسر عەرەفات و دواتر سەردانی سوێد و فەرانسەی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ کوردستان.
لە کۆتایی هاوینی ساڵی (١٩٩٠)دا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بو.
مامۆستا یەکێک بو لە بەشدارانی كۆنفرانسی‌ ستۆکهۆلم کە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لە شاری ستۆکهۆلم گیرا سەبارەت بە بار و دۆخ و دواڕۆژی کوردستان کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە مێژونوسان، سیاسەتمەداران، نوسەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و بیانی تێیدا بەشداربون.
لە پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسێلدا چەند ساڵێک چالاکانە بەشداربو؛ هەروەها لە چەندین کونفرانس و کۆنگرەی دیکە لە فەرانسە و ئەڵمان بەشداری هەڵسوڕاوانەی کردوە. مامۆستا بە درێژایی ژیانی دۆستایەتی نزیکی هەبوە لەگەڵ زۆربەتی تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و بەردەوام پشتیوانێکی شێلگیری خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بوە لە سەرانسەری کوردستان.
جۆزەردانی (٢٠٠٤) رێز لێنانێكی تایبەت لە مامۆستا لەلایەن "انجمن پژوهشگران ایران" لە کونفرانسێکدا لە ستۆکهۆلم بەڕێوەچو کە بریتی بو لە قسەوباس لەسەر کەسایەتی مامۆستا و رێزلێنان بۆ ئەو هەمو ساڵە خەبات و تێکۆشانەی.
لەو ماوەی کە لە سوێد بو، بێ وچان و چالاکانە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسەتمەداران، نوسەران، شاعیران و کەسایەتی دیاری ناو بزوتنەوەی کوردستان و ئێران بەردەوام تێدەکۆشا لەگەڵ راگەیاندنی هەڵوێست و بیروبۆچونی خۆی، گوێبیستی بیروڕای ئەوانی دیکەیش بێت.
مامۆستا شێخ عێزه‌دین حوسه‌ینی، نموونه‌ی كه‌سایه‌تیكی شۆڕشگێڕ و باوه‌ڕمه‌ندێكی به‌دڵ بوو كه‌ ئازادی و نیشتمانپه‌روه‌ری له‌ كه‌سایه‌تی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ كرد بوو و له‌تێكۆشانی ئازادیخوازی گه‌له‌كه‌ماندا هه‌ر له‌ سه‌رتای به‌شداربوونی بۆ ناو رێزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ كوردستان"ژكاف"، هه‌تاكۆ به‌شداربوونی له‌ كۆماری كوردستان له‌مه‌هاباد و پاشان به‌رده‌وام بوونی له‌ رێبازی ئازادیخوازی گه‌له‌كه‌مان، نیشانه‌یه‌كی ئه‌م پابه‌ندبوونه‌ی بوو بۆ ئازادی و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ زه‌تكراوه‌كانی گه‌له‌كه‌مان. مامۆستا شیخ عێزه‌دین حوسه‌ینی، هه‌رچه‌ند كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دینی بوو، به‌ڵام له‌سه‌روه‌ری هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش بوو، كه‌ وڵات و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی له‌ پێش هه‌موو شتێكدا دانابوو و له‌ پێناو ئه‌و ناسنامه‌یه‌ش به‌ جساره‌ت و باوه‌ڕییه‌وه‌ بره‌وی به‌ تێكۆشان وبه‌رخۆدان له‌به‌رامبه‌ر به‌ بێ عه‌داڵه‌تی و نادادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مانی ده‌دا، به‌شداربوونی مامۆستا شێخ عێزه‌دینی حوسه‌ینی له‌ شۆڕشی گه‌لانی ئێراندا.
مامۆستا بە درێژایی ژیانی خەریکی خوێندنەوەی کتێب بوە و لەم بوارەش دا گرینگی بەوەداوە تا چ ڕادەیەک لە باری مێژویی، زانستی و ئایینییەوە ناوەرۆکی کتێبەکە بەپێز بوە؛ هەربۆیە تا دوایین رۆژەکانی ژیانی بەردەوام لە هەمو بوارەکاندا کتێبی خوێندوەتەوە.
لە ڕێگای تەلەڤیزیۆنی سه‌ته‌لایت و هەرەوەها رادیۆ کوردییەکان، بەردەوام گفتوگۆی کردوە و سەرەڕای دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی و لێکدانەوەی هەل‌ومەرجی کوردستان، سەبارەت بە بیرو بۆچونەکانی خۆی لەمەڕ ئایین، حکومەتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی بەوردی لێدوانی داوە.
دوایین دەرکەوتنی مامۆستا لە میدیاکاندا له‌ (٧ی سیپتامبر ٢٠١٠) لە تەلەڤیزیۆنی فارسی بی‌بی‌سی لە پرۆگرامی "بەعبارت دیگر"دا بو؛ لەوێدا وتوێژێک بە زمانی فارسی لەگەڵ مامۆستا بڵاوکرایەوە کە لە ئاستی کوردستان و ئێران و دەرەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبو. ئەم گفتوگۆیە زۆرێک لە بیروبۆچونەکانی مامۆستای تێدایە لەسەر کوردستان، ئێران، ئازادی و دیموکراسی، دین و بیروباوەڕ، پرسی ژن، ڕۆڵی حکومەتی دینی و هەروەها بزوتنەوەی سەوز.
مامۆستا شێخ عێزەدین و سەید زادە خانمی هاوسەریان حەوت منداڵیان هەیە: ئایشێ، فاگمە، جمال‌الدین، شیرین، پەروین، سەیران و جەمیلە.
له‌ سبه‌ی به‌ هه‌ندێ ده‌ستکارییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە