دوو كادری ژنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە، رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە
Thursday, 18/11/2010, 12:00
لەگەڵ نزیك بونەوەی ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان. توندوتیژیەكانی ئاسایشی دەسەڵاتی(پارتی دیموكراتی كوردستان) ڕۆژبەڕۆژ لەدژی ژنان لەزیادبووندایە.
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، توندوتیژیەكانی كاربەدەستانی پارتی دیموكراتی كوردستان شەرمەزار دەكەین و داوای دادگای كردنی ئەو كەسانەش دەكەین كە توندوتیژی بەڕێوە دەبەن.
ئەمرۆ، بەرواری 18-11-2010 لەشارۆچكەی دیانا كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی دوو ئەندام وخەباتكاری(ژن) پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان رووبەڕوی هێرشێكی دڕەندانە لەلایەن كەسێكی بەرپرس بەناوی مولازم سیروان سلێمان موزوری دەبنەوە. دوو كادرەكەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ناویان"ژین مستەفا عومەر و كەلسوم سالم عومەرە" كە لەكاتێكدا بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە سەردانی كەسانی دۆست و خانەوادەی شەهیدانیان دەكرد، لەناكاو ملازم سیروان بەسەیارەكەی لەگەڵ چەند كەسێكی تر هێرش دەكاتە سەرئەم دوو كادرەو سەرەڕای سوكایەتی بەشێوەیەكی دڕندانە پەلاماریان دەدات. جێگری سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەرێز(نەجیبە عومەر) بەماڵپەری پارتەكەی رایگەیاندووە كە ئەمە گەورەترین بێ ڕێزی و توندوتیژییی سیاسیەو ترۆریزەكردنی كاروخەباتی پارتەكەمانە كە لەسەر خەباتكاران و ئەندامانمان بەڕێوەی دەبەن. نەجیبەعومەر ووتی؛ دیسان گەورەترین بێڕێزی و بێ حورمەتیە لە بەرامبەر ژنانی سیاسی و تێكۆشەری نەتەوەیی ودیموكراتیكدا. ئێمە ئەم هێرشانە زۆربەتوندی شەرمەزار دەكەین و ئەم شێوە كردەوەو هەڵس وكەوتانەی بەرپرسانی ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی دڕندانەو نامرۆڤانەیەو دورە لە هەموو پێوانەكانی مافی مرۆڤ ودیموكراتیەت. هەروەها شەرمەزاریە بۆ كەسێك كەخۆی بەكورد بزانێ و هێرشێكی بەم شێوەیە لەسەر كەسانی سیاسی ـ نەتەوەیی بەرێوە ببات و بەتایبەتیش لەبەرامبەر ژنان.
جێگری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەرێز نەجیبەعومەر ووتی؛ داوا لەئاسایشی دیانا دەكەین كەبەزوترین كات ئەو كەسە(مولازم سیروان) كەبەرپرسیارێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بدرێتە دادگاو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت و هاوكاتیش داوا لە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە سەبارەت بەو ڕوداوە لێدوان وڕونكردنەوە بدەن، چونكە ئەوە جارێ یەكەمین نییە، كە ئەندامانی ئێمە لەلایەن ئاسایشەوە، دەستبەسەر دەكرێن، یان خۆد رووبەرووی سۆكایەتی و كردەوەی نانەتەوەییانە دەبنەوە. ئەگەر ئاسایش هەڵوێست وەرنەگرێت؛ ئەوا ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانە بێ دەنگ نابین. نەجیبەعومەر ئەوەشی راگەیاند كە ئامانجی ئەم كردەوانە هەمووی بۆ ئەوەیە ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەو هەرێمانەدا كارو ڕێكخستن نەكەین. ئەوە لەحاڵیكدایە كە رۆژانە، راگەیاندنەكانی حیزبی و حكومی باسی پێشكەوتنی دیموكراتییەت و ئازادی سیاسی لە هەرێمەكەدا دەكەن، بەڵام بەداخەوە، ئەم هەموو، پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە، كە دەكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست