زێنەب جەلالیان: تەنانەت پارێزەرێكیشم نییە رێكخراوە كوردییەكان بێدەنگن
Saturday, 28/11/2009, 12:00
ئەو كچە كوردەی بە ئێعدام مەحكووم و لە گرتووخانەی سنە چاوەروانی لەداردانە، لە نامەیەكدا داوا لە چالاكانی بزووتنەوەی ژنان و مافی مرۆڤ دەكا پشتیوانیی لێ بكەن. جەلالیان دەنووسێ: "لە دادگایەكی چەند خولەكیدا حوكم درام و تەنانەت پارێزەرێكیشم نییە".
زێنەب جەلالیان كە ساڵی رابردوو لە لایەن دادگایەكی كۆماری ئیسلامییەوە بە ئێعدام مەحكووم و دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامیش لە چەند رۆژی رابردوودا حوكمەكەی ئەرێ كردووە، لە نامەیەكی كورتدا كە دوێنێ (هەینی) لە رێگای بنەماڵەكەیەوە داوەیەتی بە رای گشتی، باسی ئەوە دەكا كە گیراوێكی سیاسیی كوردە و داواش لە چالاكانی بزووتنەوەی ژنان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەكا پشتیوانیی لە دۆزەكەی بكەن، چوونكا وەك ئەو دەڵێ: "تەنانەت پارێزەرێكیشم نییە".
جەلالیان لە نامەكەیدا دەنووسێ:
"كچێكی 27 ساڵەی كوردم، وەك گیراوێكی سیاسی لە گرتووخانەی ئێران دام. حوكمی لەسێدارەدانم لە لایەن دیوانی باڵای دەوڵەتەوە ئەرێ كراوە. بەردەوام لەژێر ئەشكەنجە و هەڵسوكەوتی خراپ دام. لێپرسینەوەیەكی نمایشیم لەگەڵ كرا، بەبێ پارێزەر و لە چەند خولەكدا بە ئێعدام مەحكووم كرام. تەنانەت پارێزەرێكیشم نییە بمپارێزێ. دادگاش تەنیا چەند خولەكێكی بۆ دۆزەكەم تەرخان كرد. دادگا پێی گوتم تۆ دوژمنی خودای، لە ماوەیەكی كورتدا وەك هەموو دوژمنانی خودا لەدار دەدرێی. دادوەرەكان لە هەموو پرۆسەی دادگادا دەنگیان بە لەداردانم دا. داوام لە دادوەر كرد رێگەم بدەن ماڵئاوایی لە دایكم بكەم، كەچی دادوەر پێی گوتم "دەمت داخە" و داواكەمی رەت كردەوە. داوا لە هەموو پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ژنان دەكەم لە بەرامبەر ئەو مافخواوییەدا پشتیوانیم لێ بكەن."
زێنەب جەلالیان خەڵكی شاری "ماكۆ"یە لە باكووری رۆژهەڵاتی كوردستانە و بە هۆی ئەندامبوون لە پارتی كرێكارانی كوردستاندا، بە تاوانی ئەندامەتیی پژاك بە ئێعدام مەحكووم كراوە.
شیاوی لێ وردبوونەوەیە كە رێكخراو و دامەزراوەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ، هەروەها رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی گیراوانی كورد لە رۆژهەڵات، تا كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هیچ هەڵوێستێكیان لەمەڕ دۆزی ئەو كچە كوردە بە ئێعدام مەحكووم كراوە لە خۆیان نیشان نەداوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست