دوو شاكاری رێبەری گەلی كورد بەناوی مانیفێستۆی شارستانی دیموكراتی كەوتنە بازار
Tuesday, 22/12/2009, 12:00
زنجیرە شاكارەكانی مانیفێستۆی كۆمەڵگەی دیموكراتی ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان چاپ و بڵاو كرایەوە. هەمئێستا خوێنەران بەشەكانی یەكەم و دووەمی مانیفێستۆی شارستانی دیموكراتی دەتوانن لە كتێبخانە و بازاڕەكانی باشوری كوردستان پەیدای بكەن. ئۆجەلان لە زیندانە تاكەكەسیەكەی ئیمرالی دا و لە هەڵومەرجی توندی گۆشەگیری دا قەڵەمی خستە سەر كاغەز و مانیفستۆی كۆمەڵگەی دیموكراتی بە دیدێكی زانستیەوە نوسی و پرەنسیپەكانی سیستەمێكی ئایدۆلۆژی نوێی كەلتور و ئەخلاقی گەڵاڵە كرد.
ئۆجەلان لە شارەكانی شارستانی و شارستانی كاپیتالیزم دا ، باس لەو كێشانە دەكا كە ڕژێمی حەقیقەت و ڕێباز لە بونیادنانی پۆلینكاری كۆمەڵگەدا دروستی كردووە. ئۆجەلان لەو دوو بەشەی مانیفستۆكەی دا بایەخی بە رێباز و حەقیقەت داوەو پێشی وایە كە نهێنیەكانی ژیان چارەسەر نەكراوە.
هەر بۆئەوەش ژیانێك نهێنیەكانی یەكلانەكرابێتەوە، تێگەیشتن و تێپەڕاندنی لە سیستەم دا دەبێتە كێشە. ئەو ئاماژەیەی ئۆجەلان ڕێبازی زانستی مێژوو، كۆمەڵگە، سەردەم و شارستانی سەرمایەداری بەرەو یەكلاكردنەوە دەبا. لەو یەكلاكردنەوەیەدا هاوئاهەنگی سیاسەت، میتۆلۆژی، ئەخلاق، فكر، فەلسەفە لە ڕێبازناسیدا بەكاردێنێ. ئۆجەلان سەرمایەداری بە چاخی پاشا ڕووت و خوداوەندە دەمامكدارەكان پێناسە دەكات. ڕاوەستە لە سەرهەڵدانی سەرمایەداری و رێ كردنەوە لەسەر بە شێرپەنجە بوونی كۆمەڵگە دەكات، بە ئاماژە بەوەی كاپیتالیزم ئابووری نییە، هەموو تێزەكانی سەرمایەداری سەر و بن دەكات و تێزی نوێ دەخاتەڕوو. ئۆجەلان بە زنجیرە شاكارەكانی مانیفێستۆی كۆمەڵگەی دیموكراتی، مشتومڕێكی زۆر دروست دەكات و لە زانستی سیاسەتدا ئاسۆیەكی نوێ نیشان دەدا. دوو شاكاری مانیفسۆتەكەی ئۆجەلان لە مەسەلەكانی ماف، دادوەری، حقوق، ئاكاری پاقژ، كەلتور و لێگەرێنی مرۆڤێكی نوێ دا، دەبێتە سەرەتایەك بۆ هەر تاكێك. ئۆجەلان ئەو شاكارانەی پێشكەش دەكات بەوانەی تا ئێستا بە ئاگاییەوە لەسەر ڕێگای دۆستایەتی و هەڤالێتی بەرێوە دەچن و لەمەودواش وەها ڕێدەچن. شاكارەكانی ئۆجەلان لە چاپخانەی ڕەنج چاپ كراوە و لە كتێبخانەكانی باشوری كوردستان دەست دەكەوێ. كتێبی یەكەم و دووەمی لە لایەن لوقمان عبدوڵاوە ڕاستەخۆ لە توركیەوە وەگەڕاوەتەوە سەر زاراوەی كرمانجی ژێرینی كوردی لە لایەن دەستەیەكی پسپۆری زمانی كوردیەوە پێداچونەوەی بۆ كراوە. شایانی باشە بەشی سێیەمی كتێبەكە كە ناوی سیۆسیۆلۆژی ئازادیە لە قۆناغی وەگەڕاندندایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست