ئەرێ ئەو نوێژ خوێنانە غیرەتى ئەو ئافرەتەیان نەبوو ؟!

Monday, 09/08/2010, 12:00

1763 بینراوە


كاتێك عومەرى كوڕى خەتاب (ر.خ)خەلیفە بوو لەكاتى وتارى ڕۆژى هەینى لەسەر مینبەرەكەى پێغەمبەرى خوا درودى خواى لێ بێت وتارى دەخوێندەوە ,لەوتارەكەیدا ئاماژەى بەوە كرد كە لەمەودوا دەبێت مارەیى ئافرەتان دیارى بكرێت و چى تر ئافرەتان داواى مارەیى زۆر نەكەن ,هەر لەو كاتەدا یەكێك لەو ئافرەتانەى كە ئامادەى نوێژى هەینى بوو لە ناو ئافرەتەكاندا بوو هەستایە سەر پێ و قسەى بە عمرى كوڕى خەتاب خەلیفەى موسڵمانان بڕى و بە دەنگێكى بەرز هاوارى كرد ئەى خەلیفەى موسڵمانان تۆ بۆت نیە مارەیى ئافرەتان دیارى بكەیت ,چونكە خواى گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت ئەگەر داواى قنتارێكیان (زانایان بە شاخێك لە ئاڵتون ماناى ئەو وشەیە دەكەن)كرد ئەوا بۆیان بكەن.
لەم كاتەدا خەلیفەى موسڵمانان زۆر پەشیمان بوەوە لەو قسەیەى كە كردویەتى و هەر لەوێدا بە ئافرەتەكەى وت تۆ ڕاست دەكەیت و تۆ لەسەر حەقیت.

لێرەوە دەمەوێت بچمە ناوەرۆكى بابەتەكە و مەبەستى خۆم لە باسكردنى ئەو نمونەیە بخەمەڕوو ,دیارە هەموو ئاینە ئاسمانیەكان بەتایبەت ئاینى پیرۆزى ئیسلام كەهات بۆ ڕزگاركردنى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى لە ستەم و خوایەتى مرۆڤ و بتەكان و پشگیرى كردن و سەرخستنى حەق بووە و دەشبێت ,ئیسلام ئاینى غیرەت و جورئەت و سەر بڵندییە بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە چەندەها نمونە هەیە كە هاوەڵانى پێغەمبەر درودى خواى لێ بێت و تەنانەت خودى پێغەمبەرى خواش درودى خواى لێ بێت وە چەندەهاى تر لە شوێنكەوتوانى لە پێناوى حەقدا چەند ئازار دراون.

مزگەوت و مینبەریش هەمیشە شوێنى وتنى حەق و پشگیرى كردنى حەق بووە ,وە مزگەوت هەمیشە قوتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندنى كەسانى ڕاستگۆ لەگەڵ خوا خۆى خەڵك و وە شوێنى پێگەیاندنى حەق بێژان بووە ,بەڵام ئەوەى لە وتارى ئەم هەینیەى ڕابردوو لە شارەكانى هەولێر و دهۆك و سۆران و بەكوردى لەناوچەى زەرد لەلایەن هەندێك لە پیاوانى حزبى بەناو مەلاوە لەسەر مینبەرەكەى رەسول الله وە بیستمان دەرهەق بە گۆڤارى لڤین كە داوایان كردبوو لە حكومەت ئەو گۆڤارە دابخات .
ئەمەش بە بیانووى ئەوەى ئەو گۆڤارە لە دواژمارەیدا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ یەكێك لە مێژوو نوسە بەویژدانەكان كردببووى كە لە بارەى مستەفا بارزانیەوە وتبووى مەلا مستەفا هەوڵى ڕووخانى كۆمارى مهابادى داوە .

دیارە وەك بۆچونى تایبەتى خۆم من هەرچى ناباش لەبارەى ئەو بنەماڵەیەوە بوترێت سەد لەسەد پێم ڕاستە بەڵام قسەى من لەسەر قسەى ئەو كەسانەیە كە خۆیان ناوناوە مەلا بە چ ڕوو و بە چ شتێك ماف دەدەنە خۆیان لەسەر مینبەرە پیرۆزەكانەوە داواى خنكاندنى دەنگى میللەت و حەق وێژ و ڕاستگۆكان دەكەن..

ئەمە لە كوێى ئەم ئاینە پیرۆزەدا هاتووە ؟یان ئەمە پەیڕەو و تەوجیهاتى حزب ئەم قسە و فتواى ناحەقیە بەسەر ئەو گۆڤارەدا دەدات .؟؟!!
ئەى ئەگەر مەلاكان ڤایرۆسى حزب توشى دەردى گومڕایى و خزمەتكردنى بە بنەماڵە كردبێتن ,ئەى بڵەى لە هەموو ئەو مزگەوتانەدا پیاوێكى تێدا نەبوبێت جورئەت و غیرەتى ئەو ئافرەتەى سەردەمى عمرى كوڕى خەتابى هەبوبێت و بڵێت فەرموو بەناو مەلا بڕۆ لە لق و دیوەخانەكانى بنەماڵە ئەو تەسریحە بدە و ئەو داوایە تقدیم بكە و مینبەر و مزگەوت شوێنى خزمەتكردن بە حزب و بنەماڵە نیە؟؟؟؟

یان پێدەچێت بێ دەنگى ئەو نوێژخوێنانە هى ئەوە بێت لە بانگى یەكەمەوە بخەون تا قامەت بۆ نوێژ دەكرێت؟!!ئاخر خۆ ئیسلام و دیندارى هەر نوێژێكى كرچ و كاڵ و ڕۆژوویەكى عورفى نییە ئیسلام مرۆڤى بە غیرەت و بە جورئەتى دەوێت هاوشێوەى ئەو ئافرەتەى لە نمونەكەى سەرەوە ئاماژەى پێدرا كە ڕووبەڕووى ناحەق بێتەوە ڕێگە نەدات بوترێت ئەگەرچى ئەوەى دەشیڵێ خەلیفە و جێنشینى پێغەمبەر بێت درودى خواى لێ بێت,نەك كەسانێك كە بەس بیانەوێت نوێژەكە لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە و دیندارییان وەك عورف و عاداتێك لە باوانەوە بۆ مابێتەوە و پەیڕەوى بكەن,كەسانێك پێش نوێژییان بۆ بكات كە مەگەر خوا بۆ خۆى بزانێت .!

بەهەرحاڵ ئەوەى دیسانەوە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە هەركەس خۆى بەخاوەنى مسقاڵێك لە ویژدان و ئیمان دەزانێت پشگیرى كردنى حەق پێش هەموو شتێكە ,بێ دەنگ كردن و فڕێدانى ئەو تەنە نامۆیانە بە مینبەر و مزگەوت بۆ شوێنى ڕاستەقینەى خۆیان بۆ ناو لق و دیوەخانەكان ئەركى گرنگ و لە پێشینەیانە .

وە پشگیرى كردنى گۆڤارى لڤین بە بەشێك لە بەرگرى كردن لە حەق و ئەركى سەرشانى هەریەكەمان بزانین بە بێ دین و دیندار ,وە گرنگیشە گۆڤارى لڤین میسداقیەتى خۆى لە دەست نەدات و ئەو بەیاننامەیەى یەكێتى و پارتى زانایان دەرییان كردووە هیچ ئیعتبارێكى بۆ دانەنێت و تێبگات ئەوەش لە ژێر فشارى دەرهێنەرى ئەو گۆبەندانەیە كە هەر ڕۆژەو بۆ لایەكى ساز دەكات .

خۆ ئەگەر لڤینیش بچێتە ژێر بارى داواكارى یەكێتى و پارتى زانایان بە داواى لێ بوردن كردن داواى لێ بوردن بكات ,ئەوا دەبێت باش بزانێت كە هیچ جیاوازى نابێت لەگەڵ میدیاكانى ئەوان,لڤین لاى مییلەت ماڵئاوایى لە كاروانى حەق و ڕاستگۆیى دەكات .
دواجار ئەوەى ماوەتەوە بیڵێم ڕێزى زۆرم بۆ مامۆستایانى ئاینى هەیە دیارە هیچ مەبەستم ئەوانە نیە كە بەڕاستى پەیامى ڕاستەقینەى ئیسلام دەگەیەنن ,خەڵكى لە حەق و ناحەق ئاگادار دەكەنەوە .






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە