کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


منیش پێشنیارى یەك بەڕێوبەرایەتى بچوك بۆ ڕاستى دەكەم ..

Saturday, 25/09/2010, 12:00


كاك بەختیار عەلى لە وتارێكیدا لە ڕۆژنامەى ئاوێنە داواى ئەوە دەكات كە وەزارەتێكى تایبەت بەدرۆ پێك بهێنرێت خۆ ئەگەر ئەوەش نەكرا ئەوا با ئەنیستتۆیەك بۆ درۆ بۆ پیك بهێنرێت ..منیش دەڵێم با هیچ نا ئەگەر ئەمانە زۆر قورس و گرانن و دەبنە ئیستیحالەى موتڵەق ئەوا با داواى پێكهێنانى یەك بەڕێوەیەرایەتى بكەین بەهەموو دەزگا ریئاسى و تەشریعى و تەنفیژییەكانى كوردستانەوە بەتەنها
با بێ درۆكردن زۆر بەكورتى باس لە مێژوویەكى دروستبونى ڕاستى ئەم دەزگایانەى وڵات بكەین ..

سەرۆكایەتى هەرێم ...
بنەمایەكى یاساییمان هەیە كە دەڵێت (مایبنى على الباگل فهو باگل) ..جا كە ئەم دەزگایە خۆى دەزگایەكى پوچ بێت لە ڕووى یاسا و دەستوریەوە قسەى لەسەرنەكرێت باشە.. چونكە هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم بە دەنگدانى ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە سەد لەسەد پێچەوانەى دەستورى عیراقیە و كوردستانیش هەرێمێكە لە دەوڵتى عیراقى فیدراڵ بۆیە واى بۆ دەچم ئەگەر عیراق حكومەتێكى بەهێزى ناوەندى هەبوایە وە بار و دۆخى سیاسى و ئەمنى لەباربوایە ئەوا ئەمەیان لە هەرێم قبوڵ نەدەكرد بەتایبەت دادگاى فیدراڵى كە سەرقالچى زۆرشت كراوە ..هەرلەبەر ئەمەش بنەماى ئەم دەزگایە لەڕووى یاساییەوە پوچە و درۆ لەگەڵ خۆماندا دەكەین ئەگەر هەست بە بونى دەزگایەكى وا بكەین ,ئەوە باس لە بەڵێنەكانى سەرۆكى هەرێم هەرناكەین پێش هەڵبژاردنەكان كەچى بوو!!!!!!!

دەسەڵاتى جێ بەجێ كردن (حكومەت)
ئەگەر بەراوردى بەڵێنى ئەو لیستانە بكەین كە پێش هەڵبژاردنەكان دەیاندایە هاوڵاتیان ئەوا تەسەورت دەكرد ئەمانە عەساى سیحرییان هەبێت وا بتوانن لەماوەى چوارساڵ كاركردندا ئەنجامى بدەن ,بڕوا بكەن بەڵێنى واى تێدابوو بە دەساڵ لە ئەوروپا جێ بەجێ نەدەكرا كەچى ئەمان بەهاوڵاتیان دەوت ئێمە لەماوەى چوار ساڵدا جێ بەجێى دەكەین و ئەوەتا تا ئێێستاش نۆبەرەى كارێكى تازە و جیاواز لە كابینەكانى تر نەمانبینیووە ,حكومەتیش (واتە ئەندامەكانى كە حكومەت پێك دەهێنن) بە تەنها پێش هەڵبژاردنەكان باوكى خەڵك و میللەتە وەك دەڵێن حكومەت باوكى میللەتە كەچى لاى ئێمە و دواى هەڵبژاردنەكان كە ئیشیان بە میللەت و دەنگدەر نەما دەبێتە باوەپیارە .

وەزیرەكانیش كە پێشتر بەڵێنى بریسكەدارییان بەخەڵك دەدا ئێستا بە مەزاجى خۆیان كاردەكەن و هەر ڕۆژە و تەعلیماتێك دەردەكەن ...ئیتر ئەوە ئەو نەبووە بەڵێنى بەخەڵك نەداوە , خۆ خوانەكات وەزیرێك ببینى لەناوخەڵكدا كە پێش ئەوەى بچێتە ئەو شوێنە زۆر گونجاوە تەنازولى بۆ دوژمنەكەشى كردبێت تەنها لە پێناو ئەوەى ئەو لیستە دەربچێت و زۆرینە بەدەست بهێنێت كە بەڵێنى پێداوە بیكاتە وەزیرێك گزیرێك ئا لەو جۆرە .

ئێستا :
ئێستاش هێندە خۆیان لەخەڵك بەدور دەگرن ئەلێى كوڕى ئەم میللەتە نین و لە هەسارەیەكى ترەوە نێردراون بۆ ئەم مەملەكەتە ..


دەسەڵاتى یاسادانان ..
نوكتەى ئەم پەرلەمانتارانەمان لەكاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان ئەوەبوو بەڵێنى وایان بەخەڵك دەدا كە نەك لە دەسەڵاتى خۆیان و مامۆستاكەى سەرۆكى پەرلەمان نەبوو بەڵكو لەدەسەڵاتى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران زۆرجار هەموو ئەنجومەنى وەزیران بوو ,جا شار و شەقام و كوچە و كۆڵان پڕبوو لە پەرلەمانتارە خاكیەكانمان هەر ڕۆژەو لە لایەك بوون سەریان دەكرد بە هەمو جێگایەكدا لە خۆشى و ناخۆشى هاوڵاتیان بەشداریان دەكرد . لەگەرمەى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان وێنەى دوو كاندیدى پەرلەمانتارى ئافرەتم بینى لە گەڵ دایە حاجیەكى بەتەمەن دانیشتبوون لە بەردەرگاكەى ماڵى ئەو دایە حاجیە ئەو ژنە بەتەمەن سینیەكى بەدەستەوەبوو نازانم چى دەبژارد برنج یان ساوەر ئەم دووخانمە چونكە ئیشیان پێى بوو دانیشتبوون لەگەڵیان دەبژارد !!! جا دەكەوتنە قسەكردن ئیلهامى بەڵێنیان(درۆ) بۆ دەهات !

ئەوە هیچ لەوەنەپرسین كە خواخوایان بوو ڕاگەیاندنێك ڕووى ڕەحمەتیان تێ بكات و بیان دوێنێ ,ئەگەر هەر بێ ئومێدیش بونایە ئەوا خۆیان دەبونە نوسەر و بابەتیان دەنوسى .جا ئەمە شتێكى بیرخستمەوە ڕۆژێك برادەرێكم لە زانكۆ یەكێك لە ڕۆژنامەكانى پێ بوو بانگى كردم وتى ئەمە دەناسى ؟وتم نا ؟وتى من زۆر موتابعەى رۆژنامە و گۆڤارەكانم هەیە تا ئێستا شتى وام نەبینیوە و نەبیستووە ناوى وتى بڵیبَى كاندید نەبێت بۆ پەرلەمان ؟وتم بۆ جا ئەوە چ پێوەندى بەوەوە هەیە ؟وتى دەبینى ئەمە كاندیدە بەس ئێستا ناوەكان لە كۆمسیۆن نەگەڕاوەتەوە چاوەڕێ بكە تا ناوەكان دەگەڕێتەوە .كەچى سوبحانەڵا پێشبینى و قسەى ئەو برادەرەم ڕاست دەرچوو !!!

ئێستاش..
ئێستا پەرلەمانتارەكانمان نەك هەر بەڵێن جێ بەجێ ناكەن چونكە پێدەچێت تازە تێگەیشتبن كە زۆربەى بەڵێنەكانیان كارى دەسەڵاتى جێ بەجێ كردن و سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانە نەك دەسەڵاتى یاسادانان ,بەڵكو ئامادەش نین وەك پەرلەمانتار گفتوگۆ بكەن لەسەر بابەتەكان لە پەرلەمان ,لەپەرلەمان هەمووى قڕ و قەپ (وەك تەلەبە عاقلەكان لەسەر ڕەحلەكانیان) بێ وەى دانیشتوون حەقیان بەسەر هیچەوە نیە فەقیرانە ,بەڵام كە هاتنە دەر لەبەردەم ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندندا كانیاوى توڕەییان دەتەقێ و داخ و دەردەدڵ و توڕەبونى لەبەردەم دەزگاكانى ڕاگەیاندن هەڵدەڕێژن و دەمیان گەرم دەبێت شەڕى خۆیان بەخەڵك و ڕۆژنامەنوس دەفرۆشن كەچى لە پەرلەمانیش دەمیان داچەقاندووە و جارجاریش سەرێك دەلەقێنن بێ ئەوەى فزەیان لێوە بێت ئەمە دواى دانیشتنەكانى پەرلەمان مەبەستمە لەسەر ئەو بابەتەى خۆیان بیانەوێت بۆ ڕۆژنامەنوسان بەوجۆرە قسەدەكەن ..

بەڵام ئەگەر ڕۆژێك ڕۆژنامەنوسێك پرسیارێكى لە میانەى بەدواداچونى كارێكى ڕۆژنامەنوسى هەبێت پێوەندى پێوە بكات هەزار و یەك ناز و نوز دەكات بەسەرتدا و بەهانە دەدۆزێتەوە وەك (بەم پەلەپەلە قسە لەسەر بابەتێكى وا گرنگ ناكرێت!من نامەوێت قسە لەسەر ئەو بابتە بكەم پێوەندى نیە بەمنەوە ئەو بابەتە-لە فڵانە كەس بپرسە من قسەى تێدا ناكەم ...................)

ئنجا كە پێشتر و لە میانەى هەڵمەتى هەڵبژاردن مامەخەمەى هەموان بوو بۆ هەموو شوێنێكى مەملەكەت دەچوو ئێستا هەرهیچ ئەگەر شوێنێكیش بچێت بۆ لاى خەڵكى عام ناچن بەڵكو بەداخەوە دەبێت هۆڵى تایبەتین بۆ بگیرێت یاخود لە بارەگاى حزبەكانیان دەبێت چینێكى دیارى كراو خەڵك كە زۆربەیان سەر بە حزبەكەى خۆى بێت بێنە خزمەتى !!

ئەوخانمە پەرلەمانتارەى لەگەڵ دایە حاجیەكى یەكێك لە كۆڵانەكانى شار دانیشتبوو برنج بوو نازانم هەرچى دەبژارد ئەمڕۆ نەك شتى واناكات بچێتەوە دەستى ماچ بكات و بلێت بە 17هەزار دەست و پەنجەى وەك تۆ من چوومە ئەوێ بەڵكو واى بۆ دەچم بێزیشى نەیەیت بە مۆنیكاكەیەوە بەو كۆڵانەدا بڕوات !!!!

ئەوەشى كەببوە نوسەر تا ئێستاش هیوامە بابەتێك نوسینێكى ترى ببینتم كەچى هیچ !!!!!!

شارەوانیەكان .....
كە بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنى شارەوانیەكان لە كوردستان لە ساڵى 2000 لە شارى سلێمانى بەڕێوەچوو ,ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانیەكان مەبەستم پاڵێوراوەكانیان كەوتبونە كۆڵانەكانەوە بڕوا بكەن خەڵك ئیسراحەتى لەدەست ئەم پاڵێوراوانە لێ هەڵگیرابوو دەرگات لەو دەكردەوە تا ئەوت بەڕێ دەكرد یەكێكر قوت دەبوەوە .
ڕۆژێكیان پاڵێوراوى یەكێك لە حزبەكان هاتە كۆڵانەكەمان بە پێڵاوەكانى قاچى دەهێنا بەزەویەكەداو دەیوت ئەئەمە دەبینن ئەبێت بیكەم بە قیرێك وەك شوشە بۆتان بەس دەنگ پێ بدەن ! ئنجا بەڵێنى هێڵى ئاسنیشیان دەدا لەنێوان شار و شارۆچكەكانى كوردستان.

ئێستا "
منیش و هەموو ئەوانەى كە ئەو كات لێیان بێزار ببوین بە ئاواتەوەین نەك بەڕاستى لە كۆڵانەكەمان بیبینین بەڵكو لە تیڤیشەوە زۆر شكورین ئەگەر بیانبینین,ئەوەشى كە وەعدى قیرە شوشەكەى پێداین نەك هەرنەیكرد دواى هەشت ساڵ واتە 2008 كۆڵانەكەیان بەجۆرێك قیركرد كە دەڵێى بنێشتى كوردیە و بەزەوییەكەوە لكێنراوە جا ئەگەر منداڵى نەگبەتیش بیەوێت بە ئاسانى دەتوانێت بە چیلكە هەڵى بكەنێت!
هێڵى ئاسنەكەش ناوى لەكولەكەى تەڕدا نەماوە و زۆربەى شەقام و كوچە و كۆڵاًنەكانیش دەڵێى تەبەقى هێلكەیە ئەوەندە چاڵ و چۆڵى تێدایە یەك سایدیشە ..!!

جا لە كۆتایدا دەڵێم كاك بەختیار كە ئەمە كورتەیەك بێت لە بنەماى دروستبونى دەزگا بەڕێوبەرەكانى وڵات كە هەمووى بنەماكەى بەڵێنى درۆ و خەڵك هەڵخەڵەتاندنە چ پێویست بە وەزارەتى درۆ دەكات ,!!!؟.! جێى خۆیەتى لەناو ئەم هەموو دامودەزگا سەرتاپا درۆینەدا داواى تەنها یەك بەڕێوبەرایەتى بچوك بۆ ڕاستى بكەین ,زیادەڕەویى نیە كە بڵێم دامودەزگا و كاراكتەرى ئەو دامودەزگایانەى وڵاتى ئێمە درۆیان خەجاڵەت و شەرمەزار كردووە .لەگەڵ ئەوەشدا واباشتر و شیاوترە ڕۆژى یادكردنەوەى دروستبونى حكومەت و حكومڕانى حزب بكەینە یەكى نیسان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە