خیانەتى عوزماى چاوساغ و سەرۆكەكانى 31ى ئابى دوێنێ و سەرۆكەكانى ئەمڕۆى هەرێم بەرەو پێكهێنانى دادگایەكى تایبەت بە دادگایى كردنى سەرانى 31ى ئاب
Saturday, 28/08/2010, 12:00
ئەگەرچى تا ئێستا یاساناسان نەگەیشتونەتە پێناسە و دیارى كردنى ئەو كار و كردەوانەى كە بە خیانەتى عوزما ناودەبرێت ,بەڵام هەمووان لەسەر چەند كار و كردەوەیەك كۆكن كە بە خیانەتى عوزما ئەژمار دەكرێت,لەوانە كاركردن بۆ بەرژەوەندى وڵاتانى تر بەتایبەت وڵاتانى نا دۆست,خیانەتكردن لە نیشتمان و هاوكارى كردنى هێزەكانى دوژمن لە دژى وڵات و نیشتمان و...هتد.
لێرەوە دەكرێت بڵێن هەموو ئەو سەركردە و سەرۆكانەى كە لە ڕۆژى ڕەشى 31 ى ئابدا بونە چاوساغ و ڕێ نیشاندەر و سورەى بەرلەشكرى هێزەكانى وڵاتانى دراوسێ و ڕژێمى بەعسى ڕووخاو بۆ ناو جەرگەى پایتەختى ئەو هەرێمەى كە ئێستا بووەتە سەرۆكى و لەوێشەوە بۆ ناو قوڕقوڕاگەى پەرلەمانە كارتۆنى و عەجائیب و جیاوازەكەى هەرێم پێویستە لە نزیكترین ماوە و كاتدا داواى دادگایى كردنیان بكرێت بە تاوانى خیانەتى عوزما لەسەر و لەپێش هەموو شیانەوە هەموو ئەو كەسانەى كە ئەمڕۆ بە بۆنە و بێ بۆنە مێژوو و شۆڕش و سەروەرییەكانى خۆیان دەكێشنەوە بەڕووماندا بێ ئەوەى بۆ تەنها جارێكیش باس لەو ڕۆژوو مێژووانە بكەن كە خیانەتى عوزمایان لە گەل و وڵاتەكەیان كردووە نزیكترین و زیندوترین نمونەش ڕۆژى تۆماركردنى سەروەرى 31ى ئابى بنەماڵەیە كە ئێستا خۆیان كردۆتە چاوساغ و دەمڕاستى ئەم میللەتە و هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر ڕۆح و گیانى قەڵەم و زمانە ڕاستگۆكان كە دەیانەوێت لەڕێگەى ئەو پیشەیەى هەڵیان بژاردووە كەشەڕ لەگەڵ ئیزڕائیلەكانى دەسەڵات پێ دەكەن میللەت ئاگادار بكەنەوە .
لە هەمووشى عەجائیبتر ئەوەیە هەر ئەو سەركردانە زۆرجار باس لە یاسا و پەنا بردنە بەر یاسا و دادگا دەكەن بۆ یەكلایى كردنەوەى دۆسێكان بە تایبەت لەگەڵ میدیاى ئەهلى كە زۆرجار بینیومانە داواكارى گشتیش سەر و كارى لێ تێكچووە و سكاڵاى یاسایى لەسەر میدیا و ڕاگەیاندنێك بەرزكردۆتەوە كە بابەت یاخود ئەو كارە ڕۆژنامەوانیەى كە ئەو میدیایە پێى هەستاوە لەسەر كەسێكى حزبى بووە بەڵام دەبینین لە هەموو ئەو دۆسێیانەى كە پەیوەندى دارن بە مافى گشتى داواكارى گشتى خەوى لێكەوتووە تا ئێستاش نەمانبینى و نەمانبیست یەكێك لەو داواكارە تایبەتیانەى بنەماڵە و حزب عەفوەن داواكارە گشتیانە داوایەك لەسەر دادگایى كردن و بەسزا گەیاندنى سەرانى خیانەتى عوزماى 31 ى ئاب و دزین و بەتاڵانبردنى نەوت و داهاتى و قوتى میللەت و چەندەها دۆسێى تر بەرزبكاتەوە !!!!
تێناگەم ئەمە چ ڕووییەكە كە ئێستا خۆیان وا پیشان دەدەن ئەگەر ئەوان نەبونایە و ئەوان نەبن ئەوا ئاسارى كورد و كوردستان بەسەر ئەم هەسارەیەوە نەدەما یاخود بە چ ڕوویەكەوە خۆیان كردۆتە سەرۆك و نوێنەرى میللەتى كورد لە كاتێكدا قاچیان ترازا بۆ ئەو دیو كوردستان و بەسەردان چونە وڵاتانى دۆستى چاكەبەسەرەوەبووى دراوسێیان نەك هەر كێشەى كورد لە كولەكەى تەڕشیدا باسى ناكەن و بۆى نەچوون بەڵكو بیریشیان دەچێتەوە خەڵكى چ مەملەكەت و وڵاتێكن تا ئاڵاكەیان لە پشتەوە بۆ دابنرێت -خۆ ئەگەر ئەوان و هێندێك لە ئێمەش بیرمانچوبێتەوە 31ى ئاب چییە ئەوا خۆ ئەو دایكە جەرگ سوتا و ئافرەتە بێوەژن و منداڵە بێناز و چاوپڕگریان و بێ باوكەكان كە بونە سوتەمەنى جەنگى بەرژەوەندى و گیرفان پڕكردن و هێنانى هێز و وڵاتانى دراوسێ و بۆ ڕووكردنە یەكى ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارەى ئەمڕۆ سەرۆكەكانیان سوێند بەسەر و چاوى یەكتر دەخۆن لەبیرى ناكەن بۆ هەتا هەتایە.
بەڵام لە ئێستادا ئەركى هەمووانە لە پێشدا بارەگا و مەنزڵگاى هێزەكانى دوژمن لە 31ى ئاب كە ئێستا پێى دەڵێن پەرلەمان و وە پەرلەمانتارانیش ئەگەر خۆیان بە بەرپرس دەزانن بەرامبەر بە میللەت و ویژدان و بەو سوێندەى خواردوویانە لێ نەگەڕێن سەران و سەركردەكانى 31ى ئاب وەك بەرزەكى بانان بۆى دەربچن و وڵات و چارەنوس و قەدەرى ئەم میللەتە بدرێتە دەستیان بەڵكو بەجدى بەدواداچوون بۆ پێكهێنانى دادگایەكى دادپەروەرانە بكرێت بۆ دادگاى كردنى سەرانى 31ى ئاب بكەن و وە هەموو ئەو دەرهاویشتە و دەرئەنجامانەى كە بەرهەمى ئەو ڕۆژە ڕەشە و خیانەتى عوزماى سەرانى كوردبوو كە چ ماڵ وێرانى و ماڵكاولییەكى هێنا بەسەر ئەم مییلەتە و جەرگى چەندەها دایكى بڕى و چەندەها منداڵى بێ باوك كرد بخرێتە پێشینەى ئەو كارانەى كە وەك پەرلەمانتار پێى هەڵدەستن بێ سڵكردنەوە و حساب كردن بۆ هەرچاو سوركردنەوەیەك.
دواجار ئەوەى دەمەوێت ئاماژەى پێ بكەم ئەوەیە لە ڕووى دەستورییەوە كاتێك باس لە بەرپرسیارێتى سەرۆك دەكرێت لە سیستمى پەرلەمانى یاخود لەو سیستمە حكومڕانیەى كە دەسەڵاتى فعلى لە دەست سەرۆك كۆماردا نیە ,سەرۆك كۆمار بەتەنها لەڕووى جینائیەوە بەرپرسە و هیچ بەرپرسیارێتێكى سیاسى لە ئەستۆدا نیە ئەو بەرپرسیارێتیانەى لە ئەستۆیدایە كە لە دەستورى عیراقیدا بە ژماردن هاتوون(1-كاركردن پێچەوانەى دەستور و سوێندەكەى -2-خیانەتى عوزما).
بۆیە سەرۆكەكانى ئەمڕۆش دەكرێت لەبەردەم دادگادا بوەستێنرێن بە تاوانى خیانەتى عوزما.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست