سۆران و سەردەشت كە قسەیان لەگەڵ یەكتر كرد سوپاسى لیژنەى لێكۆڵینەوەكانیان كردو زۆریش مەمنون بوون
Friday, 17/09/2010, 12:00
دواى كەڕولاڵبونى لیژنەى پێكهێنراو لە تیرۆركردنى ڕۆژنامەنوس (كاكە سۆرانى مامە حەمە) و ,زمان پژانەكەى لیژنە هەزەلیەكەى پێكهێنراو لە ڕووداوى ڕفاندن و تیرۆركردنى (كاكە سەردەشت عوسمان),سۆران و سەردەشت لە گفتوگۆیەكیاندا هەریەكەیان بەم جۆرە باس لیژنەكانیان دەكەن..
سەردەشت عوسمان :"ئەرێ كاكە سۆران ئەزانى هەردوكمان بكوژ و پێكهێنەرى لیژنەى لێكۆڵینەوە لە تیرۆركردنمان هەریەك حزب و یەك دەسەڵات و یەك دەزگای داپۆڵۆسێنەر و تۆقێنەرە بەڕاست ئەنجامى لێكۆڵینەوە لە تیرۆكردنى تۆ لە لایەن ئەو لیژنەیەى پێكهێنرا بە كوێ گەیشت ؟
سۆرانى مامە حەمە :"كوڕە كاكە سەردەشت لێگەڕێ بەخوا ئەوە چەند ساڵە تیرۆریان كردم تا ئێستاش ئەو لیژنەیەى بۆ تیرۆكردنەكەى من ئەو پیاوەى سەرۆكەكەى بارتەكەى منى بەو دەردە برد پێكى هێنا فەقیرە ئەندامانى ئەو لیژنەیە تا ئێستا نەكەوتونەتە گڕوگاڵ كەڕ و لاڵ دەمیان داچەقاندووە دەمیان كردۆتەوە وەك زەڕنەقوتە تا پارتەكەیان جار بەجار شتێك بخاتە گیرفانیانەوە ,ئەى باشە كوڕى باش لێكۆڵینەى لیژنەى تایبەتى پێكهێنراو لە ڕفاندن و تیرۆركردنى تۆ گەیشت بەكوێ؟
سەردەشت عوسمان :"ئاى كاكە سۆران ئەگەر دەزانى چ بوختانێكیان بۆ كردوم و چ درۆیەكیان بۆ هەڵبەستووم سەد خۆزگەم یپێت ,خۆزگە ئەو لیژنەیەش كەڕ و كوێر و لاڵ بونایە نەك ئەو درۆ و بوختانەیان بكردایە ؟؟!!؟
سۆران مامە حەمە :"چى بووە سەردەشت گیان وتویانە كێ كوشتویەتى و لەسەرچى ؟؟دەى بیڵێ تكایە ..
سەردەشت عوسمان :"كاكە سۆران دواى زیاتر لەچوار مانگ بەسەر ڕفاندن و تیرۆركردنەكەمدا نەیانزانى چ تاوانێك بخەنە پاڵم سەرەڕاى بەناهەق خوێن ڕشتنمیان ئێستا هاتوون لە ئەنجامى لێكۆڵینەوەكانیان منیان كردۆتە ئەندامى گروپى ئەنساروسوننە !؟؟
سۆران مامە حەمە :"ئێ ئێ قسە بكە هاوڕێكەم ئاخر بۆ تۆ هیچ پێوەندیت بەوانەوە هەبوو ؟؟یان ئەوان بۆ تۆ دەكوژن كە ئەندامى ئەوانى ؟؟ئاخر ئەمە واتاى ئەوەى ئەو گروپە گروپێكى نیشتمان پەروەر و مرۆڤ دۆستن ئەگەر تۆ ئەندامیان بوبیت و ئەندامى وەك تۆیان هەبێت ,ئاخر كەمن لەوێ بووم بەجۆرێكى تر باسیان لەو گروپانە دەكرد !!!1
سەردەشت عوسمان :" كاكە سۆران بە پێى درۆى ئەو لیژنەیە بێت گوایە من ئەندامى ئەوان بووم و ماوەیەك كارم بۆ كردون و بەڵێنى چەند كارێكم پێداون بۆیان بكەم بەڵام من دواتر پەشیمان بومەتەوە و ئیتر ڕفاندویانم و كوشتویانم !
سۆران مامە حەمە :"دەى گوێشى مەدەرێ سەردەشت گیان ئێ لیژنەیەك بكوژەكان پێكى بهێنن و سەرپەرشتى بكەن خۆ قابیلە بڵێن ئێمە خۆمان كوشتومانە؟؟!!یان بڵێن لەسەر زمانە ڕاستگۆ و ئازادەكەى كوشتومانە هەردەبێت درۆ و بوختانێكى وات بۆ دابتاشن ,باشە سەردەشت ئەرێ بەڕاست بۆ هەولێر ئێستا لەدەست كێدایە وا ئەنسار تەراتێنى تێدا بكات بەو شێوەیە تۆ بڕفێنێت بە ناو ئەو هەموو بازگە و خاڵى پشكنینانەدا لەبەردەم كۆلێژەكەتدا و لەكاتى دەوامى فەرمیدا لەبەرچاوى پاسەوان و عالەمەوە ؟؟!
سەردەشت عوسمان :"وەڵا هەر بەدەست بنەماڵە و سەركردایەتیەكەى 31ى ئاب ,هەر ئەوەى لە 31ى ئاب تانكەكانى حكومەتى بەعسیان هێنایە پەرلەمان و ئێستاش خۆى كردۆتە شەریفى مەكە,كوڕە ئەنسارى چى وەڵا خۆیان بوون ؟بۆ هەیە مێشێك بكوژێت لەو هەولێرە پاراستن نەیگرێت !؟؟ئاخر كاكە سۆران من و ئەنسار سوننە كوجا مەرحەبا ؟
سۆران مامە حەمە :"سەردەشت گیان وەك پێم وتى هەرگوێشى مەدەرێ ,بابە ئەبێت سوپاسیشیان بكەیت كە مەسەلە و درۆیەكى ترییان بۆ دانەتاشیوى ؟
سەردەشت عوسمان:"بۆ كاكە سۆران لەوە خراپتر و گەورەتر هەیە ؟سوپاس بۆچى ؟؟ خراپتر و گەورەتر وەك چى ؟؟
سۆران مامە حەمە :"ئێ چوزانم هاوڕێ گیان بۆ نمونە قەزیەیەكى ترى وەك قەزیەى شەرەفیان بۆ دروست بكردیتایە ,خۆت نازانى هەم ئەوان بنەماڵە و عەشایەرن (بەماناى بیركردنەوەى تەسك),وە هەم لەم كۆمەڵگایەشدا بیانەوێت كەسێك بخەن و بەر نەفرەت و چاو و دەمى بێ ڕەحم و بێ ئیمانەكان و بێ ویژدانەكانى كۆمەڵگا بكەوێت یەكسەر مەسەلە و قەزیەیەكى شەرەفى بۆ دەتاشن و دروست دەكەن ! وەڵا بابە حەقە سوپاسى خوا بكەیت كە ئەوەندە عەقڵییان پێ نەشكاوە ئەندامانى ئەو لیژنەیە كە ئەو كەیسەت بۆ دروست بكەن , وە لەهەمانكاتدا جێى خۆیەتى سوپاسى یەك بەیەكى ئەندامانى ئەو لیژنەیەش بكەیت چونكە هێندە بە ویژدان بوون ئەو قەزیەیان بۆ دروست نەكردویت !
سەردەشت عوسمان :"جا ئەگەر تۆش باس لە حەق بكەیت كەواتە حەقە تۆش سوپاسى ئەندامانى لیژنەى لێكۆڵینەوە لە كەیسى تیرۆركردنەكەى خۆت بكەیت كە تا ئێستا قڕ و قەپیان كردووە و نەیانكردویت بە تیرۆریست كاكە سۆران گیان .
سۆران مامە حەمە :"ئێ هاوڕێ گیان ناڵێم پێت هەردوكمان قەرزارى لیژنەكانمانین ,من هى ئەوەى كە نەیانكردوم بە تیرۆریست و قڕوقەپیان كردووە ,تۆش هى ئەوەى نەیانكردۆتە قەزیەكى شەرەف (خۆیان و عەقڵ تەسكەكان وتەنى)"
سەردەشت عوسمان :"ڕاستە كاكە سۆران گیان ئەگەر ئەوەیان بوتایە چى ؟دەى خۆ بەوە نیە دەمانكوژن شكور دواى مردنەكەمان مسقاڵێك ڕەحمیان هەر بۆمان هەیە!!!
سۆران مامە حەمە :"بێگومان سەردەشت گیان جا ئەوە ڕەحمى ئەوانە كە ئەو لیژنەیە ڕاپۆرتەكەى بەو جۆرە نەخستەڕوو ,دەى چاوەكەم با بڕۆین خوا بۆخۆى ڕەحم بەوە بكات كە دواى تۆ سەرەى دێت با بزانین ئەم دەكەنە چى ,كوڕە سەردەشت دەترسم ئەوەى دواى تۆ سەرەیەتى تیرۆرى بكەن قەزیەى شەرەفەكەیان بۆ ئەم دانابێت !!
سەردەشت عوسمان :"وەڵا ئەگەرێكى نزیك و چاوەڕوانكراوە "
سۆران مامە حەمە :"دەى سەردەشت گیان هاوڕێ و هاو ئەنجامەكەم من دەڕۆم كاتێكى خۆش خوات لەگەڵ "
سەردەشت عوسمان :"كاتێكى خۆشتر بۆ تۆش هاوڕێ گیان خوات لەگەڵ"
تێبینى :"وەك تێبینیەك بۆ خوێنەرانى ئازیز مەبەستى من لە بەكارهێنانى زاراوەى قەزیەى شەرەف و هاوماناكانیان بەماناى عقڵى تەسكى بنەماڵەیەكە كە ڕۆحێك بكوژن لەسەر ئەوەى خەوببینێ بە عاشق بونى كچەكەیەوە ئەگەرنا من وەك بیركردنەوەى خۆم هەرگیز باوەڕم بە قەزیەى شەرەف نیە بەتایبەت لە كۆمەڵگایەكدا كە پارتى و سەرۆك و بنەماڵەكەى حكومى تێدا بكەن و باڵا دەست بن ,بەڵام پێشمان ئاسایى بێت ئەگەر ئێمەیان پێ نەكڕا و بێدەنگ نەكرا ئەوا هەریەكەمان موعەرەزین بەوەى بە تۆمەتێك لەو بابەتە ناشیرینمان بكەن لەبەرچاوى كۆمەڵگاى بێ ڕەحم "
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست