ئایا تاڵه‌بانی‌ و نه‌وشیروان مسته‌فا هاوكاریی‌ ئێرانیان كردووه‌ له‌ تیرۆركردنی قاسملودا؟

Thursday, 14/07/2022, 1:47


 فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ نامه‌یه‌كدا ورده‌كاریی تیرۆرکردنی عه‌بدولره‌حمانی قاسملو  ده‌خاته‌ ڕو، ئەو ده‌ڵێ "تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وپه‌ڕی هاوكارییان له‌گه‌ڵ "محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراڕوودی" بۆ زەمینەسازی کردن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکانی نێوان قاسملوو شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران"‌.
"محه‌ممه‌دی نوری زاد" كه‌ پێشتر یه‌كێك بوە له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی"عه‌لی خامنه‌یی" رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، نامه‌ی یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ ده‌ركراوه‌كانی سوپای پاسدارانی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ تێیدا باسی ورده‌كارییه‌كان‌و چۆنێتی تیرۆركردنی دكتۆر "عه‌بدولره‌حمانی قاسملو" سكرتێری حیزبی دیموكرات ده‌كات. ئه‌وه‌ی‌ له‌م نامه‌یه‌دا جێی‌ سه‌رنجه‌ ئاماژه‌دانه‌ به‌ رۆڵی "تاڵه‌بانی" سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان‌و "نه‌وشیروان مسته‌فا"، جێگری ئه‌و كاتی تاڵه‌بانی له‌ئامادەکاریی کردن بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیانە.
ئه‌و نامه‌یه‌ كه‌ به‌ناونیشانی‌ "دووه‌مین نامه‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی ده‌ركراوی سوپای پاسداران بۆ محه‌ممه‌دی نوری زاد"ه‌‌و له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی نوری زاد خۆیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تێیدا باسی"محه‌مه‌دی جه‌وادی" ناسراو به‌"محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراڕودی" ده‌كات كه‌ چه‌ندین پۆستی له‌ كۆماری ئیسلامیدا هه‌بوه‌و زۆربه‌ی پۆسته‌كانیشی ئه‌منی بون. 
نوری زاد ساڵی 1951 له‌‌دایكبووه‌. خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه‌ له‌هونه‌ردا. سیناریست‌و رۆژنامه‌نوسێكی به‌ناوبانگی ئێرانه‌‌و چه‌ندین كتێبی هه‌یه‌. له‌دوای شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێرانه‌وه‌ تا ساڵی 2009 یه‌كێك له‌لایه‌نگران‌و متمانه‌پێكراوانی عه‌لی خامنه‌یی بوو. بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ یه‌كێك بوه‌ له‌ نووسه‌رانی دیاری رۆژنامه‌ی "كه‌یهان" كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ عه‌لی خامنه‌ییه‌. چه‌ند فیلم‌و دۆكیۆمێنتی دروستكردوه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر فه‌رمانده‌كانی ئێران، بەڵام دواتر بوە بەیەکێک لەرەخنەگرو ناڕازییەکانی کۆماری ئیسلامی‌و خامەنەئی رابەرو بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە خراوەتە زیندانەوە.
ئەوەی لەم نامەیەدا هاتوە گێڕانەوەی فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانەو لەدیدی کۆماری ئیسلامی ئێران‌و ئێرانچێتییەوە روداوەکە دەگێڕێتەوەو مەرج نییە ئەوەی وتویەتی راست بن، چونکە بەشێکی رونی شوێنی دانیشتنەکەو شانۆی تیرۆر کردنەکەی قاسملوو هاوڕێکانی لەگەڵ  ئەم گێڕانەوەیەدا تەواو ناکۆک‌و پێچەوانەیە، جگە لەوەی کە ئاشکرایە تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاشتی لەرۆژهەڵاتی کوردستان زەمینەسازییان بۆ ئەو گفتوگۆیانە کردوەو لەنیەتی شاراوەی شاندی ئێرانی ئاگادار نەبون.
ئەم فەرماندەیەی پاسداران یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی وه‌فدی كۆماری ئیسلامی ئێران بوه‌ كه‌ بۆ وتوێژ له‌گه‌ڵ دكتۆر قاسملو ره‌وانه‌ی نه‌مسا ده‌كرێ‌و له‌كاتی وتووێژدا قاسملو ده‌كوژرێت. له‌م نامه‌یه‌دا ناوی فه‌رمانده‌کە نه‌هێنراوه‌و ته‌نیا له‌كۆتایی نامه‌ی یه‌كه‌مدا بۆ نوریزاد نووسراوه‌ "ئه‌لف ـ میم"، فه‌رمانده‌ی ده‌ركراوی سوپای پاسداران.

 زامی لا ملی سه‌حراڕودی

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای‌ پاسداران له‌سه‌ره‌تای نامه‌كه‌یدا بۆ نوریزاد ده‌نووسێ: ئه‌گه‌ر رۆژێك به‌هه‌ڵكه‌وتیش بوو رێت كه‌وته‌ نووسینگه‌ی عه‌لی لاریجانی (کاتی نوسینی نامەکە سەحرارودی بەرپرسی نوسینگەی لاریجانی بوە) حه‌تمه‌ن چاو له‌لاملی به‌رپرسی نوسینگه‌كه‌ی بكه‌. شوێنی زامێك به‌لاملیه‌وه‌یه‌. ئه‌و جێی زامه‌ دكتۆر قاسملو رێبه‌ری حیزبی دێموكرات چه‌ند چركه‌ پێش كوژرانی به‌لاملی سه‌حراڕودییه‌وه‌ به‌جێیهێشت. 
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران ئاماژه‌ به‌وه‌ دەکات كه‌ له‌ساڵی كۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران‌و عێراقدا، ئێران له‌ باشور تووشی شكستی زۆر له‌به‌رامبه‌ر عێراقدا ده‌بێ، ده‌ڵێ كه‌ به‌شێكی فه‌رمانده‌كانی سوپا دژی موحسینی‌ ره‌زایی بون، شه‌ڕكردنیان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی رۆژئاوای ئێران (رۆژهه‌ڵاتی كوردستان) پێباشتر بوو، بۆیه‌ خۆیان له‌په‌راوێز ده‌رباز كردو به‌هاوكاری "یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانی عێراق" به‌سه‌رۆكایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی‌و "پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق" بەسرۆکایەتی مەسعود بارزانی توانیان تاكتیك‌و ستراتیژییه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ بگۆڕن.

  په‌یوه‌ندی سه‌حراڕودی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا

له‌نامه‌كه‌دا هاتوه‌ "مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ره‌كی له‌ناوبردنی سه‌دام بو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌دوای چه‌ند ئامانجێكی ئه‌منی‌و ئابوریشه‌وه‌ بوین. قه‌رارگای"ئارامی حه‌مزه‌" به‌فه‌رمانده‌یی"هیدایه‌توڵڵا لوتفیان"و "ئه‌حمه‌دی موقه‌ده‌م" له‌سه‌ره‌تاوه‌ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان گرته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام به‌و بۆنه‌وه‌ كه‌ توانای پێویستیان بۆ سه‌ركه‌وتن نه‌بو، قه‌رارگایه‌كی نوێ به‌ناوی "قه‌رارگای ره‌مه‌زان" دامه‌زرا. ئه‌م قه‌رارگایه‌ هه‌م كاره‌كانی سوپای "به‌در"ی ئاراسته‌ ده‌كردو هه‌م په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ "تاڵه‌بانی"و جێگره‌كه‌ی "نه‌وشیروان"‌ هه‌بو. "محه‌مه‌د جه‌وادی" كه‌ به‌ناوی خوازراوی "محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر" له‌سوپای قودسدا كاری ده‌كرد، له‌قه‌رارگای ره‌مه‌زانه‌وه‌ ده‌ستیكرد به‌كاری تیرۆریستی‌و ئه‌منی. ناوبراو به‌هۆی ئه‌و نزیكایه‌تییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌گه‌وره‌ به‌رپرسانی سوپای پاسداران‌و كۆماری ئیسلامی له‌ تاران هه‌یبوو، بو به‌ناوێك له‌ناو ناوانداو هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ببێته‌ به‌رپرس‌و ڕازداری په‌یوه‌ندییه‌كانی قه‌رارگای ره‌مه‌زان له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی‌ ئه‌و نامه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئێران به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چو كه‌ شكستی شه‌ڕ له‌به‌رامبه‌ر عێراقدا قبوڵ بكات، ره‌فسه‌نجانی سه‌ركۆماری ئه‌وكاتی ئێران نیگه‌رانی ئه‌وه‌ بو كه‌ دوای شه‌ڕ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن‌و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و هێزانه‌ كێشه‌ بۆ كۆماری ئیسلامی دروستبكه‌ن. بۆیه‌ ژورێكی عه‌مه‌لیات پێكهات كه‌ تێیدا "عه‌لی خامنه‌یی، ره‌ی شه‌هری، حوسێن شه‌ریعه‌تمه‌داری، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، مه‌نوچێهر موته‌كی، عه‌لی ئاقا محه‌مه‌دی‌و له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانیشه‌وه‌ موحسینی‌ ره‌زایی، زوڵقه‌در‌و له‌تیفیان" ئه‌ندام بون.
ئه‌م ژووره‌ لیستی 100 كه‌سی له‌نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئاماده‌ ده‌كات كه‌ ناوی دكتۆر قاسملو‌و مه‌سعود ره‌جه‌وی تێدا ده‌بێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گروپێك بۆ تیرۆركردنی قاسملو به‌سه‌رۆكایه‌تی"محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراڕودی" پێكده‌هێنرێت. ناوبراو جگه‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری،‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ گونجاو بایه‌ ده‌بوو ده‌رفه‌تێك بۆ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ قاسملو به‌بیانوی وتوێژی ئاشتی‌و پێدانی چه‌ند ئیمتیازێك به‌حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پێكبهێنێ. لەمەدا تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان ئاسانکارییان بۆ کرد کە "بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆو گەیشتنە رێککەوتنی ئاشتی" کۆببنەوە.

دانوستان‌و پلانی تیرۆركردنی قاسملو

له‌درێژه‌ی‌ نامه‌كه‌یدا ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران ده‌ڵێ "قاسملو به‌و بۆنه‌وه‌ كه‌ مرۆڤێكی وشیار‌و زیره‌ك بو، ئاماده‌ نه‌بو وتوێژ له‌گه‌ڵ سوپادا بكاو رایگه‌یاند كه‌ ئاماده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیپلۆماتیك له‌ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا له‌گه‌ڵ دیپلۆماتلارانی كۆماری ئیسلامی وتوێژ بكا. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌رێنی وه‌رگرت‌و سه‌حراڕودی‌و دوو ئه‌ندامی دیكه‌ی سوپای پاسداران‌و دو ئه‌ندامی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات وه‌ك دیپلۆمات ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسایان بۆ وه‌رده‌گیرێت‌و ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كرێن.
سه‌حراڕوودی دوای ئه‌وه‌ی ده‌گاته‌ نەمسا به‌بڕیاری "عه‌لی ئه‌كبه‌ری ویلایه‌تی" (وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئێران) هه‌وڵده‌دات به‌ته‌نیا بۆ خۆی‌و دكتۆر قاسملو لەڤێلایەکی ده‌وروبه‌ری ڤیه‌ننا كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام قاسملو ئه‌م پێشنیاره‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و نوسینگه‌كه‌ی خۆی كه‌ له‌شوقه‌یه‌كدا له‌ڤیه‌ننا بوو وه‌ك شوێنی دانیشتنه‌كه‌ دیاریده‌كات‌و یاریده‌ده‌ره‌كانیشی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ ده‌بن.
دوای ئه‌وه‌ی قاسملو ئه‌و شوێنه‌ بۆ وتوێژ دیاریده‌كا، پلانی تیرۆره‌كه‌ داده‌ڕێژرێت. سه‌حراڕودی‌و كه‌سی دوه‌م به‌ناوی "بزۆرگیان"و كه‌سی سێیه‌م به‌ ناوی "شا مێهری" دوای نیوه‌ڕۆی رۆژی 13ی ته‌موز له‌باڵوێزخانه‌ی ئێرانه‌وه‌ ده‌چنه‌ شوێنه‌ دیاریكراوه‌كه‌ی‌ قاسملو. هه‌ر كام له‌و سێ‌ دیپلۆماته‌ ده‌مانچه‌یه‌كی جۆری 7/65 میلیمتریان پێده‌بێت. له‌وێ سه‌حراڕودی داوا ده‌كات كه‌ خۆی‌و قاسملو دوو قۆڵی قسه‌ بكه‌ن. ئه‌و ده‌ڵێ "په‌یامی تایبه‌تی پێیه‌و ئه‌وه‌نده‌ پێداگری ده‌كات كه‌ قاسملو رازی ده‌بێ‌و ده‌چنه‌ ژوورێكی دیكه‌‌و دوو دیپلۆماته‌كه‌ی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملو چاوه‌ڕوان ده‌بن".

  روداوه‌كه‌ له‌زمانی سه‌حراڕودییه‌وه

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپا له‌ نامه‌كه‌یدا بۆ"نوریزاد" ده‌ڵێ كه‌ راسته‌وخۆ له‌خودی"سه‌حراڕودی"م بیست كه‌ وتی "له‌گه‌ڵ قاسملو چوینه‌ ژورێكی دیكه‌. وتوێژه‌كان كورت بون. كاره‌كه‌م گه‌یانده‌ شوێنێكی چەپەک. به‌جۆرێك كه‌ وتوێژه‌ كورته‌كه‌مان خێرا بو به‌شه‌ڕه‌ قسه‌و ده‌نگمان به‌رز كرده‌وه‌. من (سه‌حراڕودی) ده‌ستم بۆ ده‌مانچه‌كه‌م بردو ته‌قه‌م له‌قاسملو كرد. ته‌قه‌كه‌م مێشكی نه‌پێكاو نه‌یكوشت. بریندارم كرد‌و له‌سه‌ر ئه‌رز كه‌وت. په‌شۆكام‌و نه‌متوانی دواتر به‌دروستی ته‌قه‌ بكه‌م. قاسملوش ده‌مانچه‌ی پێبو. ئێستا نۆره‌ی ئه‌و بو كه‌ یه‌كه‌م گولە‌‌و دووه‌مین گوله‌ له‌بن باڵم‌و لا ملم بدا. دواجار یه‌كێك له‌گوله‌كانی من مێشكی قاسملوی پژان‌و كوشتی".
هاوكات به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ش دوو دیپلۆماته‌كه‌ ته‌قه‌ له‌یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملو ده‌كه‌ن. له‌م ده‌رگیرییه‌دا "شامێهری"ش گوله‌ی به‌رده‌كه‌وێ‌و یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملوش له‌خوێندا ده‌كه‌ون. "بزۆرگیان" كه‌ په‌شۆكا بوو ده‌چێته‌ ژووره‌كه‌ی قاسملو ده‌بینێ قاسملو‌و سه‌رحراڕودی كوژراون. ده‌ستی شامێهری ده‌گرێ‌و له‌شوقه‌كه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌. هێشتا زۆر دورنه‌كه‌تبونه‌وه‌ كه‌ ده‌نگی ئاژێری پۆلیس دێت، بزۆرگیان ده‌ستی شامێهری به‌رده‌دات‌و خۆی ده‌گه‌ێنێته‌ ماڵێكی متمانه‌پێكراو.
سه‌باره‌ت به‌م روداوه‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ ده‌ركراوه‌ ده‌نوسێ‌ چیرۆكێكی دیكه‌ش ده‌ڵێ "هاوكات له‌گه‌ڵ شه‌ڕه‌ قسه‌ی قاسملو‌و سه‌حراڕودی كه‌ خۆی جۆرێك سیگناڵ بوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی ده‌رگیری، بزۆرگیان‌و شامێهری سه‌ره‌تا یاریده‌ده‌ره‌كانی قاسملوو ده‌كوژن. شامێهری به‌ته‌قه‌ی قاسملو بریندار ده‌بێ‌و سه‌حراڕودی قاسملو تیرۆر ده‌كاو بزۆرگیانیش دەحەپەسێ‌و به‌هه‌ڵه‌ له‌سه‌حراڕودی ده‌دات‌و برینداری‌ ده‌كات‌و به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ شامێهری له‌شوقه‌كه‌ هه‌ڵدێن". 

  دوای تیرۆره‌كه‌

سه‌باره‌ت به‌ دوای رووداوه‌كه‌ له‌ درێژه‌ی نامه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئیتلاعاتییه‌كان له‌باڵوێزخانه‌ی ئێران به‌رده‌وام به‌دواداچون بۆ روداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و زانیارییه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌مه‌نوچێهر موته‌كی. سه‌ره‌تا هه‌واڵه‌كان باسیان له‌كوژرانی سه‌حراڕودی‌و ونبونی شامێهری ده‌كرد. چه‌ند كاتژمێر دواتر ته‌له‌فزیۆنی نه‌مسا راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به‌رووداوه‌كه‌ بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تێدا دیار بوو سه‌حراڕودی بێهۆشه‌‌و له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌. له‌كاردانه‌وه‌یه‌كیشدا ژوری عه‌مه‌لیاتی‌ ئێران هه‌واڵێكی به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان وتوێژێكی گرنگ له‌نێوان دیپلۆماته‌كانی ئێران‌و عه‌بدولره‌حمانی قاسملودا له‌ئارادا بوه‌، به‌ڵام رێكخراوی موجاهیدینی خه‌لق كه‌ پێیخۆش نه‌بوه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بكرێ، هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر نوسینگه‌ی قاسملو‌و ناوبراو‌و یاریده‌ده‌ره‌كانی‌و دیپلۆماته‌ ئێرانییه‌كانیان كوشتوه‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌گیانی دیپلۆماته‌كانی، ده‌وڵه‌تی نه‌مسا به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێ.
چه‌ند كاتژمێر پاش روداوه‌كه‌ شامێهری به‌برینداری ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی پۆلیسی نه‌مسا‌و ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ كێیه‌‌و ناسنامه‌كه‌ی چییه‌. رۆژێك دواتر وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌گاته‌ نه‌مسا‌و له‌گه‌ڵ "كۆرت ڤالدهایم" راوێژكاری ئه‌وكاتی نه‌مسا كۆده‌بنه‌وه‌و داوای گواستنه‌وه‌ی‌ برینداره‌كان بۆ تاران ده‌كه‌ن. یانزه‌ رۆژ دواتر سه‌حراڕوودی‌و شامێهری ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ تاران‌و له‌نه‌خۆشخانه‌ی سوپا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. 
له‌كۆتایی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رووداوه‌دا ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران ده‌نووسێ "ئه‌گه‌رچی دوای سكاڵای بێوه‌ژنه‌كه‌ی قاسملو دادگا داوای راده‌ستكردنی ئه‌و دوو دیپلۆماته‌ ئێرانییه‌ی كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڤیه‌ننا‌و تاران رێگای له‌مه‌ گرت‌".

  تاڵه‌بانی سه‌حراڕودی ده‌رباز ده‌كات

له‌ درێژه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌ پۆسته‌ جۆربه‌جۆره‌كانی سه‌حراڕوودی له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا له‌ كۆماری ئیسلامی كراوه‌و هه‌روه‌ها باسی رۆڵی ناوبراو له‌ سوپای به‌در‌و دروستكردنی سوپای مه‌هدی له‌عێراق ده‌كات‌و دەڵێت "كه‌ له‌و ساڵانه‌شدا له‌گه‌ڵ دۆسته‌ دێرینه‌كانی له‌یه‌كێتی نیشتمانی، واته‌ تاڵه‌بانی‌و جێگره‌كه‌ی ئه‌وكاتی (نه‌وشیروان مسته‌فا) په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی هه‌بوه"‌.
له‌كۆتایی ئه‌و نامه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دەکات كه‌ سه‌حراڕودی له‌ ده‌وڵه‌تی پێشووی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا جێگری به‌رپرسی باڵای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بوه‌، كه‌ "له‌11ی ته‌موزی‌ ساڵی 2007دا ناوبراو له‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ گه‌مارۆ ده‌درێ، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ تاڵه‌بانی دێته‌ ناو مه‌سه‌له‌كه‌وه‌و به‌په‌له‌ ئازادی ده‌كات‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێران، كه‌چی‌ ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بوون له‌و رۆژه‌دا ده‌ستگیر كران‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دیلی ئه‌مریكییه‌كان بون".
محەمەد نوری زاد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە