کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەگەرمیان سەرلقێكى شەهیدى پارتى لەبیركراوە "موچە بڕاوەكەم، بەشى خواردنێكى ئێوارانى بەرپرسێكە"

Sunday, 24/01/2010, 12:00


ئاوێنە خاتوو سنور،خێزانى شەهیدى شۆڕشی گوڵان(ئەحمەد مەحمەد)، بەداخە لەوەى هاوسەرەكەی و باوكى هاوسەرەكەى لە پێناوى شۆڕش و كوردایەتیدا گیانیان سپاردوەو،ئێستاش پارتى دیموكراتى كوردستان بەقەدەر ئەو هەموو رەنج و ماندووبون و ئاوارەبوونە هیچ ئاوڕێكى لێنەداونەتەوەو. دەڵێت"ئەوان بەخوێنى شەهیدانى ئێمە هاتنە سەر كورسی دەسەڵات،سەرۆكى هەرێمیش بەفەخرو شانازییەوە ناوى شەهیدەكانمان دەبات،ئەوەى راستى بێت ئێمە پشتگوێخراوین،كەكەسوكارى شەهیدانى پارتى لە گەرمیان كەس لێیان ناپرسێتەوە،هەروەها بۆ كێشەكانیشم داواى بینینى سەرۆك بارزانی دەكەم،تا ئێستایش كەس گوێم لێناگرێت. سەرەڕاى ئەو هەموو پیاهدڵدانە بە شەهێدەكانمان،كەچی ئاوها پاداشتى كەسوكارى شەهیدان دەدەنەوە".
هاوسەرەكەى سنور،تادەسپێكردنەوەى شۆڕشی 1975 وەك سەرلقێك لە ڕێكخستنەكانى خەباتى پارتى لەناوچەى (چۆمان،حاجى ئومران،بارزان)كاریكردوەو،لەدواى ئەو ساڵەشەوە لەگەڵ هەزاران ماڵە كوردى سەر بە پارتى،روویان لەوڵاتى ئێران كردووەو،لەناوچەى (ئەنزەڵ و مەنجیل و رودبار)لە شاری رەشت و پارێزگاى مازندەران.ژیانیان گوزەراندووە.وەك رێكخەرى كاروبارى ئاوارەكان لە گەڵ سەركردەیەكى كۆچكردووى پارتیدا كاریكردووە،تا ساڵی 1987 لەناودەبرێت و بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوایی لەخێزانەكەى دەكات.
نەك هەر بۆیان نەكردوم،بەڵكو موچەكەیشیان بڕیم
ئەم خێزانە ئێستا لە ناوچەى گەرمیان نیشتەجێن لەكاتێكدا كە هاوسەرەكەى ئەو پۆستەى هەبووە لە گەرمیاندا نەبووە،بەڵكو لەناوچەكانى ترى كوردستان سەرلق بووە،وەك سنوردەڵێت"موچەكەم كە 130 هەزار دینار بووە بەشى خواردنێكى ئێوارانى بەرپرسێكە،پێشتر داوامكردبوو موچەكەمان بكرێتە موچەى شەهیدى سەنگەر،بەڵام نەك هەر بۆیان نەكردوم،بەڵكو موچەكەیشیان بڕیم.كە هاوسەرەكەم و باوكى هاوسەرەكەم لە پێناوى شۆڕش و كوردو بارزانیدا گیانیان سپارد،پاش هاتنەوەشمان بۆ عێراق،بە بڕیارێكى ئدریس بارزانی بوو،ناردینیەوە بۆ گەرمیان لە ساڵەكانى هەشتاكان كەوا ئیشی (تەنزیمى)ناو شار بكات،هەرچەندە مێردەكەم بۆ ئەوەى جاشەكان شوبهەى لەسەرى نەكەن، دەستی دایە كاسبی لە كەلار كە دوكانى هەبوو،دواتر بەنهێنى ئیشی لەگەڵ كاك ئدریس دەكردو راپۆرتى بەرزدەكردەوە،بەو شێوەیەو بەبێ باوك،منداڵەكانم گەورە كرد،كە چی تا ئێستا كەسێك دەرگاى ماڵەكەى نەكردووینەتەوەو سەردانێكمان بكات!!!.
سنور پێیوایە بەسەركردنەوەو دڵخۆشیكردن و رێزگرتن لە كەسوكارى شەهیدان،مەرج نییە هەر بەشێوەى ماددى بێت.
ئەو ژنە فرمێسك لەناو چاوەكانیدا قەتیسمابوو، ئاماژەى بەوەدا كە چەندینجار سەردانى بارەگاى پارتى كردوە نوسراویشیان بۆ كردوە"لقی 15ى خانەقین نوسراویان بۆ مەكتەبی سیاسی پارتى لە ساڵی (2006)كرد،ئەوانیش بە هاوپێچ نوسراویان كرد بۆ وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان كە ئەوكاتە چنار سەعد تازە هاتبووە سەر كورسیەكەى و،دڵی بۆ كەسوكارى شەهیدان دەسووتا.دواتر بانگهێشتى كردین و چاومان بەوەزیر كەوت، كە بۆ دواجاریش گفتوگۆمان دەربارەى كێشەى مووچەى شەهیدەكەمان كرد،كە بەدەر لەوەى چەندین بەڵگەمان نیشانیدا،كە میژووى ئەو بەڵگانە گەڕایەوە بۆ ساڵانى (1973)كە هاوسەرەكەم لە گەڵ خۆالیخۆش بوو (نوری شاوەیس) سەرلق بوو.
سنور ئەوەیشى باس كرد كەوا لەلایەن وەزیرى پێشوو بڕیاریداوە لێكوڵینەوە بكات و ئاگادارى بكەنەوە. ئەو دەڵێت"دواى چوارساڵ وەزیرێكتر هات،ئەو هەر بانگى نەكردم،كە بە غەدرێكى گەوەرەى دەزانم بەرامبەر كەسوكارى شەهیدان".ئەو بە نیگەرانییەوە وتیشی"چی وایكردبوو ئەو هەموو بەڵێنە جێبەجێ نەكرێت،رەوانییە لە پشت مێزى كورسییەكەى وەزیرى شەهیدانى پێشو یارى بە چارەنووسی كەسوكارى شەهیدان بكات"كە هەر ئەوە وایكردووە هەزاران خەڵك لەم وڵاتە بێ ئومێد بێت و گەندەڵیش بچێتە هەموو كون و كەلەبەرێك".
خێزانى شەهید،داوا دەكات بەزوترین كات سەرۆكى هەرێمى كوردستان ببینێت هەرچەندە داوای كردبوو وڵامى نەدراوەتەوە بۆ ئەوەى بۆى بسەلمێنێت،كە مێردەكەى شەهیدى سەنگەر بووەو لەكاتى ئیش و كارى پارتى شەهید بووە.داوایش لەوەزیری نوێی شەهیدان و كاروبارى ئەنفالكراوەكان دەكات كێشەكەى چارەسەربكات.وتیشی"وەزیری ئێستایش كە هاتۆتە سەر كورسییەكەى،ئەویش بەڵێنى داوە كە سەردانى ماڵمان بكات،منیش لەپێشوازى وەزیردا ئەبم كە كەسوكارى شەهیدانى لەبیر نەكردوە،تاوەكو گەرمیان بەخێرهاتنى دەكەم".
ئاوێنە دەربارەى پەراوێز خستنى كەسوكارى شەهیدانى پارتى لە گەرمیان و راگراتنى موچەكەى ئەو خێزانەپەیوەنى كرد بە خاتوو شلێر،بەرپرسى بەشی شەهیدانى پارتى،بەڵام ناوبراو ئامادەنەبو لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدات.
هەروەها دەربارەى پەراوێزخستنى كەسوكارى شەهیدانى پارتى لە گەرمیان، تارق سدیق عەبدولقادر بەرپرسی كاروبارى شەهیدانى گەرمیان،لە لێدوانێكیدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند"كەسوكارى شەهیدان پەراوێز نەخراون".لەبارەى ئەو خێزانەى كە شەهیدەكەى سەر لقى پارتى بوو موچەكەى راگیراوە ئەو وتى"بەڵی راستە ئەوكاتە سەرلق بووە،ئەگەر پێشمەرگەى پارتى بووە لەناوچەى گەرمیان نەبووە،چونكە سەرلق دەبێت پیشمەرگە بێت،بەڵام ئێستا ئەو كەسوكارە داواكارى نوسیوە ئێمەیش لیژنەى مەیدانیمان بۆى كردوە،ئەم ئەمانگە دەینێرین بۆ لیژنەى سلێمانى،ئەوانیش بەرزی دەكەنەوە بۆ وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لە هەولێر".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە