کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئايا دەمكوتكردنى راگەياندنەكەى يەكێتى لەبەرچى بوو؟

Thursday, 08/05/2014, 12:00


رۆژى چوارشەممە (7ى مەى) يەكێتى رايگەياند كۆتايى بە فەسڵێكى ترى شەڕى راگەياندن دەهێنێت و وەكو لێدوانى وتەبێژێك كە لە سايتى خەندانى بەرهەم ساڵح بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: ئەم هەنگاوە بۆ سەرخستنى قۆناغەكەيەو لەمەولا كار بۆ سەرخستنى ئاشتى كۆمەڵايەتى و سياسيدا دەكەن.
هەرچەندە كەس لەناو ئەو حيزبە بێسەر و بەرەدا بە وتەبێژەكەيشەوە نازانێت حيزبەكەى مەبەستى لەسەر خستنى ئاشتى كۆمەڵايەتى و سياسيى چييە بەڵام بۆچى لەئێستادا يەكێتيى شەڕى راگەياندن رادەگرێت؟
بەقسەى وتەبێژەكەى يەكێتى ئەم هەنگاوە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنى دانيشتنەكانى پەرلەمانى كوردستان و گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومەت و لايەنەكانە لەبارەى ئيستحقاقى هەڵبژاردنەكەى پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاكان، بەڵام وتەبێژەكە سەرچيخ چوە. بيرى چۆتەوە پێكهێنانى حكومەتەكەى هەرێم كە خەريكە لە بيرى خەڵك دەچێتەوە، دەمێكە حيزبەكان سەرقاڵى پێكهێنانين و هەر بۆيان پێكنايەت. بۆ ئيستحقاقى هەڵبژاردنەكانيش، هێشتا ئەنجامەكان بەتەواویى رانەگەيەندراوە تا گفتوگۆى لەبارەوە بكرێت، ئيتر نازانم ئەم وتەبێژە ئەم درۆ شاخدارە چييە كردويەتى.
هەندێك سايتى دەنگوباس ئەم هەنگاوە دەگێڕنەوە بۆ دەست پێشخەرييەكى سەڵاحەدين بەهادينى ئەميندارى پێشوى يەكگرتو، بەڵام تا هەنوكە ناوبراو بۆ خۆى هيچ لێدوانێكى لەو بارەيەوە نەداوە و كارێكى ئەستەميشە دەستپێشخەرييەكى لەو شێوەيە، ئەو شەڕى راگەياندنە چڕوپڕەى يەكێتى بۆ سەر گۆڕان رابگرێت كە دو هەفتە دواى دەستپێكردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى مانگى نيسان و ئيمزاكردنى رێككەوتنەكەى نێوان پارتى و گۆڕان دەستيپێكرد.
لە هەڵبژاردنەكەى مانگى نيساندا، يەكێتى بەساختەكارى لە هەندێك ناوچەدا ژمارەى دەنگەكانى زيادكردووە. هەرچەندە هەر لە ئێستادا هەندێك زوڕناژەنى راگەياندنى ئەو حيزبە كەوتونەتە ماستا وخەستكردنەوە گوايە ئەوەى ناويان ناوە "هەڵسانەوە" بەهۆى كوڕە يچوكەكەى تاڵەبانييەوەيە. زيادبوونى دەنگەكانيشى لەهەولێربەشێكى پەيوەندى بەساختەكارييەوە هەيە لە كۆيەو بەشێكى كەميشى ئەو كەسانەيە كە دژى پارتين. بە جۆرێك هەرلايەنێك لەدژى پارتي بێت ئەمان دەنگى پێدەدەن و پێدەچێت هەڵمەتى چڕوپڕى يەكێتيى لەماوەى هەڵبژاردنەكەدا بۆ سەر گۆڕان لەبارەى رێككەوتنەكەى لەگەڵ پارتيدا تەنيا كارى باشى لەمان كردبێت. زيادبونى دەنگەكانى دهۆكيشى هەر يەكێتي نييە بەڵكو دەنگى لايەنەكانى تريش زياديكردوەو ئەمەش ئاماژەيەكى دڵخۆشكەرە بەوەى سەرەتاى بچوكبونەوەى پارتى لە دهۆك خەريكە دەستپێدەكات. ئەم كەمبونەوەى دەنگەكانيشى رەنگە پەيوەندى بە نەبونى موچەوە بێت. بێپارەى زياتر لەو پارێزگايە كاريگەريى نێگەتيڤى لەسەر دەنگەكانى پارتى و يەكێتيى هەبوبێت لەچاو ناوچەكانى تر.
بەم جۆرە پێناچێت شەڕى راگەياندنى چڕوپڕى يەكێتيى لەماوەى هەڵبژاردندا، كاريگەريى لەسەر خەڵكى سلێمانى كردبێت بە جۆرێك كە يەكێتيى خۆى پێوەبابدات و بەرپرسە باڵاكانى ئەو حيزبەش جگە لە تاكە قسەكەر حيكمەت حەمەكەريم ناسراو بە مەلا بەختيار كەسيان باسيان لە گرنگى راگەياندن نەكردوە. تەنيا ئەم قسەكەرە بێ سێ و دووە نەبێت، كە لە هەموو شتێكدا ئێستا بە راست و بە چەپ قسەى خۆى هەيە و باس لە گرنگى خستنە ڕووى "جياوازييەكانى" نێوان خۆيان و پارتى كردووە.
كەواتە بەرپرسانى باڵاى يەكێتى دڵنيان لەوەى هاش وهوشى چەند هەفتەى راگەياندنەكەيان كاريگەرى نەبووە و باشترين بەڵگەش ئەوەيە، كە ئەو كەسەى ئەمان بە كۆنەبەعسى و هەڵەوەڕ ئەيانناساند دەنگێكى بێشومارى لە سلێمانى هێناوە وەكو ئەوەى خەڵكى ئەو شارە پێيان بڵێت هينتان خوارد.
لە ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردن، يەكێتيى وەكو ئۆپۆزسيۆن خۆى نيشاندەدا. لە كاتێكدا بەشدارە لە خيانەتەكانى پارتى، هەر لە هەڵكەندى خەندەقى شەرم، دزينى نەوت، بێ موچەكردنى خەڵك، بەڵام هێشتنەوەى مەسافەيەك لە نێوان خۆى و پارتى شەريكيدا و ئيمزاكردنى رێكەوتنێك لە نێوان پارتى و گۆڕاندا، هەلێكى دابوويە، كە خەڵك چەواشە بكات، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونى هەڵبژاردن و بە دەستهێنانى بڕێكى دەنگ، كە بۆتە مايەى دڵخۆشكردنى هەوادارەكانيان و بەرپرسەكانيشان دەزانن ساختەيە. لە مەولا ئيتر دەبێت بچێتەوە باوەشى پارتى و چيتر ناتوانێت خۆڵ بكاتە چاوى خەڵك بۆيە وەك وتەبێژەكە دەڵێت لەگەڵ دانيشتنەكانى پەرلەمان و حكومەت كۆتايى بەشەڕى راگەياندن دەهێنين.
گرفتى يەكێتيى لەوەدايە، كە كێشمەكێش و گرفتى ناوخۆيى زۆر چاوەڕێى دەكات. لەگەڵ تەواوبوونى هەڵبژاردن سەرهەڵدەدەنەوە و دووچارى تەنكژەى زياترى دەكاتەوە، مەگەر هەميشە قەيران بخوڵقێنێت بۆ داپۆشينى ئەو تەنگژانە. قەيرانێك، كە رەنگە ئيدارەدانى ئاسان نەبێت بەو قەبارە و سەنگەى ئێستايەوە.
جگە لەوەش، شەڕى راگەياندنەكەى لە دژى گۆڕان بووە لە ماوە چەند ساڵى رابوردودا، بەبێ ئەوەى جورئەتى ئەوەى كردبێت باسى پارتى بكات، كە بەهەزاران كەسيان لە يەك كوشتووە. بەڵام لەمەولا ناتوانێت درێژە بەو شەڕە بدات لەكاتێكدا بەيەكەوە لە حكومەتدا دەبن و ئەگەريش زۆرە بەيەكەوە سلێمانى بەڕێوەبەرن؟ ئەگەرێك، كە پێدەچێت زياتر لە بەرژەوەندى گۆڕان بێت، چونكە لە خاوەنى هيچەوە: لە سلێمانى دەبێتە حوكمڕانى يەكەم و لەهەرێمى چەند دەزگايەكى گرنگى بەدەستەوە دەبێت.
بەرپرسانى يەكێتى لە چاوەڕوانى بەشداريكردن لە حكومەتدا كۆتايييان بە فەسڵێكى شەڕى راگەياندن هێنا، بەڵام فەسڵێكى تر رەنگە زوو دەست بكاتەوە، بەتايبەتى، كە ئەو حيزبە ئێستا لە هەموو كاتێك زياتر پێويستى بە دوژمنى وەهمى هەيە، تا كێشە ناوخۆييەكانى پێ لەبير كادر و هەوادارانى بەرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە