کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خیانه‌تی که‌رکوک له‌ دیوێکی تاریکدا، بارزانیه‌کان یان تاڵه‌بانیه‌کان‌

Thursday, 30/11/2017, 21:47


ڕه‌نگه‌ لای هه‌ر کوردێک، ڕووداوه‌کانی که‌رکوک، به‌ ناپاکی سه‌ربازی باس بکرێت، یان له‌ دیدگای هه‌ندێ لایه‌ندا، ڕێککه‌وتنێکبووبێت تا شه‌ڕ له‌ که‌رکوک ڕوو نه‌دات و شاره‌که‌ وێران نه‌بێت. وه‌ به‌ پێی ده‌ستوور، سوپای ئێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌و دیووه‌ تاریکه‌وه‌ هه‌بوو‌ که پارتی تێدایه‌ و‌ باسی نه‌کراوه‌، ئه‌ویش له‌ خیانه‌تێکیتریی نه‌بینراودا خۆی نمایش ده‌کرد، به‌ڵام به‌ جۆرێک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆکه‌ ده‌بینرا، ئاڵای کوردستان بوو که‌ به‌ پیرۆزی ده‌بینرا، کورد بوون بوو که‌ به‌ جوانی وێنا ده‌کرا، نیشتیمانیش ناونیشانی هه‌موو باسه‌کانیان بوو، چونکی ده‌یانزانی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانیان، به‌و ئاراسته‌یه‌وه‌ ده‌چێته‌ پێش و هۆشیاری تاکی کوردیش تا ئه‌و ئاسته‌یه‌ که‌ ئه‌وان ده‌تووانن به‌ناوی خاک، وڵات، ئاڵا و نه‌ته‌وه‌وه‌، ئاراسته‌یان بکه‌ن، به‌ڵام، به‌ ئاگا هاتنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و هه‌وڵی تاک بڕیاری، کوره‌ گه‌وره‌ی تاڵه‌بانی، تووانرا، ڕێگری له‌و پیلانه‌ بکرێت و به‌تایبه‌ت که‌رکوک له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌دا بوو، به‌ ته‌واوی بکه‌وێته‌ ده‌ستی پارتی و له‌ ده‌ست یه‌کێتی بچێت که‌ له‌ خواره‌وه‌ باسی ده‌که‌م.
ئه‌وه‌یی که‌ ڕوون بوو، پارتی کاری له‌سه‌ر کردبوو، ده‌ست به‌سه‌را گرتنی هه‌موو کوردستان بوو که‌ ئه‌وه‌ تا ئێستایش ستراتیژی بنه‌ماله‌ی بارزانیه‌. وه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستیان پێکرد،‌ بڕینی موچه‌ و برسی کردنی خه‌ڵک بوو. وه‌ هه‌نگاویی پراکتیکی دوواترییان که‌ بینرا، له‌ گرتنی که‌رکوکه‌وه‌ ده‌ستی پێکردبوو که‌ تا ڕاده‌یه‌کی باش پارتی لێی سه‌ر که‌وتوو بوو، وه‌ک:
1. ده‌ست به‌سه‌را گرتنی پارێزگای که‌رکوک که‌ به‌ تایبه‌ت پارێزگار وه‌ک پارتیه‌ک مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرا و‌ له‌ فه‌رمانی بارزانی کوڕ ده‌ر نه‌ده‌چوو، له‌ کاتێکدا به‌شی یه‌کیتی بوو. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش به‌هه‌مان شێوه‌، که‌وتبووه‌ ژێر کاریگه‌ری پارتی.
2. کۆنترۆڵکردنی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش، به‌تایبه‌ت قه‌زا و ناحیه‌کان.
3. به‌شێکی زۆری هێزه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی، به‌ته‌واویی که‌وتبوونه‌ ژێر فه‌رمانی بارزانی، وه‌ک هێزه‌کانی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌شێکیتری که‌ فه‌رمانده‌ی یه‌که‌ی 70 کاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌بوو. هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ ڕۆژێک پێش ریفراندۆم له ناو شاری که‌رکوکدا، له‌‌ یه‌کیتی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی بۆ که‌رکوک باسم کرد، ده‌کریت بۆ سلێمانیش ڕاست بێت، به‌ڵام به‌ جۆرێکیتر، چونکی دژایه‌تیه‌کانی پارتی بۆ ئه‌و شاره‌ سنووری تێپه‌ڕاندبوو.  سلێمانی، هه‌رگیز پارتی پێ قبول نه‌بووه‌. وه‌ ده‌مێکیشه‌ ئه‌و شاره‌ ئه‌زموونی حوکمی خێڵی تێپه‌ر کردووه‌، هه‌ڵبه‌ت بارزانیه‌کان له‌وێیشدا، له‌ هه‌ندێ ڕوه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوو بوون، وه‌ک:
1. وشککردنی سلێمانی له‌ خزمه‌تگوزاری.
2. زیاد کردنی ڕێژه‌ی هه‌ژاری و بێکاری، به‌ پێچه‌وانه‌ی دهۆک و هه‌ولێره‌وه‌.
3. کۆچی به‌ کۆمه‌ڵی خه‌لکی ئه‌و پارێزگایه‌-زیاتره‌ له‌هه‌ر شوێنێکیتر که‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ژماره‌یی کۆچبه‌ره‌کان بکه‌ین بۆ ئه‌وروپا و وڵاتانیتر، به‌شی هه‌ره‌ زۆرییان خه‌ڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین. واتا ئه‌و شاره‌ له‌هه‌ر سه‌رده‌مێکدابووبێت، به‌هۆی ده‌نگی بوێرییه‌وه‌، له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌کانه‌وه‌، چ کوردی بووبێتن یان بێگانه‌، غه‌دری لێکراوه‌ و ئازار دراوه‌.
ده‌کرێت بڵێین، ئه‌وه‌یی له‌ که‌رکوک کرا و ڕوویدا، کارێکی ژیرانه‌ی تاڵه‌بانیه‌کان بوو، له‌وه‌یی خه‌ڵک و خاكی کوردستانیان، له‌ده‌ست شه‌ڕێکیتری کورد و کورد پاراست ئه‌گه‌ر نا ده‌ستکه‌وتی 100 ساڵی خه‌باتی کورد، له‌ ده‌ست ده‌درا. له‌ کاتێکدا هه‌ر ئه‌وانیش قوربانی بوون و به‌تایبه‌ت پۆستی پارێزگارییان له‌ده‌ست چوو بوو.
وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌کانی بارزانی کوڕ، به‌ باشی بچووایه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و باڤڵ تاڵه‌بانی ڕێگایی لێنه‌گرتایه‌، کاری دوواتری بارزانی، ڕاماڵینی هه‌موو پارته‌ چه‌کداره‌کانی کوردستان و سڕینه‌وه‌یی پارته‌ یاخیه‌کان له‌ پارتی ده‌بوو که‌ به‌ برووایی من کوڕه‌ گه‌وره‌ی تاڵه‌بانی ئه‌قلانیترین کاری کرد، چونکی هاتنی سوپا و حه‌شد، کوردی له‌ شه‌ڕێکی ناوخۆ دوور خسته‌وه‌ و پارتی گه‌ڕانده‌وه‌ قاوخی خۆیی.
واتا، ئه‌وه‌یی به‌سه‌ر که‌رکوکدا هات و به‌شێکی زۆری خاکی کوردستان له‌ده‌ست درا، هۆکاری خیانه‌تێکیتری، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بوو. وه‌ ئه‌و دیووه‌ تاریکه‌ بوو که‌ لای خه‌لکیه‌وه‌ دیار نه‌بوو، ئه‌گه‌ر نا که‌رکوک تا ئێستا له‌ ده‌ستی کورد ده‌مایه‌وه‌ و شکۆی پێشمه‌رگه‌یش به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ده‌شکا. ئه‌گه‌ر سوپای ئێراقیش، بگه‌ڕایه‌ته‌وه‌، به‌ پێی ڕێكکه‌وتن ده‌بوو. به‌ڵام مه‌ستی و خه‌یاڵ و خیانه‌تی بارزانیه‌کان دۆخه‌که‌یان به‌ ئه‌مڕۆ گه‌یاند.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە