کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ باتاکلانه‌وه‌ بۆ زاڤێنتم

Thursday, 24/03/2016, 14:27


دوێنێ پاریسیان له‌ خوێنا ئاڵان، ده‌نگی تفه‌نگه‌کانی بیابانیان هێنایه‌، باتاکلان و شه‌قامه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانی پاریس. 
ئه‌مڕۆ برۆکسل و فڕۆکه‌ خانه‌ی زاڤێنتمیان کرد به‌ وێرانه‌یه‌ک، هه‌موو جوڵه‌‌کان وه‌ستێنران، هه‌موو که‌س له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو که‌ هه‌واڵی سه‌لامه‌تی خزم و که‌سه‌کانی خۆی بزانێت. له‌به‌ر هاوار و ده‌نگی گریان که‌س ئاگای له‌که‌س نه‌بوو، سێشه‌ممه‌یه‌کی خوێنابوو بۆ به‌لجیکا. 
ده‌وروبه‌ری كاتژمێر هه‌شتی سه‌ر له‌به‌یانی بوو، دوو ته‌قینه‌وه‌ له‌ نێو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ زاڤێنتم ڕوویاندا، دوواتر ودووای نزیکه‌ی کاتژمێرێك ته‌قینه‌وه‌ی سێهه‌میان له‌ وێستگه‌یه‌كی‌ میترۆی‌ (مالبێێك) شاری‌ برۆكسل ڕوویدا. که‌ تیایدا 34 كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ 200 كه‌سی‌ تریش برینداربوون. هه‌ر دووای ته‌قینه‌وه‌کان، دۆخی نائاسایی له‌سه‌رانسه‌ری بەلجیکادا بۆ 4 بەرزکرایەوە، واتا به‌رزترین ئاست. 
ئه‌م ڕووداوه‌ بۆ من شۆکێنه‌ر نه‌بوو، وه‌ك چۆن تازه‌یش نه‌بوو، ده‌بوو له‌هه‌ر کاتێکدابێت ڕوو بدات، چونکی ناکرێت لێشاوێك له‌په‌نابه‌ران ڕوو له‌ ئه‌وروپا بکه‌ن، تۆ چاوه‌ڕێ بکه‌یت، ئاسایشی ئه‌وروپا هه‌ر وه‌ک جاران بێت، ئاخر ئه‌و ڕووباره‌‌ په‌نابه‌ره‌ی که‌ ڕوویان له‌ ئه‌وروپا کردووه‌، له‌ واشینگتن دی سی و ئۆسڵۆ و ئۆتاوا-وه‌ نه‌هاتوون: ئه‌وان کوڕ و کچی خێزانه‌کانی به‌غداد و ڕه‌قه‌ و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ن که‌ تیرۆرستان تیایدا ئه‌کتیڤن. ئه‌وانه‌ی که‌ دێن له‌ ژینگه‌یه‌کیتر، په‌روه‌رده‌یه‌کیتر، ئاینێکیتر، خودایه‌کیتر و ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌یه‌کتره‌وه‌ دێن، له‌ شوێنێکه‌وه‌ دێن که‌ سه‌دان ساڵه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕ و بارووت هیچی دیکه‌یان نه‌بینیوه‌، له‌و بازنه‌یه‌وه‌ دێن که‌ تیرۆر ده‌خولقێنێت.
له‌ ئێستادا، مه‌ترسی کاری تیرۆرستی، چه‌ند له‌سه‌ر برۆکسل و پاریس هه‌بێت، دوو ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌نتوێرپن و مارسیلیا هه‌یه‌، واتا: مه‌ترسی تیرۆر له‌هه‌موو کاتێکدا، چه‌ند له‌سه‌ر پایته‌ختی هه‌ر وڵاتێکی ئه‌وروپی هه‌بێت، دوو ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر شاره‌کانی ده‌وروبه‌ریان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بتووانن به‌ ئاسانی ته‌قینه‌وه‌کان له‌ پایته‌خته‌کان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وا به‌بێ دوو دڵی، ده‌روبه‌ری پایته‌خت ڕێگایه‌کی کورته‌ بۆ ئه‌وان(تیرۆرستان)، واتا: پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ پایته‌خت، ئه‌وان له‌ شار و گونده‌کانی ده‌روبه‌ر بوون. 
بۆ ئه‌وه‌ی کار له‌سه‌ر نه‌مانی تیرۆر بکه‌ین، ئه‌مڕۆ زوو نیه‌، دره‌نگیش نیه‌. شه‌ڕکردن له‌به‌رامبه‌ر تیرۆردا هه‌مووکات پێویسته‌. چونکی تیرۆر کاتی نیه‌. هه‌رکات بیانه‌وێت و بۆیان بگونجێت کاری خۆیان ده‌که‌ن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە