کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دیکتاتۆرەکان ، یەک چارەنوسیان هەیە

Saturday, 12/11/2011, 12:00







"ناچار کردنی خەڵك بەوەی کە گوێڕایەڵی ئیرادەی تۆ بن ، سەرەتای خۆپەرستی و ستەمکاریە و زۆرداری و ئۆتۆکراسی هێلکەیەکی ژەهراوەیە کە دەبێت لەناو ببرێت "
باوکی دیموکراسی " ئەمپیدۆکڵس "


هەر کات ، لەهەر کوێ مرۆڤ بێدەنگ بوو لە ئاست داوا و مافەڕەواکانی خۆیدا ، ئەوکاتە دیکتاتۆریەت چەکەرە دەکات ،هەر ئەم بیدەنگییەشبوو بۆ گەلی کورد سەدەیەکی پڕ ئەنفال و قوربانی و کیمیا باران "دابەش کردنی خاک و نەتەوەی بە دووای خۆیدا هێنا ،.. بە تێپەڕ بوونی سەدەی بیستەم ، گەلی کورد زەرەرمەندترین نەتەوەی دەست دیکتاتۆریەت بوو .
سەر و سیمای دیکتاتۆرەکان هەر وەک هەموو ئەوانیتر سادە و بگرە رازاوەتر و نەخشاوەترە ، لە وێنەکاندا بەو شێویە خۆیان دەردەخەن ، خزمەتگوزاری و دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی بەپراکتیزە بوونی لەسەردەستی ئەوانە ، ڕووکاریشیان هەمیشە ڕازاوەتەوە بۆ دونیای دەرەوە ، ڕەنگینتر لە ڕەنگی بەهار .
وەلێ لە ناوەڕۆکدا ئەوەی پراکتیکە، تراژیدیاکردنی مرۆڤەکان و قۆرخ کردنی سەروەت و سامانی گشتی ، دروست کردنی کۆیلە و کڕینی ئە‌قڵی مرۆڤەکان لەسەرووی هەموو کارەکانیانەوەیە .


ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ،دەسەڵاتی خۆماڵی کوردییە ، وەک لەسەرەوە قسەم لەسەر کرد ، بەتێپەڕ بوونی سەدەی بیستەم گەلی کورد تێیدا قوربانی سەرەکی بوو ، تا ساتی ئەم نوسینە لەهەموو ئەو وڵاتانەی کورد نشینە ، مافەکانیان پشێل دەکرێن و هەوڵی گۆڕینی خاک و سڕینەوەی کورد بوونیشیان دەدرێن .

بەهاری 1991 و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان ، قبوڵ نەکردنی دیکتاتۆریەت و چیتر ژێردەستی و کۆیلایەتی بوو ، ئەوەی جێگای نیگەرانی بوو ، لە دووای ئازاد کردنی کوردستان لە ڕژێمێکی دیکتاتۆری نەتەوە پەرستی عەرەبی ، دوو ڕژێمێکی دوو حیزبی کوردی هاوشێوە جێگایان گرتەوە ، پاشان شەڕی برا کوژی -کورد و کورد ، یەکێكە لەو کەیسانەی لە دادگای مێژوودا دەمێنێتەوە ،کە تێیدا سەدان لاو کوژران ، دەیانیان لێ کۆمەڵکوژ و بێسەرو شوێن کران ، تا هەنوکە زارۆک بۆ باوکی ونبوی ئەسرین دەڕێژێت ، دایک بۆ کوڕ ، ژن بۆ مێرد ، هێنانی سوپای بێگانە تا ئەم چرکەساتە بنکەو بارەگایان لە باشوری کوردستان بوونی هەیە .


هاوشێوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی دونیا داهات و سامانی نیشتیمانی تا هەنوو بەناوی ڕێکەوتنێکی ستراتیژییەوە ،کەس نازانێت چی لێدێت ؟ چۆن سەرفی دەکەن ؟! لە ئێستایشدا ئەوەی پێی دەگوترێت پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ، تەنها وتە بێژێکی پارتی و یەکێتیە ، بە واقیع بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بوونی نیە .

لە دووای 25 / 7 سزا سیاسییەکان یەکێک بوو لەو تاوانانەی دژ بە نەتەوە و نیشتیمان و مرۆڤایەتی ئەنجامدرا ، نان بڕین و ترساندن و تۆقاندن ، پاشان بڕینی خەرجی ئۆپۆزسیۆن ، دوواتر سزاکانیان گوواستەوە بۆ ناو پەرلەمان ، دەنگی زۆرینەیان کرد بە چەکوش بۆ سەر کوتکردنی هەق و ڕاستیەکان ... تا ئێستایش کۆمەڵگای کوردی وەک کرێکار و خزمەتکاری حیزب و بنەماڵەکانیان دەبینن .

دیکتاتۆرەکانی دونیا تەمەنیان هەرچەند بێت ، مێژوو ڕاستگۆیانە لاپەڕەکانی خۆی دەنوسێتەوە ، ڕۆژێكیش دێت بەبێ ئەوەی لێییان بپرسێت ، تۆ کێیت و چی بوویت و لەکام بنەماڵە بوویت ؟! لەقەفەزێكدا .... سزای خۆیان وەردەگرن .
دیکتاتۆرەکان هەرکێ و هەر ناوێك بێت ، لەهەر کوێ بێت ، یەک چارە نوسیان هەیە (سەدام) و (حوسنی موبارەک) و (زەینل عابدین) و (قەزافی) باشترین ئەزموونن ، نمونەن بۆ هەموو دەسەڵاتە ستەم کار و دیکتاتۆرەکانی دونیا .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە