کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵی جەنابی سەرۆک من ئامادەم کێشەکانی هەرێم و بەغداد چارەسەر بکەم، بەڵام .. ؟

Sunday, 29/07/2012, 12:00


وەڵامێک بۆ سەرۆکی هەرێم
دوای ئەوەی ٢٨ ئەم مانگە بەڕیز سەرۆکی هەریم لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی و سەرۆکایەتی هەرێمەوە ڕاگەیەندراوێکی لە ژێر ناونیشانی (چەند وتەیەکی پێویست بۆ ڕای گشتی لە بارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان) بڵاو کردەوە و هەر لە لە هەمان ڕاگەیاندراودا جەنابیان ئاماژەیان بەوە کردووە کێ لە عێراقدا دەتوانێت کێشەکان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی و مالیکیدا چارەسەر بکات ، من ئامادەم بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دەستور پێی داوم فایلی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم و بەغدادی وەربگرم و چارەسەری بکەم چونکە ئەو هەموو کێشەیەی نێوان هەرێم و بەغداد تەنها چەند داواکاریەکی هەرێمە و ئەوانیش وەڵامی تەواویان پێیە وەک ئەوەی هەرێم داوای چاکسازی دەکات و جەنابی مالیکیش دەڵیت لە خۆتەوە دەست پێبکە. نموونە:

١- هەرێمی کوردستان دەیان ساڵە چەند سنورێکی نایاسای بەدەر لە دەستووری عێراق هەیە تا ئێستا داهاتەکەی دیار نیە و ناشچێتە گیرفانی خەڵکی بەشمەنیەتی هەرێمی کوردستانەوە تەنها لە نێوان چەند کەسێکی پارتەکەی بەریزتا ون دەبێت ،

٢- هەرێمی کوردستان دەستی بە هاناردە کردنی نەوتی خاو کردووە بۆ وڵاتانی دراوسێ و لە ناویشیاندا بۆ ڕازی کردنی تورکیا لە خۆی و پشتگیری کردنی بارزانی بە کەمتر لە نیوە قیمەت دەیداتە ئەو وڵاتە کە ئەمەش هەر پێچەوانەی دەستوورە ،

٣- هەرێم داوای بودجەی پێشمەرگە دەکات کە چەند ساڵێکە ئەو یاسایە پەسەند کراوە بەڵام مالیکی جێبەجێی ناکات ، ئەمەش پاساوی خۆی هەیە ، جەنابی سەرۆک ئێمە بە ئاشکرا ئەو هێزە دژی خۆیان بەکار دەهێنین و هێچ کاتێک بە پێی ڕێکەوتنەکەی نێوان بەغداد و هەرێم هەنگاومان نەناوە ، تۆ دەتەویت حکومەتی مەرکەزی پارەمان بداتێ و بەهێزمان بکات دواتر هێز دژی خۆیان بەکار بهێنین؟ ئاخر جەنابی سەرۆک ئەمە بە ئەقڵی منداڵیکدا ناچی تا ئێمە گلەیی ئەوە بکەین بودجەی پیشمەرگە ڕاگیراوە ئەوان بێبەڵینن لە ئاست ئەو بەڵینانەدا کە پێشتر داویانە .

٤- جەنابی سەرۆک هەرێمی کوردستان پشتگیری دوور خستنەوەی (تارق هاشمی) کرد کە کەسیکی تاوانبەرە هێندەی ئەو فرۆکەوانەی لە سلیمانیەوە فڕیندرا ، دیسان ئەو سیناریۆیە دووبارە کرایەوە کە ئەم تاوانبارە بە پێی مادەی تیرۆر بانگهێشتی دادگا کرابوو جەنابت و سەرۆک کۆمار هاوکاریتان کرد تا ئەوکاتەی ئەو ڕۆشت و پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدادی ئاڵٶز کرد و تەنها خۆمان ماینەوە و تەنها خۆشمان پیاو خراپ دەرچووین .
من زۆر خاڵی ترم لەیادە کە نامەوێت لێرا بینووسم لەو پرۆژەیەمدا ئاماژەم پی کردووە.

بەڵێ لەمەڕ ئەم بەڵێنانەی خۆت ، من ئامادەم کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد یەکلای بکەمەوە . بە مەرجێک بە پێی ئەو دەسەڵاتەی دەستوور بە جەنابتی داوە تۆش دەسەلات بە من بدەی ، چونکە کێشەکانی هەرێم و بەغداد هێندە مەترسیدار و قوڵ نیە تا کار بگاتە ئەوەی لایانە سیاسیەکانی عێراق کودەتا بەسەر مالیکیدا بکەن و هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە بکەن لە مالیکی کە ئێستا هەموویان پەشیمان بوونەتەوە و بەتەنها جەنابت ماویت ، تەواوی کێشەکانی ئێمە و ئەوان بە چەند دانیشتنێکی ١ مانگی کۆتای دێت ، دەزانی جەنابی سەرۆک لە وتەیەکی ڕاگەیاندراوەکەتدا بەڕیزتان فەرمووتانە (من لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەوە متمانەم بە مالیکی نەما کە دەیان تانک و چەکی قورسی هێنایە مەنتیقەی خانەقین ، دەی جەنابی سەرۆک گەر تۆ لە ٢٠٠٨دا متمانەت بە مالیکی نەماوە بۆ لە ساڵی ٢٠١٠ جارێکی تر جەنابت دەستپێشخەریە مەزنەکەت کرد و لایەنەکانی عێراقت هێنایە هەولێر و پەیمانی هەولێر لەسەر دەستی تۆ ئیمزا کرا خۆ جەنابت ٢ پێش ئەو ڕۆژە متمانەت بە مالیکی نەمابوو بۆ بویتە کەفیلی و لە سەردەستی تۆیەک کە بێمتمانەی لێی دیسان متمانەی پێ بەخشرایەوە و پێکەوە دوای ٨ مانگ لە قەیرانی سیاسی و دەیان کۆبوونەوە و دەست تێوەردانی وڵاتانی دراوسێ حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی پێک هێنرایەوە .
جەنابی سەرۆک ئێستاش چارەسەر کردنی ئەم کێشانە لەگەڵ بەغداد ئاسانە . من وەک خۆم دوای ئەوەی بەڵینەکەتم خوێندەوە ، بڕیارمدا پرۆژەیەک بۆ چارەسەر کردنی کیشەکان لەگەڵ بەغداد بخەمە بەردەست و تۆش گەر لەسەر وتەکانت سور بیت ، متمانەم پێ بکە و بۆ ماوەیەکی کەم ڕێگە بدە کیشەکان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکەم.


کاروان حەمە تاتە
سەرنووسەری گۆڤاری چوارستار

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە