الواد دا مسئف اوی
Thursday, 16/12/2010, 12:00
پێش چەد شەوێك بەرنامەیەكم دیت لە كەناڵی ئاسمانی میسری (نیل) تێیدا كوردێك بەناوى مەلا یاسین كە نوێنەرى (ینك) بوو لە قاهیرە بەژداری كردبوو، لەگەڵ دوو پێشكەشكار ومیسریەكیش وەك بەژدارى لایەنى عەرەبی.
تێیدا هەموو ئەو قسە بێ بنەما وناماقوڵانەى كە عەرەب دەربارەى كەركوك بەتایبەتى ودۆزى كورد بەگشتى دەیكات هەمووى دوبارە وسێ بارە وسەد بارە دەكرایەوە.
وەك كەركوك كوردستان نییە، توركمان زۆربەى شار پێك دەهێنن، ئێوە حەوت سەد هەزار كوردی دەرەوەى كەركوكتان هێناوەتە ناو كەركوك بۆ گۆڕینى دیموگرافیای كەركوك، وێەدام مەبەستى سیاسی نەبوو لە بەعەرەبكردنى كەركوك بەڵكو مەبەستى ئەمنى بوو... چەندین قسەى پوچی تر.
خوا هەڵناگرێت كاك (مەلا یاسین) تا ڕادەیەكى چاك وەڵامى دەدانەوە، بەڵام عەرەبیەكەى زۆر شڕ بوو بە عێراقی ومیسری وپەتى قسەى دەكرد زۆر جار من وەك كوردێك تێیدەگەیشتم بەڵام نەیدەتوانى پەیامەكەى بە دروستى بگەیەنێتە ئەوان وبینەری عەرەبی، چاكتر وایە لەو شوێنانە كەسانى عەرەبی زانى چاك دابنرێن بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەكانى بینەرى عەرەبی، هەرچەندە من زۆر ڕەشبینم لە میدیاى عەرەبی چ جاى بینەرى ئاسایی عەرەبی! تا ڕادەیەك بەو دوایە زۆربەى ئەو داوەتانەى تەلەفزیۆنە عەرەبیەكانى لەندەن ڕەتدەكەمەوە چونكە هەستدەكەم لە هەمان بازنە دەخولێنەوە، نە ئاستى میدیاكانى عەرەبی نە ئاستى بینەرى عەرەبى گۆڕانێكى ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
ئەوەى زیاتر توشى شۆكى كردم وەك چۆن كاك مەلا یاسین یش توشى شۆك كرد پرسیاری پێشكەشكارە پیاوەكە بوو لە بەرنامەى (من القاهرە) كە بە مەلا یاسینى گووت: (یعنی انتم الاكراد تگعنون فی عروبتكم؟!!!!) واتە: یانى ئێوەى كورد نكولى لە عروبەتى خۆتان دەكەن؟!!! پێم خۆشە هەموو باقی لاپەڕەكە بە نیشانەى سەرسوڕهێنان پڕكەمەوە، لەو كاتە دەربڕینێكى برادەرەكى میسریم بیرهاتەوە كە لە یۆنان دیتم وباسی مێژووى هاوچەرخى میسریم بۆ دەكرد و سەیری پێدەهات كە من چۆن ئاگادارى ئەو وردەكاریەم لە مێژووى میسردا بۆیە ڕووى لە برادەرەكانى كرد وگوتی: (الواد دا مسئف اوی) ئەو كوڕە زۆر رۆشنبیرە!
منیش بە دیوەكەى ترى بەو پێشكەشكارە بلیمەتە دەڵێم : الواد دا مسئف اوی، اوی
لەندەن
16/12/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست