پەكەكە دواى 32ساڵ دەبێت چى بكات

Tuesday, 07/12/2010, 12:00



بیست و حەوتى مانگى یازدە سى و دوو ساڵ تێپەڕى بەسەر دروستبوونى پارتى كرێكارانى كوردستان(PKK)بەسەرۆكایەتى عبدڵا ئۆجەلان وێڕاى پیرۆزبایمان لەساڵیادیان بەڵام دەبێت لێرەدا بەكورتى چەند خاڵێك ئاماژە پێبكەین لەدیدى شەخسى خۆمانەوە چونكە بەگرینگیان دەزانین .ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چۆنیەتى دروستبوونى ئەم پارتە كوردیە بۆت دەردەكەوێت كە گەلێك قۆناغى سەخت و دژوارى بڕیوە تاگەیشتۆتە ئیمڕۆ هەزاران ڕۆڵەى كورد لەپێناویدا ئەم كاروانەدا خوێنى خۆیان تێكەڵ بەم خاكە پیرۆزەى كوردستان كردووە هەزارانى تریش بەشێكى جەستەیان بەهۆى شەڕ یان پەلامارە ئاسمانى و زەمینیەكانى توركیاوە لەدەست داوە بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت كەپەكەكە زۆر قۆناغى لەپێش ماوە بۆ لەمەودوا بیبڕێت چونكە ئەم ئەركەى لەسەرەتاوە خستویەتە سەرشانى خۆى تائێستا نەگەیشتۆتە مەنزڵگا وەلێ زۆر قۆناغى مێژوویى بڕیوە بەڵام دەبێت بۆ ساڵانى داهاتوو خۆى بۆ قۆناغى سەخت و دژوارتر ئامادە بكات كەئەوانیش شەڕى مەدەنیە لەگەڵ توركیادا كەبەبڕواى من لەمەدا پەكەكە توانیویەتى سەركەوتنى گەورە بەدەست بهێنێت هەروەها خۆ ئامادەكردنە بۆ بەشدارى كردن لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى داهاتوو و لەوەش گرینگتر خۆ ئامادەكردنە بۆ گۆڕینى دەستوورى بنەڕەتى و لەسەر ئاستى ناوخۆى كوردستانیش لەبەهارى داهاتوودا چاوەڕوان دەكرێت كۆنفرانسى نەتەوەیى كورد لەهەولێر ببەسترێت دەبێت لەم كۆنفرانسەشدا هەوڵ بدرێت كێشەى كورد لەباكور وەكو ئەوەى هەیە بەئامادەبووان بناسرێنرێت و بەباشى بۆیان شى بكرێتەوە، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دەبێت هەنگاوەكان جدیتربكرێن بۆ ئەوەى ناوى(تیرۆر)لەسەر پەكەكە لابدرێت چونكە ئەوە جگەلەوەى زوڵمێكى گەورەیە لەكورد دەكرێت زیانێكى گەورەشى بەپەكەكە گەیاندووە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دەبێت پەكەكە هەنگاوبنێت سەرنجى لۆبى نەتەوەكانى تر بۆ خۆى كێش بكات بەوەى فشار لەسەر ڕاى گشتى جیهان دروست بكرێت و ئەم مۆركە نەشیاوە لەسەر پەكەكە بسردرێتەوە چونكە بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەكانى بەڕێز ئۆجەلان ئەگەر توركیا لەم ماوەى ئەم ساڵەدا كێشەى كورد چارەسەر نەكات پێشبینى دەكرێت قۆناغەكە بەرەو ئاڵۆزى بچێت. ئەوەى گرینگە لێرەدا باسى لێوە بكەین پەكەكە دواى سى و دوو ساڵ چى كردووە و چى ماوە بیكات جگە لەوەى كەلەپێشوودا باسى قۆناغە سەختەكانى داهاتوومان كرد بەڵام دەبێت لێرەشدا بەكورتى سەرنج بدەینە سەر چەند خاڵێك كەپێویستە پەكەكە بۆ داهاتوو بیانخاتە چوارچێوەى بەرنامەكانى خۆى یەكەم دەبێت وەكو ئەوەى هەیە دەبێت پێناسەى خۆى بكات و خۆى بناسێنێت چونكە تائێستا لەلایەن گەلى كورد لەباشوورەوە وەكو پێویست هیچ زۆرن كەس هەن پەكەكە ناناسن و نازانن پەكەكە چیە و بۆچى دروست بووە؟ زۆرجار گوێبیستى ئەوە دەبین كە پەكەكە دژى هەرێمى كوردستانە و تەنیا خۆى بەپاڵەوانى مەیدانەكە دەزانێت بۆ ئەمەى سەرەوە من پێشنیار دەكەم(PKK)مێژووى دروستبوونى خۆى لەچوارچێوەى كتێب یان نامیلكە بەشێوەى بەرفراوان لەهەرێمى كوردستان بەزمانى كوردى و عەرەبى بڵاوبكاتەوە و هەڵوێستى خۆشى لەسەر هەرێمى كوردستان و سەركردایەتى سیاسى ئەم هەرێمە شى بكاتەوە بۆ ئەوەى خوێنەرانى كورد و عەرەب سوودى لێوەربگرن و كوردستانیانى باشووریش بزانن پەكەكە كێیە و بۆچى دروستبووە؟ هەروەها دەبێت پەكەكە لەبوارى ناساندنى ڕووى ڕاستەقینەى توركیا بەخوێنەرانى باشوور هەنگاوى فراوان بهاوێژێت لەپێناویدا زەحمەتى بكێشێت ئەمەش تەنیا بەوە ئەنجام نادرێت كەلەڕێگەى قسەكردن بۆ ڕۆژنامەیەك لەڕوویەكەوە باسى توركیا بكرێت، بۆ ئەمەیان من پێشنیار دەكەم دەستوورى بنەڕەتى توركیا بكرێت بەكوردى و بەشێوەیەكى بەرفراوان بڵاوبكرێتەوە و لەوەش زیاتر هەنگاوبنرێت بۆ بڵاوكردنەوەى مێژووى لەئەتاتوركەوە تائەردۆگان بۆ ئەوەى خوێنەرى كورد لەهەرێم باشتر توركیا بناسن چونكە لەئێستادا بەشێوەیەكى سارد توركەكان خەریكە گۆڵ دەكەن ئەگەر پەكەكە گۆڵچیەكى باش نەبێت ڕەنگە دەرفەتەكەى لەكیس بچێت یان دوابكەوێت كەڕەنگە دواتر ئەركەكەى قورس بێت. دەبێت لەدواى(32)ساڵ پەكەكە پەیوەندى لەگەڵ میدیاى كوردى فراوان و پتەوبكات و دەبێت تەواوى میدیاى كوردى بەیەك چاو سەیربكات و دەبێت ڕەنگە دواجار میدیاى كوردیش ڕێگەى تر بگرێتە بەر كەدواجار نیگەرانى ئێوەى بەدوادادێت بۆیە دەبێت بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەكان فراوان بكرێت ڕێگە خۆش بكرێت بۆ ئەو میدیاكارە كوردانەى دەیانەوێت بەرفراوان لەسەر ئەو پارتە كوردیە بنوسن و لێكۆڵینەوە بكەن. خاڵێكى ترى گرینگ ئەگەرچى ڕەنگە حەساسیەتى سیاسیشى لێبكەوێتەوە پێویستە پەكەكە هەڵوێستێكى ڕوونى هەبێت لەبارەى شەڕى ناوخۆ چونكە تائەم چركەساتە زۆرن ئەو كەسانەى خۆشەویستێكیان لەشەڕى پەكەكە گیانى لەدەست داوە ڕقیان لە(پەكەكە)یە لەبەرئەوە دەبێت لەپێناو نەهێشتنى ئەم دڵ برینداریەشدا هەنگاوبهاوێژرێت. خاڵێكى تر كەزۆر گرینگە دەبێت(PKK)پەرە بەبڵاوكردنەوەى سەرجەم پەرتوكەكانى ئۆجەلان بدات لەكوردستان چونكە لەئێستادا بۆ زۆرێك لەخوێندكارانى زانكۆ سەرچاوەى(بحپ تجروج)ن بۆیە پێویستە گرینگى بدرێت بەبڵاوكردنەوەى سەرجەم كتێبە كۆن و نوێكانى بەشێوەیەكى بەرفراوان. خاڵێكى ترى گرینگ كەتائێستا زۆر كەس نایزانێت و زانیارى لەبارەیەوە نیە و سەریان لێى دەرناچێت و نازانێت پێكهاتەى چیە ئەویش سیستەمى(KCK)یە دەبێت ئەم سیستەمەش بەشێوەیەكى قوڵ و بەرفراوان شیبكرێتەوە بۆ ئەوەى بەباشى بناسرێت. چونكە زۆرن ئەم كەسانەى وابیردەكەنەوە كەپەكەكە تەنیا بریتین لەم كەسانەى لەسەرى چیا خەبات دەكەن یاخود وابیردەكەنەوە كەئەوانەى لەسەرى چیا خەبات دەكەن تەنیا سەرقاڵى مەشقكردنن لەسەر چۆنیەتى بەكارهێنانى چەك و شتێكى تریان لەبەرنامەدانیە بۆیە ئەگەرچى بەرپرسێكى پەكەكە لەمیانەى دیمانەیەكدا ڕایگەیاند بوو كە پەكەكە پێویستى بەئاقڵى پسپۆڕانى دۆسیەى توركیا نیە بەڵام من وەكو پسپۆڕ ئاقڵ بۆ پەكەكە نانێرم بەڵكو وەكو ئەوەى هەستى پێدەكەم پێشنیاریان بۆ دەكەم ئەوەى پێیان باش بوو باوەریبگرن ئەوەى پێشیان باش نەبوو بابەم ئیمەیلەى خوارەوە بۆمى ڕەوانە بكەنەوە....
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە