"ئاسایش و پۆلیس بوونەتە پشتیوانى تۆمەتباران و ژیانمان لە مەترسیدایە"
Sunday, 15/08/2010, 12:00
نامەیەكى كراوە
- بۆ هەرسێ سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمان و حكومەتى كوردستان
- بۆ هەموو رێكخراوەكانى مافى مرۆڤى نێوخۆو نێونەتەوەیی
- بۆ تەواوى لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەى مەدەنى
- بۆ تەواوى ئازادیخوازان لەناوەو دەرەوەى وڵات
پاش ئەوەى كۆمەڵێك رۆژنامەنووس سەبارەت بە هەوڵێكى رفاندنى من لەنێو بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى خەبات، كەمپینێكى پشتیوانیان بۆ كەیسەكەم پێك هێناو لە بەیاننامەیەكدا داواى بە سزاگەیاندنى تۆمەتبارانیان كرد كە نەقیبێكى ئاسایش و پاسەوانەكانین، ئاسایشى هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا كە لەژمارەى رۆژى 13/8/2010 ى رۆژنامەى خەبات بڵاوكراوەتەوە واى ڕاگەیاندووە كە گوایە"بەهیچ شێوەیەك هەوڵى رفاندنم نەدراوەو كێشەكەش پەیوەندى بە رۆژنامەگەرییەوە نییە."ئێوارەى رۆژى پێشتریش بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزاى خەبات لە رێگەى هەردوو تەلەفزیۆنى (زاگرۆس) و (كوردستان)،سەرلەبەرى هەوڵى رفاندنەكەمى ڕەتكردبووەوەو وتبووى:" ئەمە ئەسڵ و ئەساسى نییە." بۆ ئەوەى هەوڵى رفاندنەكەش پەردەپۆش بكرێت پەیوەندى حزمایەتى من بەو بەرپرسەى ئاسایش زەقكراوەتەوە.
من لێرەدا ڕایدەگەینم ئەوەى لەلایەن هەردوو ئەم دەزگایانەوە بڵاوكراوەتەوە جگەلەوەى كە دوورە لە راستى و هەوڵێكی چەواشەكردنى هەوڵى رفاندنەكەمە، هەروەها پێشێڵكارییەكى ئاشكراى یاساییە، چونكە ئێستا لە دادگەى لێكۆڵینەوەى خەبات دۆسیەیەكى یاسایی بۆ رووداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەى تێدا دەكرێت، دادگاش داواى كردووە كە تۆمەتباران بە زووترین كات لەبەرەم دادگا ئامادەبكرێن، كەچى ئاسایش و پۆلیس پێشى دادگا كەوتوون و بەرائەت بە كەسانێك دەدەن كە تۆمەتبارن بە پەلامارو هەوڵى ڕفاندن، لەوەها حاڵێكدا هیچ مانایەك بۆ سەروەریی یاسا نامێنێتەوەو منیش ئیدى هیچ چاوەڕوانیەكم لە یاسا نییە، كاتێك ئاسایش و پۆلیس بەپێچەوانەى یاساوبە ئاشكرا بەرگرى لە تۆمەتباران بكەن، یەقین داوەریكردنێكى ڕاست و بێلایەن بەڕێوەناچێت.
ئەو بەرائەت پێدانەى ئاسایش و پۆلیس بە نۆمەتباران لە كاتێكدایە كە شایەدى سەلماندنى هەوڵى رفاندنەكەم لەبەردەم دادگەى لێكۆڵینەوەدا وتەى خۆى داوە، هەروەها (عەقید ئەزوەر دزەیی) بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات، بەپێچەوانەى لێدوانى ئەم دواییە، لە راپۆرتێكدا كە بۆ دادگا رەوانەكراوە نووسیویەتى:"من لەكاتى رووداوەكە لە ژوورەكەى خۆم بووم، بەڵام گوێم لە هاواركردن و قەلەبالغى بووەو پاشان هیوا هاتە لام و وتى هەوڵى رفاندنم دراوە." ئەم بەڕێوەبەرەى پۆلیس هەرسەبارەت بەم هەوڵى رفاندنە، لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى كە لە میانەى راپۆرتێكى ژمارە(17)ى گۆڤارى (راڤە) بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: "لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئەم نەقیبە و چەند ئاسایشێك دەورى هیوا فریادڕەسیان داوە و دەستیان گرتووە، بەڵام دڵنیانین مەبەست ئەوەبووە كە هیوا بڕفێنن یاخود نا، بەڵام وەك بەڕێوەبەرى پۆلیس ئەو نەقیبەى ئاسایشم ئاگادار كردەوەو سەرزەنشتیشم كرد، "ئەم قسانەى بەرێوەبەرى پۆلیسى خەبات بەشێوەى (بەڵگەى دەنگى تۆماركراو)لامان هەیە و هەرئەم قسانەش بەپێچەوانەى ئینكاركردنەكەى ئێستاى خۆى و ئاسایشى هەولێرە. پەلامارو هەوڵى رفاندنەكەم راستەوخۆ لەنێو حەرەمى بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى خەبات و بەبەرچاوى پۆلیسەكانەوە بووە، پێشیان وتم تۆ حیجزى ئێمەیت و باڵیان گرتم كە بمبەن، بەڵام من هاوارم بەسەرداكردن و بەیارمەتى پارێزەرەكەم خۆم لە دەستیان دەربازكرد، دەستبەجێش بەڕێوەبەرى پۆلیسمان لە رووداوەكە ئاگاداركردەوە، كەچى ئەو هیچ ئیجرائاتێكى یاسایی نەكرد و تا نزیكەى سەعاتێك دواتریش ئاسایشەكان ئەوێیان جێنەهێشت.
راستە پەیوەندى خزمایەتى لەنێوان من و ئەو بەرپرسەى ئاسایش هەیە كە بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناحیەى رزگارییە و باگراوەندى دوورى كێشەكەش كۆمەڵایەتیە، بەڵام لەوكاتەدا بووە بە كێشەیەكى پەیوەندیدار بە رۆژنامەوانى كە من لەبەردەم چەند رۆژنامەنووسێك پێمڕاگەیاندبوون و بە نیازبووم كێشەكان بخەمە سەر لاپەڕەى رۆژنامەكان و ئەم هەوڵى رفاندنەش بەرپەرچ دانەوەیەك بووە بەرامبەر بەو نیازە رۆژنامەوانیەى من.
ئێستا پاش ئەوەى كە ئاسایش و پۆلیس بەبێ هیچ حساب كردنێك بۆ دادگاو لێكۆڵینەوەى یاسایی، پشتیوانى ڕەهایان بۆ تۆمەتباران راگەیاندووەو بەرائەتیان پێداون، من مافى ئەوەم هەیە كە سكاڵا لەسەر هەریەكە لە ئاسایشى هەولێرو بەڕێوەبەرى پۆلیسى خەبات تۆماربكەم لەسەر ئەو پێشێڵكارییە یاساییەى دەرهەق بە كەیسى هەوڵى رفاندنەكەم ئەنجامیانداوە، بەڵام بێگومانم كە یاساو دادگا لە كوردستاندا بێهێزتر لەوەن كە بتوانن ئیجرائات لەگەڵ ئەماندا بكەن.
من لێرەدا ڕووى دەمم لە هەموو مرۆڤدۆست و یاساپارێزو ئازادیخوازێكە و داواى بەدەنگەوە هاتن دەكەم كە ئیدى ژیانمان لە مەترسیدایە، ئاخر كە ئاسایش و پۆلیس لەبرى ئیجرائات وەرگرتن بەرگرى لە كەسانێكى تۆمەتبار بە هەوڵى رفاندن دەكەن، ئەم بەرگرییە نایاساییە زۆر لە هەوڵى رفاندنەكە مەترسیدارترە، ئەمانە لەبنەڕەتدا دەزگاى یاساپارێزو سەلامەتى ژیانى هاوڵاتیانن، بەڵام كە پێشێڵكردنى یاساو بەرائەت پێدانى تۆمەتباران لەلایەن خودى ئەم دەزگایانەوە بێت، ئیتر ئەوەى پێی دەوترێت سەروەرى یاساو سەلامەتى ژیانى هاوڵاتى لە ماناى خۆى بە تاڵ دەبێتەوە.
سكرتێرى رێكخراوى بزاڤى ژیان بۆ داكۆكیكردن لە گەنجان و
سەرۆكى لیستى گەنجانى سەربەخۆ لە هەڵبژاردنى رابردووى پەرلەمانى كوردستان
هەولێر15-8-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست