پێشێلکارى لەسایەى حوکمەتى هەرێمدا!!....
Wednesday, 20/02/2013, 12:00
((دەستگیر کردنى ڕەخنەگرانى حکومەت و ڕۆژنامەنووسان، دادگاییکردنی ئەو کەسانەى ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن !!...))
ئەمە سەردێڕى ڕاپۆرتى ڕێکخراوى هیومان ڕایتس ۆوچ(چاودێرى مافى مرۆڤ)،بەناونیشانى(کوردستانى عێراق:ئازادى ڕادەربڕین لەژێر هێرشدایە)....
http://www.hrw.org/sites/default/files/related_material/2013_Iraq_MENA.pdf سیستمى دیموکراسى پڕ هەژمون پایەو تێرمى تایبەت بەخۆى هەیە، شرۆڤەکردنى حوکمەتى هەرێمى کوردستان دەچێتە بۆدەقەى سیستمى دیموکراسەوە؟!...ئایا پێوەرو تێرمى تایبەت بە دیموکراسى بون ، لە واقیعى بەپرۆسێسکردنى سیستمى سیاسى ئەم هەرێمە چیە؟!...فاکتەرەکانەى کراوە بون و وەڵامدانەوە شوناسى حوکمەتى هەرێمە؟!...زبریەکانى ئەم حوکمەتە لەپاى چى؟! بۆ خاترى کێ؟!...ئەمانە و دەیان پرسیارى تر...
لە کتێبى (دیموکراسى چیە؟) نوسینى (دێڤید بیتهام و کێڤین بوێڵ) ، وەرگێڕانى لە فارسیەوە (کەریمى حسامى) دەڵێن:ـ
هەر سیستمێکى دیموکراسى چوار پایەو پێوەرى ناسراوى سەرەکى بەخۆى هەیە:
١/ بونى حوکمەتێکى کراوە,شەفاف,وەڵامدەر.
٢/ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئازادو دادوەرانە(عادیلانە).
٣/بون و گەشەپێدانى کۆمەڵگەى مەدەنى.
٤/پەرەسەندن و چەسپاندنى مافە مەدەنى و سیاسیەکان، وێراى چەسپاندنى مافە ئابورى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و کەلتورى و فەرهەنگیەکان.
هەرەمى سیستمى دیموکراسى وەبەرهێنەرى سیستمێکى سیاسى ساغڵەمە، تیایدا جیاکردنەوە لەنێوان دەسەڵاتەکان(پەرلەمان، جێبەجێکردن، دادوەرى) بەتەواوى ڕەنگدانەوەى تێرمەکانیەتى.
حوکمەتى هەرێمى کوردستان حوکمەتێکى کراوە (شەفاف)نیە،بۆ؟!...
زادە و پێوەرى هەرحوکمەتێکى کراوە ، چوار لایەنى پێویستە:
١/لایەنى نیشاندانى زانیارى ڕاستەقینە،دەربارەى پڵان و ستراتیژو بەرنامەى سیاسەتى حوکمەتەوە.
٢/ لایەنى دەست پێڕاگەیشتنى خەڵک بەچاپەمەنى و بەڵگەکانى دەوڵەت.
٣/ئاشکرابونى کۆبونەوەکانى پارلەمان و کۆمسیۆنە جیاکانى دى.
٤/چۆنیەتى کۆنترۆڵکردنى دەسەڵات ، لەڕێگەى خەڵکانى تایبەتمەندو ڕاوێژکردن لەبارەى دانان و ڕێک و پێکردنى ڕێبازە جیاوازەکان و بڵاوکردنەوەى زانیاریەکان ، وەرگرتنى ڕاسپاردە لە کەسایەتیە نیشتمانیەکان.
حوکمەتى هەرێمى کوردستان بۆ وەڵامدەر نیە؟! چونکە نەیتوانیوە دەستبەرى وەڵامدانەوەى:
١/ وەڵامدانەوەى حقوقى هەبێت.
٢/وەڵامدانەوەى یاسایى هەبێت.
٣/ وەڵامدانەوەى ماڵى هەبێت.
هەریەک لەم دەستەواژانە تەعبیرە لە ڕەهەندێکى گرنگى پێکهاتەى جەستەى هەرحوکمەتێک.
حوکمەتى هەرێمى کوردستان بۆ دیموکراس نیە؟!..چونکە هەر حوکمەتێکى دیموکراس بەرنامەى سەرەکى (چەسپاندنى مافى مرۆڤە)پێویستە دەستەبەرى:
١/ دەستەبەرى یەکسانى و دادپەروەرى بکات.
٢/ دەستەبەرى ئازادى ڕادەربڕین بکات.
٣/ بەرنگاربونەوەى تۆکمەى بۆ گەندەڵى هەبێت، پشتگیرى لە پرۆژەى گەشەپێدان بکات.
٤/ مافى ژیانێکى ئارام و بەختەوەر بۆ هاوڵاتیانى دەستەبەرو دابین بکات.
٥/بەهەند وەرگرتن و پاراستنى مافى تاک لەبەرامبەر دامودەزگا حکومیەکان لە ئەستۆ بگرێت.
٦/هاوکارى ڕاستەقینەى گەشەپێدانى کارى دادگاو قەزاوەت بکات، بەمەرجى دەست تێوەرنەدان.
٧/باشترکردن و پێدانى چانس بۆ مافەکانى ئافرەت و جەختکردنەوەو بەردەوامى پارسەنگى ڕاستەقینە.
٨/ دام و دەزگا پەیوەندارەکانى حوکمەت بەوەفا بێت بۆ داواکارى و پاراستنى مافەکانى مرۆڤ لەڕێگەى(پەرلەمان، دادگاو دەسەڵاتى قەزاوەت، وەزارەتە پەیوەنارەکانى ((ناوخر، تەندروستى، پەروەردە، کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ، خوێندنى باڵا))..
حوکمەتى هەریمى کوردستان لەبرى ئەوەى تێرمى دیموکراسى ڕەنگدانەوەى بەرنامە ئیعلانکراوەکەى بێت، دێت هەنگاو بەرەو حوکمەتى پۆلیسى مل دەنێت!!...
ڕەوایى (ڕیزپەڕ)لە هەرحوکمەتێکى شەفاف و وەڵامدەر دەستەبەرکردن و چەسپاندنى مافەکانى مرۆڤ و وەفادارى و پابەندبونى دەزگا پەیوەندارەکانیەتى بۆ داواو پێشنیارى هاوڵاتیانى...
ئیستیسنا(ئاوارجە)لە هەر حوکمەتێکى کراوەو وەڵامدەر پاراستنى نهێنیەکانى پەیوەندار بە وتوێژى کابینەکەى، ڕاسپاردەسیاسیەکانى کارمەندانى دەوڵەت بۆ وەزیرە پەیوەندارەکان، پاراستنى ئەو زانیاریانەى کە هەڕەشە بۆ ئاسایشى نەتەوەیى،ئاسایشى سیستمى دیموکراسى، یاخود ئاسایشى تاکەکانى دەکات ..
حکمومەتى هەرێمى کوردستان نەیتوانیوە دەستەبەرى ڕەوایەتى و ئیستسناکانى خۆى و کۆمەڵگەى کوردى بکات!!..
ئێستا حوکمەتى هەرێم دەزانێت کوێى ئێشێت؟!... ڕاپۆرتەکەى ڕێکخراوى هیۆمن ڕایتس ۆوچ دەلالەتى ئەو ڕاستیانەیە کە ڕاى گشتى و نوخبەى ڕۆشنبیرو نوسەرو بیرمەندانى نیشتمانى نەتەوەیى و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەبەردەوام وەبیرهێنەرى حوکمەتە یەک لەدوا یەکەکانى هەرێمى کوردستان بون (هەر حەوت کابینەکە)!...
ڕاپۆرتەکە بەڕاى بەندە زۆر کراوەو وەڵامدەرە، شرۆڤەکردنى بۆ حوکمەتى هەرێمى کوردستان هیچ پارسەنگ و تەبریرێک نیە بۆ لێتێنەگەیشتنى، بڕگەو چەمک و دەستەواژەکانى سەبارەت بە (مافەکانى مرۆڤ لە کوردستان)!!...
وەک هەلاتنى ڕۆژ وایە لەددەمکەلەوە، چەشنى مانگى چواردە وایە لەتاریکیدا!!...
تێگەیشتن لە جەوهەرى راستەقینەى ڕاپۆرتەکەى ڕێکخراوى هیۆمن ڕایتس ۆوچ گەر مانایەکى هەبێت ئەوەیە کە شەرعیەتى شۆڕشگێڕى لەم هەرێمەدا پێشێلکارى بەردەوامى لە مافەکانى مرۆڤدا وەبەرهێناوە...
پێشلکارییەک بە جۆرێک تێگەیشتن لە چەمکى شەرعیەتى دەستورى(غیابى دەستور) هێشتا ناوازەو نامۆیە لەسایەى حوکمەتەکەى هەرێمى کوردستاندا!!!....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست