كۆبونەوە... لە پەراوێزى ئێوارەخوانێكى خامۆشەوە!!!...
Friday, 23/09/2011, 12:00
(هێوركردنەوە.... بەشدارى .... یارمەتى....)سێ چەمكى یەكانگیر لە پەراوێزى ئێوارەخوان و كۆبونەوەى بەڕێزان نەوشیروان مستەفا ، مەسعودبارزانى)....
بەندە پێشترو بە تایبەت ڕۆژى 23ى شوباتى 2011 بەوتارێك (ئیلتیزامێكى مێژوویى... ئەگەرى دووهەل بۆ كاك مەسعود) لەسایتى سبەى ، بەوردى باسم لە دووخاڵ كردووە:
1/ وەك ئیلتیزامێكى مێژوویى و لە و پێگەیەى كە سەرۆكى هەرێمى تێدایە ، پێویستە داواى لێبوردن لە خەڵكى سلێمانى و چین و توێژەكانى بكات.
2/ لە دەر ئەنجامى مونازەرەیەك بەناوى (پلان و بەرنامەى نیشتمانى بۆ سیستمى حوكم و گەشەپێدانى مرۆیى لە كوردستان) وەك میساقى شەرەف هەموان پەیڕەوى بكەن.
بۆ زیاتر قوڵبونەوە لە دیدو بۆچونەكان وتارەكە ماوە دەتوانن بیخوێننەوە.
لە كۆبونەوەى هەردوو بەڕێزان ئەوەى بەدەركەوتووە داواكارى بارزانى وەك سەرۆكى هەرێم لە ڕێكخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێز نەوشیروان مستەفا ، لە سێ تەوەر تێنەپەڕیوە، سەربارى ئەوەى كە پرێس كۆنفرانس بۆ دیدو بۆچونەكان ئەنجام نەدران ، ئەمەش بۆخۆى خوێندنەوەیەكى ترى پێویستە، لە بۆچونەسەرەتاییەكان ئەوە دەخوێنینەوە پاكێژى لێك تێگەیشتن و نزیك بونەوە هێشتا زووە، لە هەمان كاتدا بارزانى خوێندنەوەیەكى ڕون و ئاشكراى وەك هەڵوێست تەنانەت ناوى شەهیدانى 17ى شوبات و ڕۆژانى دواى سلێمانى و ناوچەكەى نەهێنا!!...
وەك تەوەرى یەكەم ، بارزانى داواى هێوربونەوەى بارودۆخى ناو ماڵى كوردى دەكات، مەخابن لە نێو جەرگەى كارەساتەوە نەیتوانى وەك سەرۆكى هەرێم بەو پێكەوە ژیانەى كە باسى لێ دەكات ، گەورەیى بارزانى و ئیرادەو نیەت پاكى ئەوى بۆ هێوربونەوەو سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەى ئەو ماڵەكوردییەى كە بانگەشەو بانگەوازى بۆ دەكات، داواى لێبوردن تەنانەت لە خێزانى شەهیدانى 17ى شوبات و ڕۆژانى دواتر بكات.
وەك تەوەرى دووەم ، باس لەبەشدارى بزوتنەوەى گۆڕان لە و حوكمەتە چاوەڕوانكراوەى كە لەئایندەیەكى نزیك و بەسەرپەرشتى نێچیرەڤان بارزانى دەكات، كە ئەمەش خواستێكى لە مێژینەى دەسەڵات بووە بۆ هێنانە ژێربارى گۆڕان و دووركەوتنەوەى لە پێگەى ئۆپۆزسیۆن بوون. پرسیار ئەوەیە سەرۆكى هەرێم نارەزایە بەرامبەر هەڵوێستى مالكى(كە زیاتر شتەكان مەسەلەى كورسى و پارەیە نەك ئەوەى كە مەسەلەى نیشتمانیە)،قبوڵى نیە ، وەلێ لە كوردستان خۆى پەیڕەوى هەمان بۆچونى مالكى دەكات ،كەسیش نابێ وورتە بكات (ئەمە لەسیاسەتدا شتێكە پێى دەڵێن : كێشانە بە دووكێشى جیاواز). سەرۆكى هەرێم دەبوا بیرى لە ستراتیژیەتى بەرفراوانكردنى ستراتیژیەتى دووقۆڵى نەكردایە ، بە هێندى ئەوە بیرى لە چۆنیەتى وەگەڕخستنى تواناو پێگەى بزوتنەوەى گۆڕان بەگشتى و كاك نەوشیروان بەتایبەتى بكردایە، هەوڵەكانى بۆ ئەوە بایە چۆن پلانى نیشتمانى كە بەرنامەى گۆڕان بەشێكى گەورەى ستراتیژیەتى نیشتمانیە و پرسە نەتەوەییەكان لە خۆ دەگرێت، دەبوا بەڕێزیان بە ئاقارى پرس و ڕا لە هەڵوێست و دیدى نوێوە بۆ چاكسازى ڕاستەقینە نەك ماڵە باجێنە بۆچونەكانى فەراهەم و دەستەبەر بكردایە!!...
دواتەوەر كە سێهەمە، یارمەتیدانى بزوتنەوەى گۆڕانە لە ئاست كێشەكانى كورد لەبەغدا، سەیرە كێشەكان كێ بەم ئاقارەى گەیاند؟!... كێ موسەببى دواخستن و پێدانەوەى كات بوو بۆ جێبەجێكردنى مادەى 140؟! ئاخر ئەمانە پرسیار گەلێكن بەلادانى كاتى كارەكە پەردەپۆش ناكرێت.
بەڕێز سەرۆكى هەرێم گەر ڕۆڵى بزوتنەوەى گۆڕان فراكسیۆنەكەى ئەوەندە بەپێزو بەهێزە ئەى كێ بوو داواى كرد لە نەیارانى كورد (یا ئێمە یان گۆڕان!!) لە حوكومەتى ئایندەى عێراق داوا بكات؟!...
بۆیە لە پەراوێزى ئێوارە خوانێكەوە ، بەچراى خامۆش كراو ، كۆبونەوەكە ئەنجامدرا!!!...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست