مەبدەئى دەستورى لەسەرو نیەتى سیاسیەوە بۆ بوون بەهەرێم و چاكسازى!(عێراق و كوردستان وەك نموونە)َ
Sunday, 30/10/2011, 12:00
لە بنەما مەبدەئیەكانى دەستورى نوێى عێراق ، كۆمارى عێراق دەوڵەتێكى سەربەخۆ، خاوەن سەروەرى ، سیستمى قەڵەمڕەوى تیایدا ، كۆمارى پەرلەمانى دیموكراسى فرە یى فیدرالیە. واتە: عێراق دەوڵەتێكى ئاوێتەیە نەك دەوڵەتێكى سەنتراڵ. ئەم پێكهاتەیە لەسەر بنەما و بونى هەرێمى جۆراوجۆر ، بە پێى بنەما ى دەستورى نوێ ، لەوانە چەمكى فیدرالیەت و بەرفراوانكردنى ڕوبەرى هاوبەشى ، دابەشكردنى دەسەڵاتەكان، دابەشكردنى سامانە سروشتیەكان، بەشێوازێكى دادپەروەرانە. فیدرالیەت سیفەتێكە لە دەوڵەت ، پەیوەستە بەشێواز نەك بە سیستەم.
بانگەشەى هەر پارێزگایەك بۆ وەرچەرخان بەرەو بەهەرێم بوون.مافێكى دەستوریە، پێویستە بە پێى میكانیزمى دەستور و یاساكان بێت.
دەستور برێتیە لە بەرزترین پنتى هەرەمی یاسایى لە عێراقدا، گشتاندنى مولزەمە لەسەرانسەر خاكى عێراق، بە بێ جیاوازى ، هەروەك لە مادەى (13) /1 بە دەق هاتووە: (ئەم دەستورە بە بەرزترین و پیرۆزترین یاسا لە عێراقدا هەژمار دەكرێت، گشتاندنى مولزەمە لەسەرانسەر خاكى عێراق بە بێ جیاوازى).
بە گەڕانەوە بۆ دەروازەى (پێنجەم)لە دەستور، لە بەشى یەكەم ، ڕێكخستنى هەرێمەكان، دەقى مادەى (113)لە دەستور دەڵێت: (سیستمى فیدراڵى لە كۆمارى عێراق لە پایتەخت و هەرێمەكان و پارێزگاى لامەركەزى و ئیداراتى مەحەلى پێك دێت).
بە شێوەیە بونى هەر پارێزگایەك سەنەدێكى یاسایى و دەستورى هەیە. بۆ هەر پارێزگایەك یاخود زیاتر هەیە هەرێمێك پێك بهێنن. بە پێى مەرجەكانى مادەى (116) ى دەستور:
1/ لەسەر داواى سێ یەكى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا كە ئارەزومەندن بۆ پێكهێنانى هەرێم.
2/ لەسەر داواى10%ى دەنگدەرانى هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكان كە ئارەزومەندن بۆ پێكهێنانى هەرێم.
لە دەقى مادەى (114ی) هاتوە:
1/ بە جێبەجێكردنى ئەم دەستورە ئیقرار بە هەرێمى كوردستان و دەسەڵاتەكانى وەك هەرێمێكى فیدرالى دەكات.
2/ ئەم دەستورە ئیقرار بە هەرێمى نوێ دەكات كە بە پێى ئەحكامەكانى دادەمەزرێت.
بە پێى مادەى (115) لە دەستور ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق یاسایەك لە ماوەى شەش مانگدا ، لە بەروارى یەكەم دانیشتنەوە. تیایدا چۆنیەتى ڕێكار و میكانیزمە تایبەتیەكان بۆ جێبەجێكردن و پێكهێنانى هەرێمەكان بە زۆرینەى ئاسایى دادەڕێژێت.
بە پێى یاساى ژمارە (13)ى ساڵى 2008،ڕێكار و میكانیزمە تایبەتیەكان بۆ پێكهێنانى هەرێمەكان ، پێویستە داوایەك بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزبكرێتەوە ، ئەنجومەنى وەزیران داواكە لە ماوەى (15) ڕۆژدا لە ڕۆژى پێشكەشكردنى داواكەوە ئاراستەى كۆمیسۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان دەكات، پاش ئەوەى داواكە دەگاتە كۆمسیۆن لە ماوەى (سێ) مانگدا ، دەشێ مانگێك ماوەكە درێژ بكرێتەوە ، (ریفراندۆم) بۆ داواكە لەسەر ئاستى پارێزگا دەكات. ریفراندۆمەكە بە سەركەوتو هەژمار دەكرێت ، گەر هاتو 50%ى دەنگدەرانى پارێزگاكە هاوبەشیان تێداكرد.
دەستورى عێراقى چۆنیەتى هێڵكارى بۆ سیاسەتى دەرەوەو نوێنەرایەتى دیبلۆماسى و دانوسان لەسەر پەیماننامەو ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان و سیاسەتى وەرگرتنى قەرزو واژۆكردنى و دەرچواندنى، سیاسەتى ئابورى و بازرگانى دەرەكى، هەموو ئەمانە لەچوارچێوەى دەسەڵاتەكانى حكومەتى فیدرالى بە (حەسرى) دەهێڵێتەوە ، هەروەك لە مادەى /(110)/ بڕگەكانى (1تا9) ئاماژە بۆ دەكات.
كەواتە مادەى (110) بە دەق هەموو ئەو بۆچونانە ڕەت دەكاتەوە كە هەرێمەكان دەبێتە هۆكارى سەرەكى بۆ هەڵوەشانى دەوڵەتى عێراق. چونكە سەربەخۆیى لە ئیدارەو مالیەدا هۆكار نیە بۆ جیابونەوە. وەك لەسەرەتاوە ئاماژەمان بۆكرد.ئەوا مادەى (110) و بڕگەكانى ئەو گومانە سەد لەسەد دەڕەوێنێتەوە بێ ڕتوش هەموو ئەو دەنگە لەرزۆكانەى كە بونى هەرێمەكان بەماناى لێكترازانى عێراقە كپ و بێ دەنگ دەكات.
پاشان دەقى مادەى /(111) جەخت لە یەك پارچەیى خاكى عێراق دەكات بەوەى (نەوت و غاز موڵكى هەموو گەلى عێراقە لە گشت هرێم پارێزگاكان).
زۆر جار گوێبیستى ئەوە دەبین كە بۆ چاكسازى ئیرادەى سیاسى پێویستە، ئەمە لە بۆدەقەى موزایدەى سیاسى تێناپەڕێت. چونكە مەبدەئى دەستورى هەوێنى گۆڕانكارى و چاكسازییە. وەلێ چونكە لە هەرێمى كوردستا ن بەناشوكرى نەبێت دەستور نیە، چاودێران و سیاسیەكان بەو ئاقارە هەڵەیە گۆشكراون لە دیمانەو میدیاكاندا دەڵیچن ئیرادەى سیاسى نیە بۆ چاكسازى!!...
ڕاستیەكەى ئەوەیە (مەبدەئى دەستورى) نیە لە هەرێمى كوردستاندا بۆ پراكتیزەكردنى چاكسازى!!... بۆیە بە ناچارى و بۆ پەردە پۆشكردنى گەورەترین عەیب لە كوردستان ئەویش نەبونى (دەستورە) دەڵێن : نیەتى سیاسى نیە . ڕاستیەكەى ئەوەیە نیەتى سیاسى هەیە (سەلبیە) وەلێ (مەبدەئى دەستورى نیە) كە ئەمە (ئیجابیە)!!...
دەرئەنجام بەبونى مەبدەئى دەستورى و دەستور لە سەرانسەرى عێراق ، هەبونى هەرێمەكان دەستورییە. مەخابن نەبونى مەبدەئى دەستورى و دەستور لە هەرێمى كوردستان ڕەوایەتى هەڵە بە نیەتى سیاسى بۆ چاكسازى دەدرێت!!.. ئەمەش گەورەترین عەیبە ، هەر بۆیە دەبینین هەر پرۆژەو بڕیارو ڕێنماییەك دەردەچێت یەك هەنگاو بە دەورى خۆیدا زیاتر تێناپەڕێت!!...
پەرلەمان و حوكمەت قەتیس و بێدەنگن لە ئاست ڕووداوەكان، بۆیە گرنگترین هەڵوێست ئێستا بۆ دەرچون لە قەیرانى پەنگ خواردوى هەرێم بیركردنەوەیە بۆ پێداچونەوە بە پرۆژە دەستورى هەرێم و دەرچواندنى...
تا ئەو كاتە ، هەر نیەتێكى سیاسى لە ئاسنى سارد كوتاندن تێناپەڕێنێت بە دڵیاییەوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست