کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەنگ بە تاڵەبانى ...

Tuesday, 16/11/2010, 12:00




هەڵوێست ئەو پنتكە بەرزو پڕ ئیلتیزامەیە ،مرۆڤ گەر تەنانەت گیانى خۆى بكاتە قوربانى لە پێناویدا دەشێ هەر زۆر ئاسایى بێت.
ناكرێ لە نێوان سپى و ڕەشدا فەزایەك بدۆزیتەوە ناوى لێ بنێیت مەملەكەت و دوورگەى واق واق... چەمكى سیاسەت بە بۆچونى فرەیەك لە بیرمەندانى زانستى سیاسى ، یەك لە پێناسە گرنگەكان ئەوەیە برێتیە لە ئیلتیزام ... هونەر ... ئەخلاق...
كاتێك مانشێتى ڕۆژنامەى هاوڵاتى دەنوسێت (گۆڕان دەنگى بە هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى داوە تاڵەبانى بەڵێنیداوە هەموو نانبڕاوەكان بگەڕێنێتەوە).
پرۆژە ى بزوتنەوەى گۆڕان بۆچاكسازى سیاسى لە هەرێمى كوردستان ، كشانەوەى لە ئیئتیلافى فراكسیۆنە كوردستانیەكان... دوو دیوى یەك دراو ، هەستكردنە بە ئیلتیزام...
نەخشە ڕێگەى چاكسازى سیاسى لە هەر سیستمێكى بەڕێوەبردندا مەراسیمێكى گشتگیرە ، بەنمونە: كاتێك گۆڕان هەست بە ترسناكى قەیرانى هەڵایسانى جومگە گرنگەكانى ژیانى كۆمەڵگە دەكات(سیاسى،كۆمەڵایەتى، ئابورى، فەرهەنگى ، پەروەردەیى) ... ئیدى وەستان لە دوورى یەك هەنگاوى یەكسان (لە قەیران و نائارامى و پەشێوى كۆمەڵگە) هیچ مانایەك بۆ بێ دەنگى نامێنێتەوە.
كاتێك بەرژەوەندى باڵا و گشتى ، ئینتیما بۆ خاك ، خۆشەویستى نیشتمان گیانى نەتەوەیى بەرەو ڕووى ترس و لە دووڕیانى هات و نەهاتدا دەبێتەوە. سەرەتاى فشار لە دام و دەزگا هەڵبژێراوەكان (لەلایەن دەنگى گەل و سندوقى هەڵبژاردن متمانەیان پێ بەخشراوە) دەست پێدەكات.
بزوتنەوەى گۆڕان ئیعلانى خۆكشانەوەى لە ئیئتیلافى فراكسیۆنە كوردستانیەكان كرد(29/10/2010).
بەدەر لە چۆنیەتى بەرنگاربونەوەى دەسەڵات بە تایبەت لە نێوان(25/7 /2009- 7/3/2010 تا ڕۆژى دەنگدانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق).
ئوسامە نوجەیفى پۆستى سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەران... تاڵەبانى پۆستى سەرۆك كۆمار... دەستنیشانكردنى مالكى بۆ پێكهێنانى ئەنجومەنى وەزیران...
كاتێك پەرلەمانتارەكانى گۆڕان دەنگ بە تاڵەبانى دەدەن... ئیدى ، بۆچونى سەیرو سەمەرە لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا هەوایى بۆچون و خوێندنەوە یان تیانوس و فۆرمەلە دەكەن.
دەپرسم، پرۆژەكەى گۆڕان خۆ بۆ مرۆڤەكانى جەزیرەى واق واق دانەڕێژراوە، كێن ئەوانەى ئەم پرۆژەیان بەرەو ڕوو دەكرێتەوە؟!... تاڵەبانى و بارزانى نین؟!... ئەى هونەرى سیاسەت لە چیدایە؟!... هەڵگەڕانەوەى گۆڕان لە كوێدایە؟!...
كێشەى گۆڕان لە كەس و كەسایەتیدا نیە.. بەهێندى ئەوەى قسەكردنە لەسەر هێنانە كایەى سیستمێكى بەڕێوەبردنى كاراو نیشتمان پەروەر، موتوربە بە گیانى جەماوەرى و نەتەوەیى...
هەموو كات، هەڵسوڕاوانى گۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە گۆڕان وێڵ نیە بە دواى پۆست و ئیمتیازات، بە هێندى ئەوەى كار بۆ لە بنهێنان و پاكتاوكردنى سەرچاوەى گەندەڵى و بە هەدەربردنى سەروەت و سامانى گشتى و بەهێزكردنى سۆنگەو بازنەى ڕاى ئازاد و تەعبیر لە ئازادى ، مافى مرۆڤ، عەدالەتى كۆمەڵایەتى، بەرجەستەكردن و بەرنامەڕێژى ساغڵەم و دروست و وەگەڕخستنى میكانیزمى زانستیانە سەبارەت خزمەتى هاوڵاتى و گەڕانەوە بۆگەل و ئەنجامدانى پرۆژە و خزمەتگوزارییە گرنگەكانى ژیانى ڕۆژانەى میللەت....
ئۆپۆزسیۆن بوون، مەوداو ڕەهەندى زانستیانەى خۆى هەیە... تەنها سوارى سەرى خۆت بیت، گۆشگیرو لاتەریك و خولانەوە لە بازنەى وەهمدا، شەتەك و ماندوو پساو دەبیت... كردنەوەى دەرگا زۆرەكانى جەبهەى بەرنگاربونەوە ، مەترسیدارە... دەكرێ تەنها جەبهەیەك كارى لەسەر بكەیت بەبەردەوامى ، وەلێ كاركردن و تاودانى وزەو تواناكان لە چەند جەبهەیەكەوە
هەناسەكورت و ماندوو دەبیت.
دەپرسم... شەڕى بودجە... شەڕى ئازادى ڕادەربڕین...شەڕى میدیاى ئازاد... شەڕى دووئیدارەیى... شەڕى گەندەڵى... شەڕى تێكەڵبونى حیزب و حوكمەت... شەڕى بەهەدەربردنى سەروەت و سامانى گەل ونیشتمان... شەڕى دیموكراسى... شەڕى خۆپیشاندان.... شەڕى كەركوك و ناوچە سنوریە داگیركراوەكانى كوردستان....
ئەمانە هەموو تێزى تازەى دونیاى سیاسەتى كوردى نەبون بزوتنەوەى گۆڕان ڕاى گشتى بۆ هەژاند؟!...پشتگیرى كۆمەڵەو ڕێكخراوە مەدەنیەكانى دەكرد؟!...
خێرە ئێستا پەنجەكانى خۆتان دەبڕنەوە بەوەى كە دەنگ بۆ تاڵەبانى دراوە؟!... ناوناتۆرەى هەڵگەڕانەوە دەكەنە شوناسى بزوتنەوەى گۆڕان؟!...
تاقیگەى سیاسەت كەسى خاوەن چیكڵدانەى بچووك و تەسك مەحاڵە بتوانێ گوزەر و بگوزەرێنێ!!... دنیا كاول نابێت پەرلەمانتارانى گۆڕان دەنگیان بۆ تاڵەبانى داوە!!...
ئەمە سەرەتاى چەكەرەكردنى خاڵ و بڕگەكانى پرۆژەى چاكسازى گۆڕانە كاتێك بەرنامەڕێژى بۆ ئەنجامداوە ، مێزى سیاسەت دیالۆگ و تەتەڵەكردن و گۆڕینەوەى بیرو ڕاو ڕێكەوتن و سازشى مەوزوعى گەرەكە... ناكرێ بەموتڵەقى لەسیاسەتدا هەنگاو بنرێت...
كاتێك بەرامبەرەكەت دوژمنێكى سەرسەختى شۆڤێنستى ڕەگەزپەرست بێت، بە ویژدانى كێ ڕەوایە دەنگ بەو شۆڤێنستە بدرێت... وەلێ دەنگ بە نەتەوەكەى خۆت نەدەیت؟!...
ئەمە باشترین ئەزمونە ، تاقیكردنەوەیەكى گرنگى تاڵەبانیە ... یاریكردن بە چارەنوسى نەتەوە كارێكى ئاسان نیە...
هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان لە پنتكى مەحەكدایە ، گۆڕان و هەستى نەتەوایەتى دوانگەیەكى لێكدانەبڕاون ، پەلكێشكردنى دەسەڵات بۆ سەر مێزى گفتوگۆ گەورەترین سەرمایەى بزوتنەوەى گۆڕانە...
بۆیە چەمكى سیاسەت بە پلەى یەك ئیلتیزامە... بە پلەى دوو هونەرە ... خۆ لەو دوو ڕەهەندە گرنگتر ئەخلاقە....
 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە