کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەنگدان بە بارزانى!

Saturday, 06/04/2013, 12:00






لە پرۆژە دەستورى هەرێمى کوردستاندا هاتوە:
لە دەقى مادەى (٦١) دا دەڵێت: (سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى دەنگدانى گشتى، نهێنى راستەوخۆوە لەلایەن هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێ، بەوشێوەیەى کە یاسا دیارى دەکات).

لەدەقى مادەى (٦٤) دەڵێت: (ماوەى ویلایەتى سەرۆکى هەرێم چوار ساڵە، کە لەڕۆژى سوێند خواردنى دەستوریەوە دەستپێدەکات و دەکرێ بۆ ویلایەتى دوەمیش هەڵبژێرێتەوە، لەڕۆژى کارپێکردنى ئەم دەستورە).

بۆ دەسەڵات. هیچ ناڵێم چونکە یاساى جەنگەڵ و خێڵ لاى ئێوە پیادە دەکرێت!

بۆ ئۆپۆزسیۆن. سەرەڕاى ناڕەزایتان لە پرۆژە دەستورى هەرێم، بەو هەمو خراپیەوە دەستورەکە وادەڵێت.

رازیبونتان بە درێژکردنەوەى وادەى سەرۆکى هەرێم لەویلایەتى خۆى... مردن و فەنا بونى خۆتان ئیعلان ئەکەن.

لەژێر هەر پاساوێکدا رازیبونتان هەڵەى نەتەوەیى و نیشتمانیە. خیانەتە لەفەزاى دیموکراسیەت و متمانەى هاوڵاتیان دەدۆڕێنن، باوەڕنەبونە بەکێبڕکێ و ململانێى فەزاى گشتى بۆ هاوبەشى و رێزو بەهاى دەنگى هاوڵاتى کوردو بێ ئەرزشکردنى سەروەرى دەستورو یاساو بەها ئەخلاقیەکانە.

رازیبونتان تەسلیم بونە بە یاساى جەنگەڵ و بنەماڵەو خێڵ!

رێگە مەدەن کۆبونەوە بۆ ئەو پێشنیارە ئینتحاریە بڕەخسێت. کۆبونەوەتان کردنەوەى دەرگاى مساوەمەیە لەسەر بەهاى دەنگى هاوڵاتى.

ئەمە چاڵێکى قەیرانە گەورەکەى دەسەڵاتە کە دەیانەوێت لەترۆپکا پەراوێزتان بکەن.

خۆشەویستى بۆ کورسى و دەسەڵات، ئالودەبونە بەئەفیونى دیکتاتۆریەت!

لە هەواڵێکى سەیرو سەمەرەدا هەفتەى دادێ یەکێتى و پارتى وەفدێک دەنێرنە خزمەت ئۆپۆزسیۆن بۆ درێژکردنەوەى وادەى دەسەڵاتى سەرۆکى پارتى وەک سەرۆکى هەرێم بۆ ساڵێک یاخود دو ساڵى داهاتو!

نەوشیروان مستەفا لە دوا پەیامیدا دو هەڵەى مێژوى کوتایەوە بەچاوى پارتیدا، هۆشدارى مەدەنیانەى بۆ ئەگەرى کردنى هەڵەى سێهەم کە پرۆژە دەستورى هەرێمە بخرێتە بەردەم ریفراندۆمەوە بەمەبەستى پەسەند کردنى!

چونکە نەوشیروان مستەفا پێیوایە دەستور بڕبڕەى ئیدارەدانى دەوڵەتە، ئیدى پێویستە ئەم پرۆژە دەستورە ئیجماعى نیشتمانى لەسەر بێت، لەدو ئەگەردا لە پەرلەمان یاخود لەدەرەوەى پەرلەمان!

دەنگدان بە بارزانى!
بەبڕواى بەندە. ئەم دیدو پێشنیارە ئینتیحاریەى یەکێتى و پارتى بۆ ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بەدرێژکردنەوەى وادەى سەرۆکى پارتى و سەرۆکى هەرێم لەهەمان کاتدا هیچى کەمتر نیە لەو هەڵانەى نەوشیروان مستەفا باسى لێ دەکات!

هەر لایەن و قەوارەیەکى ئۆپۆزسیۆن بەهەر پاساوێک ئەرێ بۆ ئەو دیدە بکات، سەرتاپاى غەرقى ئەفەرۆزکردن و پوکانەوە لەلایەن میللەتەوە دەبێت، ئیدى دۆست و هەوادارو لایەنگرانى خۆیان بێ یاخود تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگە بێت!

پشت پەردەى ئەم دیدە ئینتیحاریە دوا بزمارە لەتابوتى دیموکراسى!

هەرکەس و لایەنێکى ئۆپۆزسیۆن دەنگ و ئەرێى بۆ ئەو دیدە داخراوە وابەستەیە بکات، نە لەسیاسەت دەزانێت، نەڕاى گشتى مەبەستە، نە ستراتیژیەتى نەتەوەیى و نیشتمانى هەیە، نەبڕواى بەدەستاو دەستکردنى ئاشتیانەى دەسەڵاتە!

وەک هاوڵاتیەکى سادەى ئەم نیشتمانە. هەرکەس و لایەنێک ئەرێى بۆ ئەو دیدە بکات، بێ ڕتوش بێ پەردە، ئەوەى بەقەڵەمەکەم بکرێ، بە فکرى متەوازعى سادەو ساکارم بکرێ دەستتان لێ ناپارێزم!

نەکەن! ... نەکەن...!

هەر کات ئۆپۆزسیۆن ئەوەى کرد، ئیدى چوارساڵە ئەوەى وتویانە لەسەر سەهۆڵ بۆتان دەنوسرێت!

هەى هاوار خەڵکینە.... ئەم یاساى جەنگەڵ نیە؟!

ئەمە جەهل و جەهالەت نیە؟!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە