جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده(4) به‌شی چواره‌م: هه‌قیقه‌تی "قه‌راردادی نهێنی"، ئازادی عه‌لی باله، ...
Tuesday, 26/01/2010, 12:00
تاهیر قاسمی
جواب بۆ حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده(4)
به‌شی چواره‌م: هه‌قیقه‌تی "قه‌راردادی نهێنی"، ئازادی عه‌لی باله، ...
تاهیر قاسمی
خوا نه‌کا فه‌رمانده‌یه‌کی سپای پاسداران یان به‌رپرسێکی ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامی ئێران شتێک به دژی حیزبی دێموکرات و بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵێن. ئه‌وا یه‌کسه‌ر قسه‌که له لای حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده ده‌بێ به حوججه‌ت و به بێ ئه‌وه‌ی ئیزنی هیچ جۆره تشکیک و گومانێک به خۆی بدا، به سه‌نگ و به‌ردی خۆی پارسه‌نگیان بۆ ده‌کا و به چه‌ند به‌رابه‌ره‌وه به دژی حیزبی دێموکرات به کاریان دێنێته‌وه. کارم به‌وه نییه که ئامانجی نووسه‌ر له‌و کاره‌ی چییه به‌ڵام راست له‌و راستایه دایه که به‌رپرسه‌کانی کۆماری ئیسلامی مه‌به‌ستیانه.
یه‌کێک له مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕی نێوان دوو هێزی نه‌یار و دوژمن، مه‌یدانی شه‌ڕی رهوانییه. له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌ر کام له لایه‌نه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و ده‌له‌سه، بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و خستنه سه‌ر زاری زانیاریی هه‌ڵه له سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت یان سیاسه‌ته‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و تاد... دوژمنه‌که‌یان بخه‌نه به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی شه‌ڕه‌وه و هاوکات له لای بیرورای گشتی سووکیان بکه‌ن و خه‌ڵکیان لێ بته‌کێننه‌وه. ئه‌و کاره‌ش زیاتر له لایه‌ن ده‌زگا سیخوڕی و ئیتلاعاتیه‌کانه‌وه دژ به به‌ره‌ی دوژمن ئه‌نجام ده‌درێ. به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ش پێویستیان به که‌س یان که‌سانێکه تا بتوانن په‌ره‌ی پێ بده‌ن و له ناو خه‌ڵک دا جێیان بخه‌ن. جا چ باشتر که ئه‌و که‌س یان که‌سانه به ڕواڵه‌ت له به‌ره‌ی نه‌یاری خۆیاندا دابن.
به پێی قسه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده که له زۆربه‌ی نوسینه‌کانیدا دووپات و چه‌ند پاته‌ی کردۆته‌وه، تا رۆژی 17ی سێپتامبری 1992 (رۆژی تیرۆری دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی) له هه‌ر چوار ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یه‌کیان مۆره‌ی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بووه. واته لانیکه‌م 25%ی ئه‌و کۆمیته ناوه‌ندیی‌یه‌ی که کاک دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌ریی ده‌کرد سه‌ر به ئیتلاعات بوون. له ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوودا تا سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆماری، کۆماری ئیسلامی و به ته‌به‌عی ئه‌وه‌ش سازمانه سیخوڕیه‌که‌ی به‌رده‌وام له په‌ره‌گرتن دابوون و به پێچه‌وانه‌شه‌وه حیزبی دێموکرات هه‌روا توشی نوشستی و پاشه‌کشه هاتووه. هه‌روه‌ها به‌شێکی به‌رچاو له ئه‌ندامانی رێبه‌ریی ئه‌وکاتی حیزب شه‌هید بوون یان وازیان له حیزبایه‌تی هێنا. سروشتییه که ئیتلاعات مه‌ئموری خۆی ناکوژێ و ئیزنیشی پێنادا واز له پۆسته‌که‌ی بێنێ. که‌وابوو به پێی قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده ئه‌و رێژه‌یه ئیستا ده‌بی به ئاسانی له نیوه به نیوه تێپه‌ڕیبێ. له ئه‌گه‌ری راست بوونی قسه‌کانی ئه‌یوبزاده‌دا، سروشتییه که ئه‌و جاش و سیخوڕانه له له‌تبوونی حیزبی دێموکرات دا هه‌موویان نه‌که‌وتوونه‌ته به‌ره‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه. ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌ی که ئه‌و باسی ده‌کا، لایه‌نگری کاک مسته‌فا بوون. ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای پرسیاره بۆچی ئه‌و وتانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده تا ئه‌و راده‌یه ده‌که‌ونه به‌ر سه‌رنجی ئه‌ندامانی حدکا و سایته‌کانی نیزیک له‌و حیزبه به ئاب و تابه‌وه له ماڵپه‌ڕه‌کانی دیکه وه‌ری ده‌گرن و بڵاوی ده‌که‌نه‌وه!!
یه‌کێک له ئامانجه رواڵه‌تیه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده بۆ به ئیتلاعاتی له قه‌ڵه‌مدانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات، هێرش بۆ سه‌ر شه‌خسی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌یه. ئه‌وه‌ش پێده‌چێ به دڵی به‌شێک له ئه‌ندامانی حدکا بێ و هه‌ر بۆیه‌ش چش له به‌شی خۆیان ده‌که‌ن. به‌ڵام با بۆ مێژووش بێ ئه‌وه باس بکه‌م که به دوای شه‌هید بوونی کاک دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی، له یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی دا بۆ هه‌ڵبژاردنی سکرتێری نوێ، مامۆستا حه‌سه‌ن زاده و کاک مسته‌فا هیجری که‌وتنه کێبه‌رکێ و سه‌همی مامۆستا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نیا چوار ده‌نگ بوو که یه‌کێک له ده‌نگه‌کان ده‌نگی خۆی بوو. سێ ئه‌ندامه‌که‌ی تری کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌و کاتی حیزب که ده‌نگیان به مامۆستا دابوو، یه‌کیان شه‌هید بوو (شه‌هید عه‌بدوڵڵای شه‌ریفی) و دوو که‌سه‌که‌ی تریش که ره‌نگه پێیان خۆش نه‌بێ ناویان بێنم، ئیستا هه‌ر کام له یه‌کێک له وڵاتانی سکاندیناوی نیشته‌جێن و بێ ئه‌وه‌ی تۆسقاڵێک گومانم له سه‌داقه‌ت و پاکیان هه‌بێ، یه‌کیان ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه ئه‌وی تریشیان لایه‌نگر یان لانیکه‌م نیزیک له حدکایه. که‌وابوو ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده راست بن، ئه‌وا له‌و جاش و جاسووسانه به‌شی شێر وه‌به‌ر حدکا و لایه‌نی کاک مسته‌فا که‌وتووه. له‌وه‌ش گرینگتر له پێنج ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی چواریان لایه‌نی کاک مسته‌فا بوون و سه‌ره‌رای ئه‌وه که مامۆستا به دوای کۆنگره‌ی 10 و له کاتی سکرتێری دا هه‌میشه زۆرینه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له گه‌ڵ بوو، به‌ڵام هیچکات به قازانجی خۆی ئاڵوگۆڕی له پێکهاته‌ی ده‌فته‌ری سیاسی دا نه‌کرد. ئه‌وه ره‌نگه وڵامێکیش بێ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌یوبزاده که ده‌ڵێ "مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده) حیزبی دێموکراتی به‌ره‌و کۆیه ڕادا"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمه ئه‌وه‌یه که بوختان و تۆمه‌ته‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده رووی له هه‌موو حیزبی دێموکراته و به ته‌نیا پێوه‌ندیی به حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه نییه. هێرش بۆ سه‌ر مامۆستاش ئامرازێکه بۆ گرتنی ده‌می ئه‌ندامان و رێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ئێستا. هه‌روه‌ک کاک مسته‌فا فه‌رموویه‌تی مادام رووی قسه‌کانی له مامۆستایه، لێی گه‌ڕێن قازانجی ئێمه‌شی تێدایه!!
هه‌ر وه‌ک باسم کرد، ته‌قریبه‌ن له زۆربه‌ی نووسراوه‌کانیدا، یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین و گرینگ‌ترین سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده که‌لک وه‌رگرتن له وته‌ی سه‌رانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی و فه‌رمانده‌کانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دژ به حیزبی دێموکراته. ئه‌و به بێ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێک بخاته سه‌ر راستی و ناراستی قسه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئیتلاعات و سپا و ئامانجه‌کانیان، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر جارێکی دیکه و به چه‌ند قات زیاتر دژ به حیزبی دێموکرات به کاریان دێنێته‌وه. متمانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده به قسه‌ی ئیتلاعات و سپا تا راده‌یه‌که که له نووسراوه‌کانیدا هیچکات گومان و دوودڵیه‌ک له ناراستی ئه‌و قسانه بۆ ناوبراو به‌رچاو ناکه‌ون. تا ئاستێک که هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک و قسه‌ی هیچکام له رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات و ئه‌وانه‌ش که به قازانجی ئه‌و حیزبه‌یان نوسیوه و ئه‌یوبزاده که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون، به راده‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی سپا و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی به‌و ده‌ستپاکیه‌وه له لایه‌ن ناوبراوه‌وه نه‌گوازراونه‌ته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌فسیر کردنی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی کۆماری ئیسلامی، به‌و ئاراسته‌یه‌دا که خۆیان مه‌به‌ستیانه و به‌و جۆره‌ی که بابی ته‌بعی ئه‌و رێژیمه و مۆره‌کانیه‌تی، یه‌کێکی تر له شێوازه‌کانی کاری حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌یه بۆ هه‌ڵکوتانه سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان.
ئه‌وه‌ی زیاتر گومان ده‌خاته سه‌ر ئامانجه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده له نووسینی ئه‌و هه‌موو بێڕێزی، درۆ و بوختانانه سه‌باره‌ت به رێبه‌رانی ئێستا و رابردووی حیزبی دێموکرات، ئه‌وه‌یه که ناوبراو راست له سه‌روبه‌ندی کێشه ناوخۆییه‌کانی حیزبی دێموکرات دا به‌و زمان و نووسینه‌وه وه گڕوگاڵ که‌وت و له‌گه‌ڵ له‌تبوونی حیزب زمانی گرت. ئه‌ویش نه‌ک بۆ به داخ بوون له له‌تبوونی حیزب، به‌ڵکو راست بۆ سو ئیستیفاده کردن له هه‌لومه‌رجه‌که بۆ هه‌ڵکوتانه سه‌ر به ڕواڵه‌ت مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاه و له راستی دا حیزبی دێموکرات و مێژووی لانیکه‌م 20 ساڵی رابردووی ئه‌و حیزبه. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش هه‌لێکی له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئیتلاعات و ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ناراسته‌وخۆ و له رێگای که‌سانی به ڕواڵه‌ت نه‌یاری خۆیانه‌وه کێشه‌کان قووڵ بکه‌نه‌وه.
پرسیار له حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده ئه‌وه‌یه که بۆچی له کاتی روودانی ئه‌و رووداوانه‌دا جارێک وه‌ده‌نگ نه‌هات؟ ناڵێم کۆماری ئیسلامی مه‌حکووم کردبا، به‌ڵام خۆ ده‌یتوانی ناره‌زایه‌تی خۆی دژ به‌و کارانه‌ی حیزب و رێبه‌رانی حیزب که ئێستا هه‌ڵیانده‌به‌ستێ، ده‌رببڕێ.
یه‌کێک له‌و ئامانجانه‌ی که له نووسینه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌دا به ڕوونی خۆی ده‌نوێنێ دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریک و برابه‌ش بۆ کۆماری ئیسلامییه له هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی که ده‌رهه‌ق به گه‌لی کورد و حیزبی دێموکرات ئه‌نجامی داون. تا ئاستێک که له تیرۆری میکونوس دا به ئاشکرا دوکتور سه‌عید یان یه‌کێک له هاوڕێکانی به سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ناوزه‌د ده‌کا و شه‌هیده‌کان ده‌کا به شه‌ریکی جینایه‌ت له گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان و برابه‌ش بۆ تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌دۆزێته‌وه. به‌وه‌ش راناوه‌ستێ و لانیکه‌م له سه‌دا 25ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌ی که دوکتور سه‌عید رێبه‌ریی ده‌کرد، به جاش و سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ده‌زانێ. (بڕوانه به‌شی سێهه‌می ئه‌م باسه) دیاره له‌و فتوایه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ش دا دیسان سه‌رانی ئیتلاعات ده‌ور ده‌بینن و قسه‌ی عه‌لی فه‌لاحیانی بۆ ده‌بێ به حوججه‌ت که گوتبووی ئێمه له‌و حیزبه‌دا نفوزمان کردووه.
دوو هێزی دژبه‌ر هه‌میشه حه‌ول ده‌ده‌ن له ناو یه‌کتردا نفوز بکه‌ن. له شه‌ڕی نێوان دوو لایه‌ندا ئه‌وه شتێکی ئاساییه. به‌ڵام بانگی به ئاشکرای وه‌زیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه که سازمانه‌که‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی، نفووزی له نێو حیزبی دێموکرات‌دا کردووه، جێگای پرسیاره. ئاخۆ ده‌بێ چ شتێک وای لێ کردبێ که باس یان باشتر بڵێم نهێنییه‌کی ئاوا به فه‌رزی راست بوونی- به ئاشکرا رابگه‌یه‌نێ؟ مه‌گه‌ر بۆ که‌سانێک که له گه‌ڵیان ده‌ستی له یه‌ک کاسه‌دا بێ، ده‌نا رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی که‌ی ئه‌وه‌نده راستگۆ بوون تا قسه‌کانیان بۆ ئه‌وه ببێ که وه‌ک به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ؟ بڵێی ئه‌وه یه‌کێک له جۆره‌کانی شه‌ڕی ره‌وانی دژ به‌و حیزبه نه‌بووبێ تا بتوانێ دڵی ئه‌ندامانی حیزبه‌که لێک کرمێ بکا؟ به تایبه‌ت ئامانجه‌که ئه‌و کاته به ته‌واوی ده‌پێکرێ که یه‌کێکی له پێستی دۆست دا قسه‌کانی ئه‌و و هاوقه‌تاره‌کانی بکا به کراسی عوسمان و دژ به حیزبه‌که به کاری بێنێ. یان نا هه‌ر بۆ ئه‌وه بووه که قسه‌که‌ی بۆ هێندێک که‌س و لایه‌ن ببێ به به‌ڵگه و سه‌رچاوه‌ی زانیاری بۆ هێرش کردنه سه‌ر ئه‌و حیزبه و رێبه‌رانی ئه‌و حیزبه؟
هه‌قیقه‌تی قه‌راردادی به‌ناو نهێنی
ئه‌یوبزاده له سه‌رجه‌م نوسینه‌کانی دا باس له قه‌راردادێکی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی بۆ راگرتنی شه‌ڕ ده‌کا. ئه‌و ئه‌وه‌نده به ئیتمینانه‌وه له‌و قه‌رارداده خه‌یاڵییه ده‌دوێ که جێگای هیچ گومانێک بۆ خۆی و بۆ خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه. قه‌راردادێک که نه‌ک هه‌ر منی ئه‌ندام به‌ڵکو هیچکام له ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه‌که و ته‌نانه‌ت سکرتێریش نه‌یانبینیوه و پێیان نه‌زانیوه. که‌چی ئه‌یوبزاده باس له به‌ند به به‌ندی ناوه‌رۆکی قه‌رارداده خه‌یاڵیه‌که‌ی خۆی ده‌کا. لێره‌دا خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی گومانی بۆ ئه‌وه بچێ که ئه‌گه‌ر قه‌راردادێکی نێوان حیزب و لایه‌نێکی دیکه، منی ئه‌ندامی حیزب سه‌هله، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبه‌که‌شم نه‌یدیبێ و نه‌یزانیبێ، ئاخۆ ده‌بێ کێ نیشانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ی دابێ؟ تۆ بڵێی ئه‌و زانیاریانه یه‌کراست له لایه‌ن ته‌ره‌فه‌که‌ی دیکه‌ی به ناو قه‌رارداده‌که‌وه واته راست له لایه‌ن محسن ره‌زایی و عه‌لی فه‌لاحیان و ئه‌حمه‌دی کازمی یان به‌رده‌سته‌کانیانه‌وه به ئاغای ئه‌یوبزاده نیشان درابێ یا به جۆرێک ئه‌ویان له بوونی وه‌ها قه‌راردادێک و ناوه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌رخه‌یان کردبێته‌وه؟! یان بڵێی ئه‌یوبزاده بۆخۆی له کۆبوونه‌وه‌ی نووسینی قه‌راردادێکی ئه‌وتۆ دا به ئاشکرا یان به نهێنی به‌شدار بووبێ که ئاوا به ئیتمینانه‌وه لێی ده‌دوێ؟!
باسی هه‌ر جۆره قه‌رارداێک له نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی له درۆیه‌ک زیاتر که هه‌ر له زمانی ئه‌یوبزاده‌وه هه‌ڵڕژاوه، زیاتر نییه. ته‌نیا قه‌راردادێک که پێوه‌ندی به وه‌ستانی خه‌باتی چه‌کداریی حیزبه‌وه هه‌بووه، له نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بووه بۆ راگرتنی چالاکیه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حیزب له ناوخۆی کوردستانی ئێران له حاڵه‌تێکدا که له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتی وه‌ک پشتی جه‌بهه که‌ڵک وه‌ربگرن. ئه‌و قه‌رارداده‌ش له نێوان حدکا و یه‌کێتی نیشتمانیدا ئیمزا کراوه. له‌لایه‌ن حدکاوه کاک مسته‌فا هیجری و له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانیش دوکتور فوئاد مه‌عسوم ئیمزایان کردوه. بوونی وه‌ها رێککه‌وتنێكیش شتێکی شاراوه نه‌بووه. هه‌م له کاتی راگیرانی چالاکی چه‌کداری له لایه‌ن رێبه‌رانی حیزب و له کۆبوونه‌وه‌کاندا بۆ پێشمه‌رگه‌کان روون کرایه‌وه و هه‌م به تایبه‌تی له رۆژنامه‌ی کوردستانی ژماره 236ی تایبه‌ت به مانگی گه‌لاوێژی 1375 دا به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه به ره‌سمی باسی لێ کراوه:
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی وتاره‌که تکایه کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکه:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=2cfbf9d0
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست