پێشمەرگە لوتكەى مرۆڤایەتى
Tuesday, 16/07/2013, 12:00
پاڵەوانى نەتەوەیى كۆبى(خۆسیەمارتى 1853-1895)دەڵێت/ئەركى سەرشانمە ڕۆژانە گیانبازى بە ژیانى خۆمەوە بۆ نەتەوەكەم بكەم)
(بیرى ئەم كورتە نوسینە ،زادەى ئەو كاتانەیە كە پێشمەرگە دیرینەكان دەبینم ،مانگانە لە سەرەى وەرگرتنى موچەى خانەنشینى دا
وەستاون، و پاش ماندو بون و چاوەڕوانى بێهودە، ڕۆژانەبەگیرفانى بەتاڵ ودڵشكانەوە دەگەڕێنەوە ماڵە سادە و بێبژێویەكەیان، ومناڵان كە دەستە شۆڕبوە بى عەلاگەكەى باوكیان دەبینن لە هەستى ناسكى باوكیانا بێمانایى ژیان و ڕەنجى ئەفسانەیى ڕۆژگارى پێشمەرگایەتى باوكیان دێتەوە بیر..سبەینێش دەچێتەوە ئەو ئاپۆرە سوتێنەرە هەرنیە..دوسبەیش هەروا..هە..ر..وا)
پێشمەرگە پاڵەوانى جەنگى ڕەوابو..سەرمایەى ژیانى كردە فیداى نیشتمان ، ئەوان لە گەڵاكانى پایز زیاتر ئەوەرینە سەرزەوى ،ژیانیان ئەسپارد بە جاویدان ..ئێستا هەمو بستە خاكیكى ئەم كوردستانەى ئەوان خاوەنى نین ، ڕۆمانێكى نەنوسراوى ونبوى لە خۆیدا حەشار داوە ،ئەمێسا شەهیدەكانى هاوڕێیان ئاسودەترن لەمان ، ئەوان لە ناو خەونە ئەندێشە مەندە دورەكانى خۆیاندا ،كە ئایندەیان پێ دەبینى ،بارگەو هەوارى سەروەریان پێچایەوە و گەیشتنە ئەو خۆزگە بەچێژە سەروەریە ى بە هیواى بون بەزوى بێتە دى، شەهیدەكان دەمامكە درۆینەكانیان بە سیماى دڕندەكانى ئێستاوە نەبینى،ئەوان نەیانبینى چۆن ڕێژنەى گولەى دەستەڵاتى كوردى ڕۆڵەكانى نیشتیمان غەڵتانى خوێن دەكات، نەیان بینى قوتى هەژاران ئەوانەى نەعرەتەى پێشمەرگە ى ئەجۆشانو دوژمنى ئەكردە پەندو سوتو ، چۆن بە دیار چاوى هەموانەوە ، غەریزە ئاژەڵیەكانى خۆیانى پێتێرئەكەن، ئەوان نازانن پێشمەرگە غەمبارەكانى هاوڕیان چۆن قەدەرێك ژیانیان دەباتە نێو گۆشە تەنهاكانى لە بیرچونەوە، چۆن بە زیندویەتى پیاسەیەك بە جەنگەڵەترسناكەكانى پیریدادەكەن، چۆن عەوداڵى ئەفیونى بیهودەیى بون، ئەوانن ئێستا لە پشت دەروازەى فەنابونەوە بێدەنگ و لە ساراى بێئارامیدا لە ڕۆحى خۆیان دەخۆن..جگەرەى مەراق هەمیشە بە لێوە بیخەندەكانیانەوە دەبینى، دەستەڵاتى غەریزەپەرستى نەزان شكۆى ئەو گەورە پیاوانەیان لە یادەورى میللەتەكەش سڕیوەتەوە،هەیبەت و سامى ئەو كەڵە مرۆڤانەیان لە كەسێتى خێڵ و سەرۆكى ملهوڕدا ون كردوە، لە كاتێكدا پێشمەرگە ویژدانى میللەت و شوناسى ڕەسەنایەتى خەباتە ڕەواكەى بوو ، كەس نەیپرسى ئەو لەشكرە بە ئەزمونە گیانبازە بۆ بە زویى خانەنشین كران، ئەو هەوێنە خۆنەویستە بۆ دورخرانەوە بۆ گۆشەى ماڵەكان ، ئەو زەویە بە پیتە بۆ كرایە دێم،هەر لەبەرئەوە كوڕو نەوەى ڕاستگۆ و بێمنەت و چاونەترسى ڕەسەنى ئەم گەلە بون ، هەرلەبەر ئەوەى شەڕى خێەلەكانى بەرپرسە ساویلكە ملهوڕەكانیان ڕەت دەكردەوە، هەر لەبەر ئەوەى ڕەوایەتیان بە كورد كوشتن و میللەت فرۆشتن نەئەدا، ئێستا ئەو پۆلە هەڵۆیانە ، ئەو گیانە بەرزە مرۆڤ دۆستانە ،نەوەكانیان لەشكرێكى گەورەو بەهێز و هوشیارن، بەئارام و پەروەردەى دنیاى تازەو هەڵگرى مێژوى ڕاستەقینەى خەباتن، ئایندەشمان لە بەرچاو ڕونە ، سەردەمەتازەكانیش بۆ ئەو نەوەیەیە كەخۆى بنیانى ئەنێت، گوللە كانیشیان ناتواێ بۆ هەتا هەتایە ئازادى زەوت كات .
ڕەشاد حسین سلێمانى 13-7-2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست