بەمەتر یان بەكیلۆ... دار بۆ فرۆشتن
Sunday, 09/11/2014, 12:00
لە باشورى كوردستاندا كەسانێكى زۆرهەن خاوەنى كێڵگەى بەرهەم هێنانى نەمام و درەختن, بۆ ماوەى چەندین ساڵ خزمەتى دەكەن تا تەواو گەشەدەكات و گەورە دەبیـَت, دواتر دەیبڕنەوە و دار و تەختە یان خەڵوزى لێ بەرهەم دەهێنن, دواتر دەیخەنە بازاڕەوە ئەم كارەش بەپێى یاسا ڕێكخراوە, ئەوكەسانەى كە مۆڵەتیان هەیە ڕێگەپێدراون ئەو كارە ئەنجام بدەن, بەڵام كەسانێكى تر هەن, لەناو شار و شارۆچكەكاندا نەمام دەچێنن و خزمەتى دەكەن تا دەبێت بەدرەخت و دواتر درەختەكان دەبڕنەوە و دەیكەن بەدار!! بەهۆكارى ئەوەى درەختەكە جوان نیە یان گەڵا دەوەرێنێت یان دیوار دەڕوخێنێت یان مەترسى بۆ ئاوى ژێرزەوى دروست دەكات!! وەراندنى گەڵا و جوانى و ناشرینى درەختەكان گرنگن؟ یان پاراستنى ژییانى مرۆڤەكان؟؟ لەكاتێكدا هیچ درەختێك ناشرین نیە و هەموو درەختەكان جوان و بەسودن, لەوڵاتانى پێشكەوتوشدا گەڵاى درەختەكان وەك پەین بەكار دەهێنرێت, نەك لەبەر وەراندنى گەڵا, درەختەكان ببڕنەوە, بڕینەوە و لەناوبردنى درەختەكان لەبەر ئەو هۆكارانە, دژى یاساكانى ژینگەى هەرێمى كوردستانە, تەنانەت دژى مرۆڤایەتى و نەوەكانى داهاتووشمانە, تائێستاش چەندین كەس بەهۆی بڕینەوەى درەختەوە, بەبێ مۆڵەت, ڕوبەڕووى دادگاكان كراونەتەوە, چونكە بەپێى یاسا تەنها لەكاتێكدا دەتوانرێت درەخت ببڕدرێتەوە كە درەختەكە ڕێگربێت لەبەردەم كار و چالاكى هاوڵاتیان و دامەزراوەكاندا, بۆئەمەش دەبیت مۆڵەت لەفەرمانگەى ژینگە لەپارێزگاكاندا وەربگیرێت, كە بەشێكى زۆر لەهاوڵاتیان و تەنانەت دامەزراوە حكومیەكانیش گوێ بە مۆڵەت وەرگرتن و یاسا نادەن, بەڵكوم ڕاستەوخۆ درەختەكان دەبڕنەوە. لەئێستادا بێت یان لەئایندەدا دەبێت هەموومان لەو ڕاستیە تێ بگەین, كە لەڕێگەى پارێزگارى كردن لەدرەختێكەوە دەتوانین پارێزگارى لە ژینگە و ژییانى خۆمان و نەوەكانى داهاتوومان بكەین, هەرگیز ناتوانین لەو ڕاستیە خۆمان بشارینەوە ئەگەر درەختەكان نەپارێزین ئەواڕەنگە بەژییانمان باجەكەى بدەین.
بەڵام ئەم جۆرە بڕینەوەیە كەلە ناوەندى شار و شارۆچكەكاندا دەبینرێت, بووە بەهۆكار بۆ دابین كردنى بژێوى ژییانى مامە پیرەیەك و خیزانەكەى چونكە ئەوكەسانەى كە ئەو درەختانە دەبڕنەوە چاوەڕوانى هیچ بڕە پارەیەك ناكەن و ئامادەن بەبێ بەرامبەر دارەكە ببەخشن بەهەر كەسێك كەخواستى لەسەرى هەیە.
كاتێك بەشەقامى گشتى دەربەندیخاندا تێپەڕ دەبیت مامەپیرەیەكى ڕیش سپی دەبینیت, لەتەنیش عەرەبانەیەكەوە ڕاوەستاوە, لەسەر عەرەبانەكە دار دەبینیت, دارەكان دانراون بۆ فرۆشتن, خۆئەگەر بڕۆیت و بڵین مامەگیان كیلۆیەك دارم بدەرێ یان مەترێك دارم پێ بفرۆشە؟ ئەوا ڕەنگە بەدەستى بەتاڵ بگەڕێیتەوە, چونكە دار نەدەپێورێت نەدەكێشرێت, ئەى مامە پیرە چۆن دارەكانى دەفرۆشێت؟ مامە پیرە لەسەر قەدى دارەكان نرخى دارەكانى نوسیوە كەنرخى هەردارێك جیاوازە و نرخەكان لە(5000) دینارى عێراقییەوە دەست پى دەكات تا (12,000)هەزاردینارى عێراقى, فرۆشتنى هەندیك دارى تر بەباوشە كەلە بڕ پێت دەفرۆشێت, جگەلە بوونى ئەو دارانەى كەلەسەر عەرەبانەكەن لەماڵەوەش مامە پیرە دارى ترى هەیە بۆ فرۆشتن كەنرخى ئەوانیش جیاوازە, فرۆشتنى دارەكان بژێوى ژییانى مامەپیرە و خێزانەكەى دابین دەكات, ڕەنگە كەسە یاسا شكێنەكان و ناحەزەكانى ژینگە نەبن, مامە پیرە نەتوانێت بژێوى ژییانى خێزانەكەى وابەئاسانى دابین بكات, چونكە بەهۆى كەسەیاسا شكێنەكانەوە دارەكانى دەست دەكەوێت, بەڵام بەدەست هێنانى ئەو یەك دوو دینارە عێراقیە گرنگە؟ یان پاراستنى ژینگە و ژیانى خێزانى مامەپیرە و خێزانەكانى تر؟
سەروەر قەرەداغى- پارێزەرى ژینگە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست