سەرەتایى كارى ڕێكخراوەیى ژینگەیى لەكوردستانى باشور
Thursday, 09/10/2014, 12:00
سەرەتایى كارى ڕێكخراوەیى ژینگەیى لەكوردستانى باشور دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانى ساڵى نەوەدەكان, كەیەكەمین كۆمەڵەى ژینگەپارێزى بەناوى (كۆمەلًَەى كوردستانێكى سەوز) لەسەر دەستى (شەماڵ عبدالرحمن موفتى) وهیتر... لەبەروارى (16/10/1991) دامەزرا, لەمانگى(7)ى(1994)مۆڵەتى فەرمى وەرگرتووە, لەساڵانێكدا ئەم كۆمەڵەیە دامەزرا كە دانیشتوانى كوردستانى باشور لەجیاتى بەكارهێنان و سوتاندنى نەوت, درەختەكانیان دەبڕیەوە, تا زۆپاى ماڵەكانی پێ گەرم بكەن, لەسەرەتاى دامەزراندنى كۆمەڵەكەدا (شەماڵ عبدالرحمن موفتى) و (سێ پزیشك و ئەندازیارێك و پارێزەرێك و پزیشكێكى ڤێتێرنەرى) لەنزیكەوە چاوییان بە بەڕێز (جەلال تاڵەبانى) دەكەوێت و بەڕێزیان زۆر بەگەرمى پێشوازییان لێ دەكات و ئامادەیى خۆى نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیكردنى مەعنەوى لێیان, لەهەمان ساڵیشدا چاوییان بە بەڕێز (مسعود بارزانى) دەكەوێت و ئیدى لەوكاتەوە هەست بەدەركەوتنى ڕوناكى دەكەن لە كۆتایى تونێلەكەوە. بەهەڵبژاردنى ئازاد بۆ دوو خولى یەك لەدوایى یەك بەڕێز (شەماڵ عبدالرحمن موفتى) دەبێت بەسەرۆكى كۆمەڵەكە, چەند مانگێكى كەم تێپەڕ دەبێت و ژمارەى ئەندامەكانى كۆمەڵەكە (300)ئەندامى خۆبەخش تێدەپەڕێنێت, بۆیە هەوڵ بۆ بەرزكردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى ژینگەیى ئەندامانى كۆمەڵەكە دەدەن, لەڕێگەى بەرنامەى تۆمار كراوى ژینگەییەوە, لەچوارچێوەى كۆبوونەوەى مانگانەیاندا بەئەندامەكانى دەگەیەنن, كۆمەڵەكە نوێنەرى دەبێت لەئەنجومەنى (پارێزگارى و چاككردنى ژینگە) كەئەو ئەنجومەنە لەلایەن (م.جمال عەبدول)پارێزگارى ئەوكاتەى سلێمانەوە سەرۆكایەتى دەكرا.
كۆمەڵەى كوردستانێكى سەوز لەئێستا و لەرابڕدوودا چەندین كارى گرنگى بۆ پاراستن و گەشەپێدانى ژینگەى كوردستان ئەنجامداوە لەوانە (ئامادەكردنى پرۆژە یاسایى پاراستنى ژینگە بۆ پەرلەمانى هەرێمى كوردستان لەساڵى 2001 و ڕێگرى كردن لەوشك بوون و بڕینەوەى هەزاران درەخت و ڕێگرى كردن لەڕاوكردن و ئازادكردنى سەدان ئاژەڵ و باڵندە و هەڵمەتى پاككردنەوە و بەستنى سەدان كۆڕ و كۆبوونەوەى ژینگەیى و هەڵمەتى وشیارى و نەمام چاندن و بەستنى كۆنفرانس و دەیان خول و سیمینارى ژینگەیى)هیتر..... لەئێستاشدا لەسەرجەم پارێزگاكانى هەرێم و ئیدارە سەربەخۆكان و قەزاو تەنانەت ناحیەكانیش ناوەند و نوێنەرایەتى هەیە و خاوەنى(10)ناوەند و زیاتر لە(13)نوێنەرایەتیە, سەرەكى ترین سەرچاوەى دارایى بریتیە لەو نەسرییەى كەمانگانە وەك هاوكارى لە مەكتەبى ڕێكخراوە دیموكراتیەكانى(ى.ن.ك) و پارێزگاى سلێمانى وەرى دەگرێت, تائێستاش كۆمەڵەى كوردستانێكى سەوز (پێنج)كۆنگرەى بەستووە و كۆتاكۆنگرەشى لە مانگى(5)ى ساڵى 2013 دا لەشارى سلێمانى بووە.
بڕینى هەموو ئەو قۆناغە گرنگانە بوون بە بناغەیەكى بەهێز, بۆ كارى ڕێكخراوەیى ژینگەپارێزى لەكوردستانى باشور, چونكە كۆمەڵە توانى چەندین كادیرى بەتوانا و بەئەزموون لەبوارى ڕێكخراوەیى حكومى و ناحكومیدا لەبوارى ژینگەپێ بگەیەنێت, بۆ پاراستن و چاككردنى ژینگەى كوردستان, كەبەشێكى زۆرییان ئەندام یان كادیرى پێشوى كۆمەڵەى كوردستانێكى سەوز بوون, دیارترینیان بەڕێز (عبدالرحمان سدیق- وەزیرى پێشوى ژینگەى عێراق) و دەیان كەسایەتى تر كەلەڕابردوو و لە ئێستاشدا لەناو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیە ژینگەییەكان كاریان كردووە و كاردەكەن, بەپێى ئامارى فەرمانگەى ڕێكخراوەناحكومیەكانى هەرێمى كوردستان, تا كۆتایى ساڵى 2013 زیاتر لە(80)ڕێكخراوى ژینگەیى تۆماركراوە, كەبەشێكى زۆرى بەرپرس و ئەندامانى ئەو ڕێكخراوە تازە تۆماركراوانە, بریتین بوون لەو ئەندام و كادیرانەى كەپێشتر لەكۆمەڵەى كوردستانێكى سەوز كارییان كردووە, ژمارەیەكیان تائیستاش لە ڕیزەكانى كۆمەڵە بەردەوامن لەكاركردن بۆ پاراستن و گەشەپێدانى ژینگەى هەرێمى كوردستان- عێراق, بۆیەكۆمەڵەى كوردستانێكى سەوز وەك بناغەیەك بۆكارى ڕێكخراوەیى ژینگەیى دادەنرێت و دەتوانین ناوى بنێین یەكەمین قوتابخانەى ژینگەپارێزى لەهەرێمى كوردستانى باشور.
سەروەر قەرەداغى- پارێزەرى ژینگە
...................................................................
سەرچاوە: سودم لەپێشەكى كتێبى(ئایندەى هەسارەكەمان)وەرگرتووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست