نامەیەك بۆ/ سەرۆكایەتى هەرێم و سەرۆكایەتى ئەنجوومەنى وەزیران
Wednesday, 24/11/2010, 12:00
بەرێز جەنابى سەرۆكى هەرێم
بەرێز جەنابى سەرۆكى حكومەتى هەرێم
من كە ناوم لە خوارەوە نووسراوە داواكارم چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیەم بدۆزنەوە
بەڕێزان دوو ساڵ پێش ئێستا دوو خانووم دا بە بەڕێوەبەرایەتى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانى سەر بە وەزارەتى شەهیدان بە كرێ . دواتر داواى خانووێكى تریان كرد منیش ئەم خانووەم بەخۆڕایى پێشكەش بە وەزارەتى كاروبارى شەهیدان كرد بەبێ بەرامبەر.
دواى دەستبەكاربوونى كابینەى شەشەم , وەزارەتى شەهیدان ئەم خانووانەى چۆڵكرد بە پاساوى ئەوەى شوێنەكەیان بچووكە و نرخى خانووەكانیش زۆرە, تا ئێرە هیچ كێشەیەكمان نیە. بەڵام دواى گواستنەوەیان لەم خانووە شوێنەكەیان تەواو شێواندبوو, منیش داوام لە وەزارەت كرد كە قەرەبووى نۆژەنكردنەوەم بدەنەوە (ئەمە بە پێ ى یاساى گرێبەستەكەمان)
دواى پێكهێنانى لێژنەى یەكەم كە هیچ كامێكیان كەسى پسپۆڕى بوارى نۆژەنكردنەوە نەبوون, بڕیاریاندا بە قەرەبووكردنەوەم بە بڕى (300$) سێ سەد دۆلار جگە لەوەى كە سوكایەتیان بە خانەوادەكەم كرد كە خانەوادەكەشم ئێستا خانەنشینى پێشمەرگەى ئەیلوولە,وە دواتر بەناوى سەرۆكایەتى هەرێم هەڕەشەیان لێكردم لەبەرامبەر بێدەنگ نەبوونم , دواتر لێژنەیەكى تر كە كەسى ئەندازیارى تێدابوو ئەوانیش بڕیاریاندا بە قەرەبووكردنەوەم بە بڕى (8,200,000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار كە نزیكەى بیست بەرامبەر بە جیاوازى لەگەڵ لێژنەى یەكەمدا, بەڵام دواتر لەكاتى سەرفكردنى ئەم بڕە پارەیەى لێژنەى دووەم ڕاپۆرتێك لە یەكێك لە سایتەكانى ئینتەرنێت بڵاوكرایەوە لەسەر وەزارەتى شەهیدان , كە كۆمەڵێك زانیارى تێدا بڵاوكراوە كە دوور و نزیك پەیوەندى بە ئێمە وە نەبوو چونكە ئێمە ئاگادارى ئیشوكارەكانى ناو وەزارەت نین. بۆیە ئێمەیان پێ تاوانبار كرد و ئەم قەرەبووەیان ڕاگرت بەفەرمانى بەڕێوەبەرى گشتى دیوان, دواتر ئێمە هەر بەردەوام بووین لە داواكردنى مافى خۆمان بۆیە لێژنەیەكى تریان پێكهێنا كە بەداخەوە ئەمجارەش ئەم لێژنەیە كەسى پسپۆڕى تێدا نەبوو بڕیاریاندا بە قەرەبووكردنەوەم بە بڕى (1,400,000) یەك ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار, ئێمەش بەم سیناریۆیە گاڵتەجاریە ڕازى نەبووین بۆیە كێشەكەمان ناردە دادگا,ئەمە لە لایەك, لەلایەكى تر دواى دەرچوونیان لەم خانووانە كارەباى ئەم خانووانەیان پچڕاندووە وە دواى بەدواداچوونمان بۆمان دەركەوت كە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بڕى (9,800,000) نۆ ملیۆن و هەشت سەد هەزار دینارى كارەبا قەرزان. ئێمەش سەردانى وەزارەتمان كرد بەڵام ئەوان پێیان گوتین كە هیچ قەرزار نین. دواتر ئێمە بە نوسراوێكى فەڕمى بەڕێوەبەرایەتى كارەباى هەولێر ئاگادارمان كردنەوە كە پسوولەیەكى هاوپێچى لەگەڵدا بوو بۆ سەلماندنى راستییەكان, دواى یەك مانگ بەڕێوەبەرى گشتى كاروبارى شەهیدانى هەولێر پێ ى گوتین كەوا بڕى پارە قەرزەكە سەرفكراوە و كیشەكە چارەسەر بووە, بەڵام دواتر سەردانى وەزارەتى كارەبامان كرد هیچ شتێكى لەم جۆرە نەبووە و قەرزەكە وەكو خۆى ماوەتەوە و خانووەكانیش تا ئێستا بێ كارەبان.وە ئێستا نە دەتوانم بۆخۆم بچمەوە ئەم خانووە و نە دەتوانم بە كرێى بدەم لە كاتێكا بۆخۆم لە ماوەى شەش مانگە لەخانووى كرێ دادەنیشم و ناتوانم بچمەوە ناو خانووەكەى خۆم لەبەر تاریكى,َ وە ئەوەى جێگاى سەرسوڕمانە ئێستا وەزیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و بەڕێوەبەرى گشتى بێ ئاگایی خۆیان نیشان دەدەن لەبەرامبەر ئەم خانووەى كە بە خۆڕایى پێشكەش بە وەزارەتم كردبوو, بۆیە گومان دەكەم لەوەى كە كرێى ئەم خانووە وەرگیرابێت چونكە بە بەڵگەى ئەوەى وەزارەت ئامادە نیە كە نوسراوم بۆ بكات بۆ باجى خانووبەرە , بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەكەم كە لێژنەیەكى دادپەروەر و بێ لایەن پێكبهێنن بۆ چارەسەركردنى كێشەكەم. ئەمە جگە لەوەى خاوەن خانووەكە دواى بیست ساڵ خەبات و پێشمەرگایەتى سووكایەتى پێكرا...
لەگەڵ ڕێزدا
خاوەن خانوو
[email protected] 07504453714
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست