کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


Sunday, 25/01/2009, 12:00


له‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی مارکێته‌کاندا؛ وه‌ک فینلاند سندوق نییه‌، بۆ دانانی ئه‌و شتومه‌که‌کانه‌ی که‌ له‌مارکێتی دی کڕیوته‌‌، پرسگه‌ - ئینفۆیان هه‌یه‌، کارمه‌ندێک لێت وه‌رده‌گرێت و بۆت ده‌خاته‌ عه‌لاگه‌ی نایلۆنه‌وه‌ و سه‌ره‌که‌ی به‌له‌حیم کراوی ده‌داته‌وه‌ ده‌ستت! بێجگه‌ له‌عه‌ره‌‌بانه‌، سه‌به‌ته‌ی قه‌باره‌ گه‌وره‌ دانراوه‌‌، جیاوازییه‌که‌ی له‌وه‌دایه‌، ده‌سکه‌که‌ی درێژ و ژێره‌که‌ی تایه‌ی پێوه‌ بوو، به‌دوای خۆتدا ڕایده‌کێشی. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو به‌شی تایبه‌تی خواردنه‌وه و ئه‌لکۆ هه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌ی فینلاند، هه‌موو جۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌کت دانراوه‌ و ده‌ستده‌که‌وێت، نرخیشیان له‌چاو فینلاند و ناو فرۆکه‌خانه‌کان و پاپۆره‌کانیش که‌ باج نییه‌، هه‌رزانترن!

شاری ڤینیسا، له‌دوو به‌ش پێکهاتووه‌، ئه‌و به‌شه‌ی که‌ قیبله‌ی گه‌شتیارانه‌ و له‌نێو ئاودا بنیات نراوه‌، هه‌مووی حه‌وت دوورگه‌یه‌، به‌یه‌کێک له‌حه‌وت سه‌رسووڕهێنه‌ره‌ی جیهان داده‌نرێت. له‌چوونه‌ ناوه‌وه‌دا سه‌رت به‌سه‌ری کۆڵانی فره‌ ته‌سک و باریکدا ده‌ته‌قێت، ئۆتۆمبێل بۆی ناچێت، هاتووچوو و بارگواستنه‌وه‌ به‌به‌له‌مه‌، دانیشتوانه‌که‌ی له‌جیاتی ئۆتۆمبیل به‌له‌میان ڕاگرتوه‌ و هه‌یه!

ژماره‌یه‌کی زۆر خانووبه‌ره‌ گه‌وره‌ و کۆن ده‌بینرێت، به‌گشتی دیوی ده‌ره‌ی خانووه‌کان تۆز لینیشتو ڕه‌ش و دێز و بۆرن و نۆێ نه‌کراونه‌ته‌وه‌! بینای زه‌به‌لاحی تێدا ده‌بینرێت وه‌ک که‌نیسه‌ی سان مارکۆ، که‌ به‌یه‌کێک له‌که‌نیسه ‌کۆنه‌کانی جیهان داده‌نرێت.
هه‌ر بینایه‌ک گه‌ر بیانه‌وێت چاکی بکه‌ن، چوارده‌وره‌که‌ی به‌له‌وحی تایبه‌ت ده‌گرن، ئاوه‌که‌ی به‌ماتۆڕ هه‌ه‌ڵده‌هێنجن تا ده‌گاته‌ بن ده‌ریاکه‌ و بناغه‌که‌ی له‌بن ده‌ریا بۆ هه‌ڵکه‌ندووه‌.

له‌هه‌رکۆڵان و شه‌قامێکیدا دوکان و مارکێتی بچوک و که‌مێ گه‌وره‌ی جلوبه‌رگ و ده‌مامک و متومورو و خواردنگه‌ ده‌بینی. به‌نێوبانگترین مارکه‌ی وه‌کو گۆجی و پرادا و ڤێرساچێ و ڤالێنتینۆی لێیه‌، به‌رزی ‌نرخی کاڵاکانیان سه‌رسووڕهێنه‌ره‌، له‌کێشی خه‌ڵکی نۆرماڵدا نییه‌، ته‌نها ملیۆنه‌ر و ئه‌ستێره‌کانی سینه‌ما ده‌توانن بیان کڕن!
گه‌شتیاران له‌هه‌رچوارده‌وری جیهانه‌وه‌، ڕووی تێده‌که‌ن، سیما و ڕه‌نگ و ڕووی جۆراجۆری ده‌بینرێت، هه‌رگیز گه‌شتیاری لێنابڕێت، به‌تایبه‌تی له‌چه‌ند مانگی هاویندا.

له‌زستاناندا زۆر جار ئاوی ده‌ریا به‌رز ده‌بێته‌وه، تا ئاستێکی دیاریکراو، ئاو ده‌چێته‌ مارکێت و دوکانه‌کانه‌وه‌، خاوه‌ن و کارمه‌ندان ئاسایی کاسبی خۆیان تێک ناده‌ن، ئه‌وان و گه‌شتیاران به‌جۆره‌ جزمه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه‌ خه‌ریکی کار و گه‌ڕانی خۆیان ده‌بن، بۆ ئه‌و کاته‌نه‌ له‌چه‌ند شوێندا گه‌ر پێویست بێت، کورسی تایبه‌تی ئاماده و دانراوه‌‌ بۆ هاتووچۆکردن به‌سه‌ریدا.

گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت هه‌موو ئه‌و شوێنه،‌ ببینێت، بێگومان چه‌ند ڕۆژی گه‌ره‌که‌. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو ئه‌م شوێنه‌ له‌کۆتایی مانگی یه‌ک و سه‌ره‌تای مانگی دووی هه‌موو ساڵێک که‌رناڤاڵێک به‌ناوی ده‌مامکه‌وه‌ تیاساز ده‌کرێت. نه‌ریتێکی کۆنی ئاینییه‌، تا ئێستا به‌رده‌وامه‌‌، خه‌ڵک له‌و کاته‌دا ده‌مووچاوی خۆ و لاشه‌یان به‌عه‌بای ڕه‌ش یان ره‌نگی تر یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی دڵخوازی خۆیان ده‌گۆڕن و ده‌شارنه‌وه، ناسینه‌وه‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ دوکانی ده‌مامک چێکردن زۆر ده‌بینرێت و ده‌مامکی جۆراوجۆر و هه‌مه‌قه‌باره‌ ده‌بینرێت. له‌نێو ئه‌و هه‌موو دوکانانه‌دا دوانیان ته‌نها خاوه‌نه‌کانیان کوردی شاری هه‌ولێر بوون. هه‌وروه‌ها له‌نێو سه‌ده‌ها چێشتخانه‌دا، شه‌ش چێشتخانه‌ی پیتزه‌ی لێیه‌، خاوه‌نه‌کانیان کورد بوون.

که‌سایه‌تی به‌ناوبانگی وه‌ک کازانۆڤا که‌ ڕاوچییه‌کی سه‌رسووڕهینه‌ری ژنانه‌، خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ بووه‌. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شاری ڤینیسیا زۆره‌، به‌تایبه‌تی له‌هونه‌ری حه‌وته‌مدا؛ به‌رجه‌سته‌ترینیان فلیمی ئێکشن و سیخوری جیمس بۆنده‌، ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ له‌نێو کۆڵانه‌ ته‌سک و تروسکه‌ ئاوییه‌کانیدا ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانیدا؛ خه‌ریکی راکه‌ڕاک و سه‌رچڵییه‌کانێتی.
نووسه‌ری به‌نێوبانگی ئینگڵاندی ولیام شکسپیر تێکستێکی شانۆیی به‌ ناوی بازرگانی ڤینیسیاوه‌ هه‌یه‌، کراوه‌ به‌کوردی و له‌سه‌ر شانۆی شاری سله‌یمانی له‌ساڵانی حه‌فتاکانی چه‌رخی ڕابردوو نمایشکراوه.‌

ئاماری دانیشتوانی شاری ڤینیسیا به‌هه‌ردوو به‌شه‌که‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌قه‌زا و ناحییه‌کانییه‌وه‌ نزیکی 800 هه‌زار که‌سه‌‌

ئه‌م وڵاته‌، کاری په‌یکه‌ر و کۆڵین هێنده‌ تێیدا ڕیشه‌داره‌، هه‌ر که‌سێک بیانی به‌ئاسانی هه‌ستی پێده‌کات، له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌ و ته‌نانه‌ت باخچه‌ و ... په‌یکه‌ری جۆراوجۆری مرۆڤ و بوونه‌وه‌ری تر کۆنی وڵاته‌که‌ ده‌بینرێت. هه‌ر شارێکی پڕه‌ له‌پاشماوه‌ی کۆن، وڵاته‌که‌ وه‌ک ده‌ڵێن مۆزه‌خانه‌یه‌کی کراوه‌ی گه‌وره‌یه‌!
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌و ماڵانه‌ی که‌ سه‌ربه‌خۆ و زه‌مینییه‌، زۆربه‌ر زۆری ده‌رگاکانی به‌ریمۆنت کۆنترۆڵ ده‌کرێته‌وه‌.

وڵاتێکی پڕ ناکۆکی و دژ به‌یه‌که‌کانه‌، خوارووه‌ی وڵاته‌که‌ هه‌ر زۆر دواکه‌وتووه‌، وه‌ک ده‌ڵێن خه‌ڵکه‌که‌ی نه‌پاره‌ی کاره‌با ده‌ده‌ن نه‌ ئاو و نه‌ باج و نه‌ هیچ ده‌ده‌ن! به‌بنکه‌ی گروپه‌کانی مافیا داده‌نرێت. سه‌رۆکی ‌ پارتی یه‌کگرتوو لێگه‌ لۆمباردا، پارتێکی ڕاست و ئه‌نتی په‌ناهه‌نده‌یه‌، به‌شدارن له‌حکومه‌تدا، گوتویه‌تی: ئێمه‌ ده‌یکه‌ین و ئه‌وان ده‌یخۆن!

بێرله‌سکۆنی، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستا، وه‌ک باسی ده‌که‌ن مووی سه‌ریان بۆ ڕوواندۆته‌وه‌، که‌ دیقه‌تی ده‌ده‌ی زیاتر له‌مۆمیاکراو ده‌چێت، هه‌موو ده‌موو چاوی چاک کراوه‌ و به‌رده‌وام چاکده‌کرێت، به‌یه‌کێ له‌هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئیتالیا داده‌نرێت. بۆ هه‌ر چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فیزیۆنی یه‌ک کاتژمێر له‌ژووری میکیاجدا خه‌ریکی ده‌بن، بۆ دانیشتنیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورته‌باڵایه‌، ده‌بێت کورسییه‌کی وای بۆ دابنێن که‌ ئه‌و عه‌یبه‌ی داپۆشێت!

له‌وڵاتێکی پیشه‌سازی گه‌وره‌ی وه‌ک ئیتالیا، پارتی کۆمۆنیستی تیا به‌هێزه‌ و به‌شدارن له‌حکومه‌تدا! وه‌ختی خۆی ئه‌لویه‌ی سوور په‌یدا بوو، سه‌ره‌ک کۆماریان رفاند و کوشتیان، بێ ئه‌وه‌ی بتوانن بیانگرن!

له‌وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ری سه‌ره‌کی ڤینیسیا و له‌یه‌کێ له‌ده‌روازه‌کانی به‌ بۆیاخی په‌مپ و به‌ره‌نگی ڕه‌ش، سومبولی کۆمۆنیستان، داسوچه‌کوش و ئه‌ستێره‌ و دێڕێک نووسینم بینی، هه‌وڵمدا بزانم ئه‌و دێره‌ مانای چی؟ به‌هۆی سه‌رقالییه‌وه‌ بیرم چوو! ڕێک سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسم وه‌بیرهاته‌وه‌ که‌ ڕێکخستنه‌ نهێنییه‌کانی ناوشاری سه‌ر به‌هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ جۆراوجۆره‌کانی له‌سه‌ر دیوار به‌شه‌و دروشمیان ده‌نووسی.

مللیه‌ته‌که‌ی گه‌رموگوره‌ و زۆربڵێن ، فێڵاوین و زووربه‌یان موو ڕه‌شن، ژنیان ناشیرین و پیاویان قۆز و که‌پوو زلن!

سه‌رما و به‌فرمان له‌گه‌ڵ خۆدا برد، دواهه‌مین ڕۆژی ساڵ به‌فر باری، هه‌ر که‌به‌فریش ده‌بارێت کێشه‌ی هاتووچۆ زیاد ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئۆتۆمبیل لێخوڕین، گران ده‌بێت، وه‌ک فینلاند، تایه ‌گۆڕینی زستان و هاوینه‌ نییه.‌ بێجگه‌ له‌شه‌قامه‌ گه‌وره‌ و ئۆتۆبانه‌کان، ئه‌وانی ناوخۆی شاره‌کان پاک ناکرێنه‌وه‌‌ و زیخ ڕشتن نییه‌!

به‌مه‌به‌ستی چوون بۆ شاری میلانۆ که‌ نزیکی سێ کاتژمێر له‌ شاری ڤینیسیاوه‌ دووره‌، نزیکی پێنج ملیۆن که‌سی تیا ده‌ژی. به‌یانی پێنج له‌خه‌و هه‌ڵساین، به‌ئۆتۆمبل چووینه‌ وێستگه‌ی سه‌ره‌کی شه‌مه‌نه‌فه‌ر، دیاره‌ ئه‌م چوونه‌ له‌سه‌ر داوای یه‌کێکمان بوو، چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئاره‌زووی بینینی ئه‌و شاره‌ی درکاند، هاوکات و ده‌بوایه‌ ژنی خانه‌خوێکه‌مان فیزه‌ی تورکیای وه‌ربگرتایه‌، قونسولیه‌تیه‌تیش له‌وێ هه‌بوو، بۆیه‌ بووه‌، هه‌م زیاره‌ت هه‌م تجاره‌ت.
به‌یانیان، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی فریای سه‌رکار بکه‌ون، شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌ خێراکان ئاماده‌ن و نرخی سه‌رکه‌وتن گرانتره‌، فارگۆنه‌که‌مان‌ زۆر سارد بوو! له‌هه‌ردوو سه‌ر تێبینیم کرد له‌وێستگاکاندا و له‌کۆنترۆڵه‌وه‌ ڕانه‌ده‌گه‌یه‌نرا که‌ گه‌یشتینه‌ فڵان وێستگه‌یه‌، سه‌رنشینه‌کان ده‌بوایه‌ خۆیان بیانزانیایه‌ له‌کوێ داده‌به‌زن! به‌ڵام له‌فارگۆنی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌‌ هه‌بوو!

دوای گه‌یشتن سه‌رمان ته‌قی به‌سه‌ری شارێک له‌ترازێکی بیناسازی زۆر جیاوازتر، وێستگه‌که‌ زه‌به‌لاح بوو، به‌پێ به‌ره‌و قونسولیه‌ت چووین. تا وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵام که‌ نزیکی پێنج ده‌مژێری گه‌ره‌ک بوو، ده‌بوایه‌ خۆمان خه‌ریک بکردایه‌؛ له‌گۆره‌پانێکی فره‌ گه‌وره‌دا په‌یکه‌ری ناپلیۆ له‌کاتی سمکۆلانکردنی ئه‌سپه‌که‌یدا، هه‌بوو. له‌وسه‌ری و به‌رامبه‌ری که‌نیسه‌یه‌کی گه‌وره‌ی گه‌لێ جوانی پڕ نه‌خش و نیگار و په‌یکه‌ر، که‌ به‌یه‌کێ له‌سه‌رسووڕهێنه‌ره‌کان ده‌ژمێررێت، ناوی دۆمۆ دیمیلانۆ یه‌، هه‌بوو.

به‌ته‌نیشت که‌نیسه‌که‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر بازار و مارکێته‌ گرنگ و به‌نێوبانگه‌کان هه‌بوون؛ یه‌کێ له‌وانه‌ به‌ناو له‌ریناشینتێ؛یه‌، له‌ ئاپارتمانێکی ده‌ نهۆمیدایه‌، گه‌ر یه‌کێک بیه‌وێ بۆ نموونه‌ پێنووسێکی مارکه‌یه‌کی جیهانی فه‌یک- ته‌قلید نه‌بێت بکڕێت یان له‌شوێنێکی دی بیکرێت، گریمان به‌ یه‌ک ئێرۆ بێت، ئه‌وا لێره‌ به‌ شه‌ش‌ ئێرۆ ده‌یکڕێت، نرخی کاڵاکان ئه‌بله‌قت ده‌که‌ن! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ به‌رنه‌ده‌که‌وت! زووربه‌ی کڕیاره‌کان شیک و پۆشته‌ و به‌رداخ بوون. هه‌ر بۆ فیز نیو سێت که‌وچکی چامان کڕی دوای له‌سه‌دا په‌نجا ته‌نزیلات به‌ 15 ئێرۆ! شاری میلانۆ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ورووپا به‌شاری فاشیۆن و یانه‌ی تۆپی پێ به‌نێوبانگه‌.
------------
بۆ بینینی چه‌ند وێنه‌، تکایه‌ بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌:
http://abas.shiwan.googlepages.com/wenayitalya

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە