کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مه‌سعود بارزانی، له‌درامای ‌دۆڵی گورگاندا چی ده‌کات!؟

Tuesday, 03/02/2009, 12:00


کورد له‌ (‌دۆڵی گورگان - واد الژئاب Kurtlar Vadisi) دا! ناونیشانی نووسینێکی هێژا سلێمان عه‌بدوڵڵا یونسه‌، ڕۆژی دووشەممە، 26 کانونی دووەم 2009 ، له‌یه‌کێ له‌ماڵپه‌ڕه‌کاندا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
مه‌به‌ستی نووسینه‌که‌ وریاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد به‌ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵاته‌وه‌، که‌ له‌شێوه‌یه‌کی نوێ به‌ر هه‌ڵمه‌تی شێواندن ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ویش بواری نواندنی ته‌له‌فیزیۆنییه‌!
دۆڵی گورگان، زنجیره‌ - سریالی ته‌له‌فیزیۆنی تورکییه‌ به‌دۆبلاجی عه‌ره‌بی، تا ئێستا زیاتر له‌ 30 به‌ش- ئه‌لقه‌ی له‌که‌ناڵی ئاسمانی ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌بو زه‌بی یه‌ک، پیشاندراوه‌.
دراماکه‌ ڕاده‌یه‌ک له‌دراما میسرییه‌کان هونه‌ری تره‌، بۆیه‌ بینه‌ر زۆر به‌ئاسانی به‌لای خۆدا ڕاده‌کێشێت؛ ده‌مێک دڵداری، ده‌مێک توندوتیژی، ده‌مێک پۆله‌تیکا، ده‌مێکیش سیخوری و نهێنییه‌کانی، وه‌هه‌روه‌ها..
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ماوه‌ی ساڵێک ده‌بێت، که‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌کان سه‌ریان کردۆته‌ سه‌ر ئه‌و سریاڵه‌ تورکیانه‌، پێشه‌بڕکێیانه‌ بۆ پیشاندانیان، یه‌کێکیان ته‌واو نابێت دوانی تر ئاماده و به‌ڕێوه‌‌یه‌.
دیاره‌ له‌نێو ئه‌وانه‌دا تائێستا بێجگه‌ له‌م سریاڵه‌، دانه‌یه‌کی تریان پیشاندا به‌ناوی(بێ شوێن و بێ نیشتمان لا مکان لا وگن)ه‌وه‌، حیکایه‌تی خۆش و ناخۆشی ‌خێزانێکی کوردی باکوری دانیشتووی شاری حه‌سه‌ن کیفی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌ که‌ به‌هۆی دروستکردنی به‌نداوێکه‌وه‌ به‌شێک له‌شاره‌که‌ که‌وتۆته‌ ژێر ئاوه‌وه‌.
ئه‌و زنجیرانه‌ بێجگه‌ له‌دۆڵی گورگان له‌نێو ڕاگه‌یاندنی کوردیدا ده‌نگی نه‌دایه‌وه‌! بۆچی ئه‌مه‌یان قسه‌وباسی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوی کورد به‌گشتی و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکرده‌کانی به‌خراپ و ناشیرین ناو ده‌هێنرێن!
سه‌ره‌تا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌رێم مه‌سه‌له‌که‌ی وروژاند، له‌ڕێگای بالیۆزخانه‌ی عێراق له‌ئیماراته‌وه‌ یاداشتنامه‌یه‌کیان به‌که‌ناڵی ناوبراو داوه‌، تێدا داوا کراوه‌‌ په‌خشی ئه‌و سریاله‌ ڕابگیرێت.
چه‌ند به‌شێک له‌ یاداشتنامه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم:
لە 4/1/2009 وەزارەتی رۆشنبیری نووسراوێكی فەرمی بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ناردووە كە ئەوان لە رێگەی خۆیانەوە ئاگاداری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیمارات بكەن بۆ راگرتنی زنجیرە درامای (واد الژئاب) كە لە كەناڵی ئاسمانیی ئەبوزەبی پەخشدەكرێت.
ئەم درامایە لەلایەن میتی توركییەوە دەركراوە و دواتر لە رێگەی هەواڵگری سوریا لە توركیاوە دۆبلاج كراوەتە سەر زمانی عەرەبی لە دژی گەلی كورد و برینداركردنی هەستی تاكی كوردی دانراوە تا لە كەناڵە عەرەبییە ئاسمانییەكان پەخش بكرێت.
رووداوەكانی (واد الژئاب) باسی ئەوە دەكات كە میتەكانی توركیا دێنە كوردستانی عێراق و ئیهانە بە رەمز و هێماكان و سەركردەكانی كورد دەكەن، ئەمەش پڕیەتی لە تەشهیركردن بە كورد، بۆیە داوا دەكەین بەپەلە دراماكە رابگیرێت.
ئەم جۆرە كارانە كە لە ژێر سێبەری هونەر و رۆشنبیری دەكرێن، كاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی گەلان و پاراستنی كۆدەنگی و ئاشتەوایی.
حکومه‌تی هه‌رێم هه‌قی خۆیه‌تی له‌به‌رانبه‌ر هه‌رکارێک که‌ هه‌وڵی شێواندنی که‌سایه‌تی کورد و ناڕاست پیشاندانی کۆمه‌ڵگای کوردی ڕابوه‌ستێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م کاره‌ جۆرێکه‌ له‌لاسییکردنه‌وه‌ی فڵان وڵاتی عه‌ره‌بی له‌به‌رانبه‌ر فڵان که‌ناڵی سه‌ته‌لایت که‌ ئۆپۆزسیۆنیان ده‌هێننه‌ په‌یڤین و خێرا ئۆفیسه‌کانیان پێداده‌خه‌ن و کارمه‌ندانیان وڵاتبه‌ده‌ر ده‌که‌ن!
ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ کورد له‌عه‌ره‌ب نه‌چێت، ئه‌وا ده‌بێت گه‌ر به‌خراپیش باس کرا به‌لایه‌وه‌ ئاسایی بێت. یان هه‌وڵێک بدات، سه‌مه‌ره‌ دار بێت، وه‌ک ده‌بینن سه‌ره‌رای ئه‌و ناره‌زایه‌تییه‌، سریاله‌که‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌! کورد له‌چییه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌ر چی! تا له‌شاخ بووین خواخوامان بوو، له‌کونه‌ده‌رزییه‌که‌وه‌ باسمان بکه‌ن، پێی ده‌گه‌شاینه‌وه‌، خۆشحاڵی ده‌کردین، که‌چی ئێستا ڕۆژانه‌ نه‌ک له‌سه‌رزاری ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندین، به‌ڵکوو وامان لیهاتووه‌ له‌نیو هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتیشدا ره‌نگمان داوه‌ته‌وه‌، به‌هه‌ردوو دیوه‌ خراپ باشه‌که‌ی، که‌چی ته‌نگه‌ ده‌مان گرێت، به‌هزری کراوه‌وه‌ وه‌ریناگرین و ده‌مانه‌وێت هه‌ر به‌باش باسمان بکرێت!

له‌ئه‌لقه‌ی 22 دا، ژماره‌یه‌ک مافیا له‌گه‌ڵ خاوه‌ن بانکێک گفتوگۆیانه‌، له‌نێو قسه‌کانیاندا باسی له‌دانانی بانکێکی نوێ ده‌کرێت که‌ پشکی ئیسرائیلی تێدایه‌، هاوکات وه‌ک یه‌کێک له‌خاوه‌ن پشکه‌کان ناوی سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی ده‌برێت!باوکی ره‌حمه‌تی مه‌لا مسته‌فا به‌پیاوێکی باش ناو ده‌بات، به‌ڵام بۆ کوڕه‌که‌ی هه‌رچه‌ند حه‌زی پێ ناکه‌ن، به‌س به‌بیانوه‌ی ئه‌وه‌ی کاره‌که‌ بزنسه‌، بزنسیش له‌شته‌کانی دی جیاوازه تره‌‌، هه‌قی به‌سه‌ر ناکۆکییه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ نییه‌. 2009.2.1
------------
-: تێکستی یاداشته‌که‌ حکومه‌تی هه‌رێم، له‌لاپه‌ڕه‌ یه‌کی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕاپۆرت، ژماره‌ 564 ، ڕۆژی 8ی کانوونی دووه‌می 2009 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. یان ئه‌م کلیکی به‌سته‌ره‌:
http://www.kurdistanreport.com/detail.aspx?page=articles&c=news&id=19904
-: بۆ بینینی به‌سته‌ری هه‌لقه‌ی 22 ، تکایه‌ کلیکی ئه‌م به‌سته‌ره‌ بکه‌:
http://www.sonara.net/parts.php?video_ID=58
کورته‌ زانیاری:
‌دۆڵی گورگان - واد الژئاب Kurtlar Vadisi
2003 به‌رهه‌م هێنراوه‌ و له‌ سێ به‌ش پێکهاتووه‌
ده‌رهێنان : Serdar Akar
Mustafa Sevki Dogan
Osman Sinav
سیناریۆ: Raci Sasmaz
Mehmet Turgut
به‌سه‌رهاتی مناڵێک بێسه‌رپه‌نایه‌، ئێستا ئه‌فسه‌ری هه‌واڵگرییه‌، داوای لێده‌کرێت پێدزکه‌ بکاته‌ نیو مافیای تورکییه‌وه‌ که‌ به‌ئه‌نجوومه‌نی گورگان ناوی ده‌رکردووه‌.
Necati ŞAŞMAZ ئه‌و ڕۆڵه‌ کایه‌ ده‌کات، گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم کوردی باکوره‌.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە