ئای چەند ئاسانە، كە دەڵێین پەكەكە تیرۆریستە
Friday, 01/05/2009, 12:00
لهتوركییهوه، هوشیار حسێن برایم و ساڵح سینۆ : ئەم روداوەش لەبەر ئەوەی كامێڕای لێبو بینیمان، سەرەڕای ئەوەی كامیراشیان بینیبو هەر وایان كرد.
جا بیر بكەنەوە ئەو گوندانەی كە لەشاخەكاندان یان لە تاكە ماڵەكانن یانیش لە كۆڵانە تەسك و شاراوەكانی نێو شارەكاندان، كامێڕای لێ نییەو هەر خوا خۆی دەزانێ چی بەو خەڵكە دەكەن.
ئەو دیمەنەتان سەیركرد؟
لە دەشتێكی فراوان، 50 تا 60 منداڵ خۆپیشاندانیان دەكرد، منداڵەكان بەردیان هاویشتە ئەو هێزە تایبەتیانەی كە بەچەك و تفاقی گرانی سەربازییەوە دەچون بۆ دامركاندنەوەیان.
ئەگەر قەت ئەو هێزە نەچوبا بۆ ئەوێ چی دەبو.
ئەو منداڵانە هەندێك هەراو قیژە قیژیان دەكردو بڵاوەیان لێدەكرد.
ئاخر ئەوانە منداڵی سێزدە چواردە ساڵی بون و ئەو شوێنەی خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا چۆڵەوانییەك بو.
نا، نابێت منداڵی كوردان خۆپیشاندان بكەن و لەو دەشتە هات و هاوار بكەن.
پۆلیس بەئاوی توندو چەك هێرشیان بردە سەر ئەو منداڵانە.
یەكێك لە پۆلیسەكان منداڵێكی چواردە ساڵی لاوازو بەلەنگاز دەگرێت و دەیهاوێتە ژێر پێی، بەنیازی كوشتن بەقۆنداخە تفەنگ دەكەوێتە سەر سەرو گوێلاكی ئەو منداڵە.
هیچ بیانویەك نەبو بۆ لێدانی، تەنیا ئەو قین و نەفرەتە نەبێت كە لەناخی ئەو پۆلیسەدا هەبو بەرامبەر بە كوردان، بۆیە بە قۆنداخە تفەنگ كەوتە گیانی ئەو منداڵە.
لەوەش تراژیدیتر ئەوەبو پۆلیسێكی دیكە دێت و دەستخۆشی لە پۆلیسی یەكەم دەكات.
ئەوە دڕندەیی پۆلیسێك و دوان نییە، بەڵكو دەوڵەت لە كوردستانی توركیا بەمشێوەیەیە.
ئایا گەر دەوڵەتێك لەبەرامبەر خەڵكی ئەو هەرێمە ئەوەندە بە قین و نەفرەت بێت، دەتوانێت ئەو خەڵكە بەڕێوە ببات؟
لەمەش زیاتر بۆچی بەڕێوەی ببات؟
بۆچی توركیا ئەوەندە پێداگیری دەكات بۆ بەڕێوەبردنی ئەو خەڵكە؟
گەر ئێوە منداڵەكانیان ئاوا لەگەڵ زەوی بكەن بەیەك و بەقۆنداخە تفەنگ سەریان وردو خاش بكەن و هێندە بەدوژمنیان دەبینن، چۆن دەتوانن لەسەر خاكی ئەوان بمێننەوە؟
ئەوەی سەیری ئەو دیمەنەی كردبێت راستەوخۆ دیمەنی ئەو سەربازە ئیسرائیلیانەی بەبیر دێتەوە كە چۆن منداڵێكی فەلەستینیان گرت و بە ئەنقەست دەستیان دو پارچە كرد.
ئەو دیمەنانەمان بیر دەكەوێتەوە كە چۆن ئینگلیزەكان دەستڕێژیان لەخەڵكی هیندستان كرد بۆ ئەوەی نەهێڵن خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
ئەو دەوڵەتە كوردەكان بە هی خۆی نازانێت.
هەر بۆیەشە وەك هێزێكی داگیركەر جموجۆڵ دەكات لەو هەرێمەدا.
مرۆڤەكانیان دەكوژێت و دەیانخاتە ناو بیرەكان، گوندەكان دەسوتێنێت، زیندانەكان پڕ لە گەورەو بچوك دەكات.
ئێستا كە لەهەمو كاتەكان زیاتر لە ئاشتی و ئارامی نزیك بوینەتەوە، هەڵدەستن سەری منداڵەكان وردو خاش دەكەن.
ئەم روداوەش لەبەر ئەوەی كامێڕای لێبو بینیمان، سەرەڕای ئەوەی كامیراشیان بینیبو هەر وایان كرد.
جا بیر بكەنەوە ئەو گوندانەی كە لەشاخەكاندان یان لە تاكە ماڵەكانن یان لە كۆڵانە تەسك و شاراوەكانی نێو شارەكاندان، كامێڕای لێ نییەو هەر خوا دەزانێ چی بەو خەڵكە دەكەن.
ئەگەر ئەوان وایان لە ئێوە كردبا، سەری منداڵەكانتانیان بە قۆنداخە تفەنگ پانكردبایەوە، چیتان دەكرد؟
كێ ئەو مرۆڤانە بپارێزێ؟
ئێستا تێدەگەن ئەو شەڕە 25 ساڵە بۆچی بەردەوامە؟
ئایا تێدەگەن ئەو منداڵە كوردانەی سەرەڕای ئەوەی دەشزانن دەمرن، بۆچی بەشاخەكاندا هەڵدەگەڕێن؟
ئەگەر دەرنەكەون و بەشاخەكاندا هەڵنەگەڕێن چی بكەن؟
ئەگەر ئێوە گیان و ناموس و منداڵەكانیان نەپارێزن و گرەنتی نەكەن، ئەی ئەوانە بەكێ باوەڕ بكەن و پشتی خۆیان بەچی ببەستن؟
بێگومان بەشاخەكان هەڵدەگەڕێن و پشتی پێدەبەستن.
سیاسەتمەدارو رۆژنامەنوسان دەڵێن: پەكەكە تیرۆریستە.
هەركەس و منیش لەگەڵیاندا دەڵێین: با پەكەكە كۆتایی بەشەڕ بێنێت.
دیارە گوتنی (پەكەكە تیرۆریستە) زۆر ئاسانە.
باشە كاتێك كە (ژیتەم)* لەپشت سەرەوە مرۆڤەكان دەكوژێت، چییە؟
ئەو هێزە تایبەتانەی دەوڵەت، كاتێك بە قۆنداخی تفەنگەكانیان سەری منداڵانی كورد پان دەكەنەوە، چین؟
باشە ئەوەی دەیكەن، تیرۆر نییە؟
تۆ ئەگەر منداڵ و ژن نەناسیت و تیرۆریان بكەین، ئەو خەڵكە چی بكەن؟
ئەو مرۆڤانە چۆن خۆیان بپارێزن؟
دە وەرن ئەوەم پێ بڵێن.
پێم بڵێن ئەو مرۆڤانە چۆن خۆیان و ژن و منداڵەكانیان بپارێزن؟
گەر تۆ ئەو خەڵكە هەموی بەدوژمن بزانیت و گوندەكانیان بسوتێنیت و ژنەكانیان هەتك بكەیت و پیاوەكانیان بخەیتە زیندان و سەری منداڵەكانیشیان پان بكەیتەوە، ئەوا ئەو خەڵكە دەچنە سەر شاخەكان، سەریش كەوتن.
پاشان دێیت و بەساڵان شەڕیان دەكەیت و دەبیتە هۆكاری كوشتنی زیاتریش.
كە دیمەنەكەم لە تیڤی بینی ئەو دڕندەییە تۆقێنەرەو دەستخۆشییەی پۆلیسم بەچاوی خۆم بینی، بیرم كردەوە، كە دەوڵەت هیچ ناتوانێت ئەو هەرێمە بەڕێوە ببات و تەنانەت مافی ئەوەشی نییە بەڕێوەی ببات.
تۆ دەچیتە ئەوێ و پێیان دەڵێیت من دەوڵەتی ئێوەم، باشە ئەمەیە دەوڵەتی ئەوان؟
سەربازە چەكدارەكانتان لەو شارانەی كە لە سەدا نەوەدیان كوردن، دروشمی من توركم دەڵێنەوە.
پەیامیان پێدەدەن كە بەچەك دەتانپڵیشێنینەوە، ئەوەیە دەوڵەتی ئەوان؟
ئەو دەوڵەتە چی دەوێت؟ شەڕی دەوێت یان ئاشتی؟
ئەگەر تۆ زوڵم لەهەمو كەسێك بكەیت، قەد ناتوانیت لەو شەڕە سەر بكەویت، لەمێژوشدا كەس بەو شێوەیە سەرنەكەوتوە.
تۆ دەتوانیت بەسەر سوپایەكدا سەربكەویت، بەڵام هەرگیز ناتوانیت لەبەرامبەر كۆمەڵانی خەڵكدا سەركەوتن بەدەست بێنیت.
ئاشتیتان دەوێت، ئاشتی بە پانكردنەوەی سەری منداڵان بەدی نایەت.
زاڵمەكان نە لەشەڕدا سەردەكەون و نە لە ئاشتیدا.
ئەو منداڵەم بینی كە چۆن بە قۆنداخە تفەنگ لەسەری درا.
ئەو خاكە تۆ ببیتە خاوەنی چییە؟ نەبیتە خاوەنی چییە؟
تەنانەت ببیتە خاوەنی ئەو خاكەش، خەڵكەكە نابێتە هی تۆ.
كێ سەری منداڵەكان نەشكێنێ و ئازاریان نەداو نەیانداتە بەر قۆنداخە تفەنگ، لەجیاتی ئەوە لەگەڵیان پێ بكەنێت و یاریان لەگەڵدا بكات، ئەو خەڵكە دەبێتە هی ئەو.
ئەو كاتە نەترسێ و پڕ بەدڵی خۆت بڵێ بەسەدان ساڵە ئەو خاكە ناوی كوردستانە.
لەگەڵ منداڵەكان دانیشەو گۆرانی بڵێ، شیعری ئەحمەد عارفیان بۆ بخوێنەوە.
* ژیتەم: دەزگای هەواڵگری سەر بە سەرۆكایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی جەندرمە، ئەو دەزگایە ناوبانگێكی زۆر شومی هەیە لەناو كوردەكانی باكوری كوردستان، چونكە لەكوشتنی هەزاران خەڵكی بێتاوانی كورد بەرپرسیارە.
سهرچاوه: رۆژنامەی(تەرەف)
لهسایتی سبهی وهرگیراوه
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست