جەنابى وەزیرى ناوخۆ ئەگەر دڵسۆزى میللەتن كەرەمكەن تەماشاكەن
Wednesday, 19/01/2011, 12:00
سەرەتا من پێمخۆشە بەعەقڵیەتێكى موخابەراتیەوە لەم پەیامەمان نەڕوانیت و پێت وانەبێ كە وتەى كەسێكى خائن و دوژمنى پارتیە لەبەرئەوەى لەكوردستانپۆستەوە بڵاودەكرێتەوە ، باشە بێ چەواشەكردن و خەڵەتانى خود جەنابتان پێم بڵێن ئەگەر سەكۆى كوردستانپۆست نەبێ لەكامە مینبەرەوە ئێمەى بێدەسەڵات ئاخاوتنتان لەتەكدا بكەین ؟! بێ خۆڵكردنەچاو ئەگەر بمانەوێ مەعالیتان ببینین ئەوا ئەشێ چوار ساڵ چاوەڕێ كەین ئەوكات ناشتانبینین چونكە وەك بەرپرسێكى خۆماڵى ئێوە دەرگاكەتان لەسەرپشت نیە بۆ ئەفسەران بەڵكە ئەسڵەن لەپرسگەكەوە قەدەغەتان كردووە ئەفسەر بێتە وەزارەت ئیتر پێمان ناڵێن چۆن دەنگنمان بگاتە جەنابتان ؟! پاشتر بەڕێزتان پەلەمەكەن لەحوكمدان بەسەر وەلائو هەڵوێستما هیچ نەبێ دەرفەتێكمان بدەنێ قسەیەك بكەین بەڵكە تەسادوفەن ئێمە راستگۆین و قسەیەكى حەق لەزەمەنى ناحەقیدا ئەكەین ! بەڵكە ئەوەى دەیڵێین وایە !! .
لەسەردەمى پادشایەتیدا سعید قەزاز كەكوردێكى لەدایكبووى سلێمانى بوو دواهەمین وەزیرى ناوخۆى ئەو رژێمە بوو ، وەزیرى ناوخۆ بوو بەهەرچى مەعنا هەیە لە كەلیمەدا ، .. خاوەن كەسایەتیەكى بەهێز .. دەست و داوێنپاك .. گرنگترین شتیش فەرق و فروقی نەدەكرد لەنێوان عەلى و مەحمودا ، تەنانەت تاكە بەرپرسى رژێمى پادشایەتى بوو كە لە دادگاكەى مەهداویدا وەكو شێر بەگژ ناعەدالەتى ئەودا چۆوە و رسواى كرد ، هەروەها رۆژى لەسێدارەدانى وتەى بەناوبانگەى وت لەژێر پەتى سێدارەدا كە چۆن پێڵاوەكەى لەكەللە سەرى جەللادەكانى بەرزتردەبێت ، ئەشێ ئێوە وەك وەزیرى ناوخۆ خۆتان بە نموونە و قوتابخانە بزانن بەجۆرێ كە نەكەس پێش ئێوە و نەكەسیش پاش ئێوە باشتر و دڵسۆزتر دەبێت ، بەڵام ئایا مێژوو كە خاوەن دوا وتەیە لەمبارەیەوە وائەڵێ !!! ، نزیكەى چوار ساڵ عوسمانى حاجى مەحموود وەزیرى ناوخۆى ئیدارەى سلێمانى بوو ، چوار هەزار ساڵى تر سلێمانى بگەڕێیت كەسێك نیە قسەیەكى خێر لەسەر ئەم پیاوە بكات ، ئەسڵەن بەفەرق و فروقە زۆر زەقەكانى .. بەناعەدالەتى و یەك چاو تەماشانەكردنى بۆ ئەفسەرەكان یەك پیت مێژووى بۆخۆى تۆمارنەكرد لە لەنگى و شورەیى زیاتر ، مع العلم ئەیتوانى پرشنگدارتین مێژووش بۆخۆى تۆماربكاتن .
جەنابى وەزیرى ناوخۆ من زۆر زۆر زۆر بەكوورتى ئاماژە بەچەند تەوەرەیەك ئەدەم و خەو بەوەوە ئەبینم كە بەویژدانەوە لێكۆڵینەوەى تیا بكەى لەگەڵ هەموو گومانەكانما ، باشە گوایا بەرێزتان دەسەڵاتى ئەوەتان نیە كە سووكە زانیارییەك كۆبكەنەوە لەسەر ئامارى ئیفادەكانى ئەفسەران بۆ دەرەوەى وڵات ، تاكو بزانن كام جۆرە ستەم و دەریایەك لەگەندەڵى لەمڕوەوە بەجۆرى كارەسات روویداوە ؟ ئەى گوایا ئێوە وەزیرى چین ؟ وەزیرى هەر قات و ریبات بەستن و مۆڕەكردن نیە لەم و لەو ، خەڵك چاوى كراوەتەوە و قسە ئەكات و شەرم ناكات ، چ رەواى حەقە ئەفسەر هەبێ دەجار و بیست جار رەوانەى دەرەوە بكرێت و ئیستاش سەرەى گرتبێت بەڵام ئەفسەر هەبێت ئیستاش لە سنوورى هەرێم دوورترى نەبینیبێ ؟ ئەى ئەگەر گەندەڵى بووە بە نەریت و شەرعیەتى وەرگرتووە بابزانین ، دەنا تكایە تكایە ئەفسەرەكان بە دەبەنگ و گێل مەزانن ، پاشان ئەو زەمەنە رۆى كەزەلیلانە چاو شۆڕبكەین و نەوێرین پیتێ بڵێین ، وەڵا رسواتان دەكەین .. بیلا دەنگتان پێ نادەین ، تەڵا ئێوەش بەدەردى عوسمانى حاجى مەحمود دەچن ، داهاتى وەزارەتى ناوخۆ سامانى میللەتە و موڵكى حەوشى بابى كەس نەیە ، بەسە فەرق و فروق ، عەمید حەسەن ى وەزارەتى ناوخۆ بەئەسحابە بەس حەسەن نیـــــە ، ئەو بەرپرسى مەلەفى ئیفادەكانە بۆ خارج بۆیە ئەوەى دۆست و ئەحبابى خۆى نەبێ ئەوبەرى نابینێ ، پاشتر عەیب و شورەیى و لەنگیە بەسەر ئیتر ئەو عادەتە قێزەونە كە ئەفسەرەكانى وەزارەتى ناوخۆ و پۆلیسى گشتى وەك فلتەر لەسەرەوە هەموو ئیفادەكان لووش دەدەن و ناهێڵن بگاتە خوارەوە .
جەنابى وەزیرى ناوخۆ ئەگەر هەر لەرووى فیكرى خۆشتەوە بێ ئەوە خیانەتە لەقوتابخانەكەى بارزانى كە ئێوە بەقوتابخانەى عەدالەتى كۆمەڵایەتى دەزانن ، پاشتر ئێمە گەرەكمانە قسەى لووس و ملوەنى ستافى وەزارەت چەواشەت نەكەن چونكە ئاسمان شاهیدە درۆت لەتەك دەكەن ، لیژنەیەكى هاوبەشى بێلایەن پێكبهێنە بۆ وردبینى هەموو تەنەرەكانى وەزارەتى ناوخۆ بزانە چ فەزاحەتێكت بۆ ئاشكرا دەبێت ، بەتایبەتى ئەوانەى پەیوەستە بە پۆلیسى سلێمانى ، تكایە جەنابتان بەس مقدەم سالارى بەشى یاساى وەزارەت مەنعكەن لە دەستێوەردانى و دەورخولدانى تەنەرەكان ئیتر بزانە یەك هەفتە لەهەولێر ئەمێنێتەوە ، بزانە وەزارەتەكەت نابێتە شامى شەریف !!؟ ، ئەوە پاشەڵ و خەلیفەتەكە بەجۆرێ مەرسیدارە گەر بێت وەك خۆى بیناسى بەخوا ناهێڵى یەك سەعات لەوەزارەتى ناوخۆ بێت گەر دونیا كـــــــاول بووە .
تكایە عەدالەت ، رجایە عەدالەت .. عـــــــــەدالــــەت و هیچى تر .. لەگەڵ رێز ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست